هران پایتخت اعدام(١) … مطلب به زبان کردى

“تاران پایتەختی سێدارە” (بە شی یەکەم)

عـــزیز ئاجیکەند

۴٢ ساڵ لەوەپێش، لە یەکەم رۆژەکانی دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، بێدادگا ئیسلامیەکان یەکەم جەلەسەکانی خۆیان لە تاران دەستپێکرد. تیغی تۆڵە سه‌ندنەوەی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی داسپاندنی که‌ش و هه‌وای ترس و دەسەڵاتی وەحشەت لە سەرجەم کۆمەڵگادا و پته‌وکردنی بناغەکانی رژیمێکی توقێنەر کە خەریکی بنیاتنانی بوون، که‌وته‌ کار. یەکەم ئێعدامەکان لە ٢۶ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣۵٧ دەستیان پێکرد. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەرکرد و سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی رژیمی ئیسلامی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دیاری کرا. بەزویی و بەتایبەتی کاتێکی کە خه‌ڵخاڵی جەلاد لە درێژەی مەئموریەتەکەیدا هاته‌ کوردستان، دەرکەوت کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری دەرحەق بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە رژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بەفه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی رژیمه‌ ئیسلامیەکەی، چاوترسێن بکات.

بەم جۆرەو بە بریاری خودی خومەینی دادگا ئیسلامیەکان، لە سەرتاسەری وڵاتدا پێکهاتن. محاکمە کراوەکان وەکیلیان نەبوو، مافی دیفاع لەخۆیان نەبوو و چەند کاتژمێرێک دوای دەرچوونی حوکمەکان، تیرباران یان له‌ سێداره‌ ده‌دران. دە ساڵ دواتر و لەدرێژە ئەم شێوەکارەدا بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ماوەی مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانان لە حاڵێکدا کە زۆربەیان تەنانەت ماوەی مەحکومیەتی خۆیان تەواو کردبوو لە زیندانەکانی رژیمدا ئێعدام کران. خومەینی لە کۆبونەوەی کۆمەڵێک لە ئاخوندە گوێ لەمستەکاندا بە راشکاویەکی کەم وێنە باسی لە سیاسه‌تی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ نەیارانیدا کرد و وتی:

” من ئینقلابی نیم. ئەگەر ئێمە ئینقلابی بوینایە ئیجازەمان نەدەدا ئەوانە خۆ دەرخەن. هەموو حیزبەکانمان قەدەغە دەکرد، هەموو بەرەکانمان قەدەغە دەکرد و یەک حیزبمان ده‌بوو، ئەویش حیزب اللە، حیزبی مەستەزعەفانمان پێکدەهێنا. من تۆبە دەکەم لەو هەڵەیەی کە کردم. ئەوانە دبێ بۆ خاوێن کردنەوەی کۆمەڵگا لەنێو ببرێن. ئەم غودە سەرەتانیانە دەبێ لە کۆمەڵگەدا دروێنە بکرێن و دروێنە کردنیشیان بەوەیە کە ئێعدام بکرێن. ئێمە ئازادیمان دا و هەڵەمان کرد، لەگەڵ ئەم جانەوەرە دڕەندانەدا بە نەرمی هەڵسوکەت بکەین. ئیتر ناهێلین هیچ نووسراوێک لەمانە لە هیچ شوێنێکی وڵاتدا بڵاو بکرێتەوە. هەموو نوسراوەکانیان لەنێودەبەین. دەبێ لەگەڵ ئەمانەدا بەتوندی هەڵسوکەوت بکرێت و بەتوندیش هەڵسوکەت دەکەین. ئەم جەنایەتکارانەی کە گیراون تاوانیان نەخراوەتە پاڵ، بەڵکوو تاوانەکانیان ئاشکرایە. دەبێ تەنیا بەباشی ناسنامه‌یان بسەلمێندرێت و دواتر بکوژرێن. ئەسلەن پێوێست نییە محاکمە بکرێن. هیچ جۆرە ره‌حم پێکردنێکیان لەجێی خۆیدا نییە. ئەگەر ئێمە ئەوان نەکوژین، هەرکامێکیان کە له‌ زیندان بێتەدەرێ دەچێت ئینسان دەکوژێت. بە چەند ساڵ زیندانی کردن کارەکە جۆر نایەت. ئەم عاتفە منداڵانەیە وەلابنێن”.

لە درێژی ئەمجۆرە قسانەدایە کە حەمامی خوێنی رۆژەکانی دوای ڕاپەرین و و چەند مانگ دۆاتر له کوردستان و هەروەها دەیەی شەست لە ئێراندا دەکەوێتە رێ و بەهەزاران ئینسانی شەریف و خەباتکار به‌ هۆی بیر و باوەڕیان، به‌هۆی خەبات بۆ ئامانجی عادڵانە و رەوایان، لە مافی ژیان بێبەش دەکڕێن. لە ساڵەکانی دواتردا ژمارەی قازی شەرعەکان گەلێک زیادی کرد و ژمارەیان لە سەرتاسەری وڵاتدا گەیشتە هەزاران کەس. هەموو ئەمانە تا ئێستاش، لە دڵڕەقی، لە هەلپەره‌ستی، لە گەندەڵی و به‌رتیل خۆری، پێشاوبڕی یەکتری ئەدەنەوە. بۆ ئەوان ئیسلام و شەرع شتێک نییە بێجگە لە ئامرازی پاراستنی پێگەیان و ڕیاکاری لەلای کاربەدەستانی سەرەوە. ئەوان داعشەکانی ئه‌و وڵاته‌ن، کە لە هەمانحاڵدا نوقمی گەندەڵی ماڵی و ئیخلاقیشن. ئه‌مڕۆش هێشتا بنەما سەرەتاییەکانی دادگاکانی رژیم هه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چن. قەزاوەت کردن لەم بێدادگایانەدا، هەروا لەسەر فەتوا و نەزەراتی مەراجعی مەزهەبی وەستاوە.

ژمارەی دەقیقی زیندانیانی سیاسی کە لە ئاوا بێدادگاگه‌لێکدا بەناو محاکەمە و بە مەرگ مەحکوم کراون، دیار نییە. ئەوەی کە مەعلومە باس لە دەیان هەزار کەسە. باس لە کارەساتێکە کە یەکجێ لە ساڵی ١٣۶٧دا سەری لە دەیان هەزار ئینسان ئەدا. زۆر کەس ون بوون و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا شاردرانەوە. تەنیا ئەو رۆژەی کە پەروەندەکانی ئەم جەنایەتە بکرێنەوە، ئاستی راستەقینە و مەترسیداری کارەساتێک کە رژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی ئەم وڵاتەیدا هێناوە، ئاشکرا دەبێت.  حەسەنی رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستەی ئێران یەکێک لە یاران و راوێژکارانی نزیکی رەفسەنجانی و شەخسی خومەینی بووە. حزوری ئەم جەنایەتکارە حیرفەییە و سەرجەم جەنایەتکارانی بەشدار لە کابینەکەی کە سەرجەمیان دەستیان سورە بە رشتنی خۆینی شۆرشگێرانی ناو زیندانەکان،  نیشانی ئەدات کە ئەگەر خەڵک مەجاڵیان پێبدات هەر بەو رێگایەدا دەرۆن کە خومەینی بە کوشتارەکانی دەیەی ۶٠ و بە لووتکە گەیاندنی لە ساڵی ۶٧ دا نیشانی داون. بەڵام مێژوو دەری خستووە کە ئەمجۆرە جەنایەتانە بێ وڵام نامێننەوە.

ئێمە تیدەکۆشین لەم ژومارەیە بەوڵاوە لە سەر ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی هەر لە یەکەم رۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسڵامیەوە بابەت و لیکۆلینەوەمان بیت . بەم کارەش دەمان هەوی هەم ڕیز بگرین لەیادی هەموو زیندانیانی سیاسی لەسێدارەدراو لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسڵامی و هەمیش ڵایەنەگرنگەکان و هۆکارەکانی ئەم جەنایەتە بۆ خۆینەرانمان روون کەینەوە.

کۆمه‌ڵ کوژی زیندانیانی سیاسی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە پاڵ بەساتی زیندان، ئەشکەنجە و باقی شکڵ و شێوازەکانی سەرکوت، سزای ئێعدامی بە شێوەی سیتماتیک و ڕێکخراو بۆ لەنێو بردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتیی و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بەکاری هێناوە.  رژیم هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی خۆیەوە بە ئامانجی دروست کردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەلگادا و بەرگرتن لە ئەگەری هەر ئاخێزێکی جەماوەری دەستی دایە جەنایەتێکی جەنگی وەحشەتناک لە زیندانەکاندا کە هەر ئێستاش ئاسەوار و بەڵگەکانی شاهیدێکی زیندون لە بەرانبەر دڵ ڕەقی و وەحشیگەریەکانی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیدا. رژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لەیەکەمین بەهاری تەمەنی نگریسی خۆێدا دەزگای کوشتار و جەنایەتی خۆی خستەگەرو بە دامەزراندنی هەیئەتەکانی مەرگ و ناردنیان بۆ زیندانەکان ، بە هەزاران زیندانیان بە گەرایشی جۆراوجۆری سیاسیەوە بە جوخەکانی مەرگ سپاردو لە گۆڕە بە کۆمەڵە بێ ناو و نیشانەکاندا شاردیانەوە.

 سەرەتای ئێعدامەکان

سەرەتای ئێعدامەکان لە ڕێبەندانی سالی ١٣۵٧ دەسپێدەکات و تا مانگی ڕەشەمەی سالی ١٣۵٨،  ۴٣٨ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسڵامیدا بە دەستوری خەلخالی بە جوغەی ئێعدام دەسپێردرێن . لە رۆژی ٢٧ی مانگی ڕێبەندانی سالی ١٣۵٧  یەکەمین دەستەی بەرپرسانی پلەبەرزی رژیمی لە ناو چوی شاە کە ژومارەیان ۴ کەس بوو  لە دادگایەکی چەند دەقیقەای دا و بە حوکمی جەلادە بەناو بانگەکەی رژیمی ئیسلامی ” سادق خەلخالی” لە سێدارە دەدڕین.

لە ناسراوترین و بەناو بانگترین ئێعدامەکان کە بەدەستی قەسابکەی کوردوستان جەلادی ناوزڕاو خەڵخالی بەرێوە چوون  دەتوانین ئاماژە بە ٩ تێکۆشەرەکەی مەریوان بکەین کە لە پەیوەند لە گەڵ کۆچی مێژووی شاری مەریوان، لە سێدارە دران.

ئەرتەشی کۆماری ئیسڵامی لە گەلاوێژی سالی  ١٣۵٩ لە دەروازەی شاری، ٩ تێکۆشەری ناسراوی شاری مەریۆان دەسبەسەر دەکات و دواتر بە دەستوری خەلخالی هەر له پادگانی شار و هاوکات له گەڵ ئێعدامەکانی پادگانی سەقز و فرودگای سنە ئێعدام دەکڕێن.

 تورکەمەن سەحــــرا

دوایین ڕۆژه‌کانی زستانی سالی (١٣۵٧) و کاتی هاتنی وه‌رزی به‌هار و ساڵی نویێ (١٣۵٨) ی هەتاوی، ئەوکاتانەی کە خەلکی وەگیان هاتوی ئێران و کوردوستان، داموودەزگای رژیمی شایان تێکەوە پێچاو کۆتاییان بە دەسەلاتی سەرەرۆیانەی ڕژیمی شا هێنا و لە کاتێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تێپەر نەبوو بوو وە ئاوات و خۆزگەکانی کۆمەڵانی خەڵک بە سەڕەنجام نەگیشتبوو، خەلکی زۆڕلێکراو و مافخوازی ( تورکەمەن سەحرا) بەدامەزڕاندنی بنکەو شووراکانی خەڵکی لە بەرانبەر دەسەڵاتدارێیەتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسڵامی ڕاوەستابوون و دەستیان دابۆوە خەبات و تێکۆشانێکی هەمە ڵایەنە پێک هاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە دژی ئەو ڕژیمە.

لە ڵایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ و تەقاڵا دابوو تا بە ئەستاندنەوەی دەسکەوتە شۆرشگێرەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ، بەر بە هەموو شۆرش وئاخێزو جولەیەک بگرێ و هەردەنگێک لەگەروودا کپ کات ونەیارانی خۆی سەرکووت بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەویست و دەیخواست کە دەسبەسەر ئیڕادەی شۆرشگێرانەی خەلک، چ لەکوردوستان و چ لە تورکەمەن سەحراو چ لە هەر گۆشەو کەنارێکی ئێراندا بگڕێ.

کۆماری ئیسڵامی هەر لە سەرەتاوە بە دارشتنی پیلانێکی جنایتکارانەو خۆیناوی و قیزەونەوە، خۆینی چوار کەس لە ڕێبەران و کەسەناسراوەکانی خەباتی رەوای خەلکی (توورکەمەن سەحرا )ی  بە ناوەکانی (شیر محمد درخشندە ناسراو بە تۆماج، عبدوولکریم مختووم، حسین جرجانی و محمد واحیدی) بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ڕشتو و لەئاکامدا زۆر بێبەزیانە ‌هێڕشی کردە سەر خەباتی ڕەوای خەلکی ئەو ناوچەیە.

خەلکی وەگیان هاتووی (توورکەمەن سەحرا ) شێلگیرانەو یکگرتووانە لە بەرانبەر سەرەرۆیەکانی ڕژیمی تازەبەدەسلات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی وەستانەوە و دەستیان دایە خەباتێکی شێلگیرانە.

 کـــوردوستان

ئەستێرە خامۆش ، ئاسمان لە رەنگی خۆڵەمێش پاییزێک بێ رەنگ و زەوێک هیڵاکی زامو ئێش…

رۆژی ٢٨ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣۵٨ی هەتاویدا خومەینی فتوای جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان کرا و تەنات به هێزی دەریاییش فەرمان درا بەرەو کوردستان بێن. له دۆای لەشکەرەوە و به داگیرکردنی شارەکان خەڵخالی که خومەینی دەسەڵاتی ڕەهای پێدابو دەستیکرد به مەحاکمەی سەحرایی و پادگانی. له ماوەی کەمتر له ١٠ ڕۆژ له زیندانی دیزڵئاۆای کرماشان، له پاوە و پادگانەکانی سەقز و مەریۆان و فرودگای سنە دەیان تێکۆشەر و خەڵکی سیوەیل تیرباران کران.

 * لە نیوان سالەکانی ١٣۶٠ تا ١٣۶۴ ” ١۴٧٩۴ ” کەس لەسێدارە دراون  کە زۆربەیان لە سالی ١٣۶٠ رویان داوە.

کۆماری ئیسلامی کە ئێستا و لە ئاکامی روخانی رژیمی شاە دەسەڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو نه‌ک هه‌ر له‌ بیری بینا کردنه‌وه‌ هه‌موو داموده‌زگای ئیداری و سه‌رکوتی ڕژیمی ڕووخاوه‌وه‌ بوو، به‌ڵکوو له‌ هه‌وڵ دا بوو هه‌رچی خێراتر ته‌کلیفی خۆی له‌گه‌ڵ شوڕش و خه‌ڵکیش یه‌ک لا بکاته‌وه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌یکه‌ شوڕش هێشتا به‌ته‌واو له‌ پێ نه‌که‌وتبوو و له‌گه‌لێک له‌ شوێنه‌کان هه‌روا مه‌قاومه‌تی ده‌کرد، شوڕا کرێکارییه‌کان له‌ هه‌وڵی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌یشتن به‌ داخوازییه‌کانیان بوون، له‌حاڵێکدا که‌ دانشگا مه‌یدانی حوزووری به‌هێزی کۆمۆنیسته‌کان بوو، ژنان ڕێکخراو گه‌لی دیفاع له‌ مافی خۆیان پێکهێنابوو، تورکه‌مه‌ن سه‌حرا و به‌ تایبه‌ت کوردستان ببوون به‌ هێمای خۆڕاگری شوڕش، دژە شۆرشیش له‌ قامه‌تی  ئیسلامییدا ماشینی سه‌رکوتی خۆی بۆ کوشتار ئاماده‌ ده‌کرد. ئه‌و ماشینه‌ سه‌رئه‌نجام له‌ ٣٠ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶٠دا  بۆ جارێکی تر که‌وتەوە‌ حه‌ره‌که‌ت. ڕۆژانه‌ به‌ سه‌دان که‌س له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌ زیندانه‌کاندا لە سێدارە  ده‌دران. به‌مجۆره‌ جۆزه‌ردانی ١٣۶٠ نیشانه‌ی کۆتایی سه‌رده‌مێک و ده‌ستپێکردنی ده‌وره‌یه‌کی نوێ بوو. ئه‌گه‌ر ڕژیمی شا نه‌یتوانی بوو شوڕشی ئێران سه‌رکوت بکات، ئه‌م ئه‌رکه‌ که‌وته‌ سه‌ر شانی خۆمەینی جەڵادو له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶٠دا لەگەڵ جەڵادەکانی هاوبیری به‌ئه‌نجامیان گه‌یاند. بگیرو ببه‌نده‌کان وه‌کوو سێلاوێک ده‌ستیان پێ کرد.

ناوی تیره‌باران کراوه‌کان هه‌موو ڕۆژێک ده‌هاته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان و شاشه‌ی تیلوێزیۆنه‌کان. ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه‌ وه‌ها بوو که‌ توانایی به‌رگری له‌ کۆمه‌ڵگا ستاندبووه‌وه‌. بەرێوەبەرانی ئەم حەرەکەتە دەیان ووت و هاواریان دەکرد کە بۆ پارێزگاری لە دەسەلات و سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسڵامی لە ئێران ، لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوەو هیچ به‌ربه‌ستێکی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز بە ڵای ئێمەوە وجوودی نیە و هەر کەسێک دژمان بوەستێتەوە دەبێ تاوانی خۆی بدات و لەناو بچێ . به‌م جۆره‌ بوو که‌ ڕژیمی ئیسلامیی خۆی بە سەر هەموو ئێراندا داسەپاند.

هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و کوشتاره‌ خوێناوییه‌ جگە لە لێدانی تەپڵی شەڕ لە گەل دەوڵەتی عێراق ، ده‌یان هه‌زار که‌سیش که‌وتنه‌ زیندان که‌ به‌شێکی زۆریان له‌ جه‌ریان قه‌تل و عامی زیندانیان له‌ ساڵی ۶٧دا له‌سێداره‌ دران. هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن که‌ ده‌یه‌ی ۶٠ یه‌کێک له‌ تاریکترین و خوێناوی ترین سه‌رده‌مه‌کانی مێژووی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه‌. ئاستی وه‌حشه‌تناکی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ پێویست ده‌کات که‌ کۆمه‌ڵگا دوای زیاتر له‌ چل و دوو ساڵیش جارێکی دیکه‌ پێدا بچێته‌وه‌ و ئه‌وه‌یکه‌ له‌ قووڵای ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا شکڵی گرتبوو بێنێته‌وه‌ بەرچاوی خۆی و هەموو کۆمەڵگا.

ســـنــە

هەر دۆابەدۆای داگیرکردنی شاری سنە پاش شەڕی مەقاومەتی ٢۴ ڕۆژەیە قارەمانانەی ئەم شارە، جەلادانی رژیم بۆ تەڵەسەندنەوەی خێرایی دوو کادری پزیشکی و دەرمانی ئەم مەقاومەتەیان تیرباران کرد. خانم باوەفا که له شەڕی خۆڕاگری رئیسی نەخۆشخانەی سنە بو و مەستورە ئەردەڵان که خۆبەخشانە له دەستەی ئیمداد و دەرمانی خەڵکی کاری کردبو، چەن ڕۆژ دۆای داگیرکردنی شار تیرباران کران.

سێ مانگ دۆاتر هەر له زیندانی سنە شەهلا و نەسرینی کەعبی که ئەونیش کادری پزیشکی و دەرمانی له نەخۆشخانەی سەقز بون، پێکەوە له مانگی خەرمانانی ١٣۵٩ تیرباران کران.

 مـــەریوان

بەرە بەیانی رۆژی ٨ی مانگی گەڵاوێژی سالی ١٣۶٠ هەواڵێکی دلتەزێنی تر بە کوچەو کۆڵانی کوردوستاندا گەرا. هەواڵەکە یەکجار کوورت بوو بەڵام بەراستی دڵتەزین بوو. خەڵخاڵی کە لەناو کۆمەڵانی خەلکی کوردوستان بە قەسابەکەی کوردوستان دەناسرا ئەمجارەیان بریاری لەسێدارەدانی چەندین رۆڵەی تری کوردی دەرکردبوو. زیندانی تەورێز کە ماوەیەک بوو میوانداری ئەورۆڵانەی کوردی دەکرد، بەرەبەیانی ئەورۆژە بوو بە ئاخرین رۆژی ژیانی ئوپۆلە قارەمانە. لە ٨ی مانگی گەڵاوێژ هاوڕیان ماجیدو ئەمجەد موستەفا سولتانی هاوڕێ لەگەڵ هوشەنگ تەوحیدی و ئیسماعیل یەگانەدوست تیرەباران کران. ئەو روداوە سەرەتای دەسپێکردنی هێرشی جەڵادانی پایتەختی سێدارە بۆ سەر کوردوستان بوو.

مـــەهاباد

١٢ی مانگی جۆزه‌ردانی سالی ١٣۶٢ یەکێکی تر لەو ڕۆژانەیە کەوه‌ک ڕۆژانی خوێناوی لە مێـــژوی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە کوردوستان، یادی لێده‌کرێ. له‌ وه‌ها ڕۆژێکدا بوو که‌ کوشتاری به‌ کۆمه‌ڵی ۵٩ کەس لە خەباتکارانی شاری مـــهاباد بە دەس بەکڕێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ڕەقەمی خواردو ڵاپەرەیەکی ڕەشی تری بەجەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردوستان زیاد کرد. لەم ڕۆژەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە جەنایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەکانی تا ئیستاش ڕادەیەکی زۆر لە خۆی وەحشەگەری کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان ئەدات.

کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی خه‌ڵکی کوردستان و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی شاری مهاباد، ۵٩ که‌سی به‌ شێوه‌ی به‌کۆمه‌ڵ له‌سێداره‌ دا. زۆربه‌ی ئێعدام کراوه‌کان له‌ مانگه‌کانی خاکه‌لێوه‌ و گوڵان، به‌ شێوه‌ی ره‌شبگیر له‌ شه‌قامه‌کانی شار رفێندران و به‌ بارمته‌ گیرابوون. ژماره‌یه‌ک له‌وان‌، تازه‌لاوانی که‌متر له‌ ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن بوون و چه‌ند که‌سیان له‌ ده‌بیرستانه‌کانی شاری مهاباد ده‌رسیان ده‌خوێند. رژیم که‌ له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌دا گه‌لێکی زیانی به‌رکه‌وتبوو، وه‌کوو مارێکی زاماری لێهاتبوو، بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ بڕیاری دا که‌ به‌ رژاندنی خوێنی لاوان و تازه‌لاوانێک که‌ به‌ بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک رفاندبوویانی و زیندانی کردبوون، ژه‌هری خۆی بڕژێنێته‌ جه‌سته‌ی خه‌ڵکی کوردستان و به‌ تایبه‌ت خه‌ڵکی خۆڕاگری شاری مــەهاباد.

پاش تێپەربوونی نزیک بە چوار مانگ لە سێدارەدانی ۵٩ لاوی قارەمانی باژێری مەهاباد لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی سالی ١٣۶٢ی هەتاوی ، رژیم کە نەیتوانی بە لە سێدارەدانی ئەم پۆلە ڵاوە قارەمانە ئامانجەکانی بپێکێ جارێکی تریش دەستی دایە تاوان و ٣٣ کیژو لاوی بێتاوانی تری بە جێگۆرکەی پیکردن بۆشاری تەورێز و پاش ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسێدارە دا.

پیویستە بوترێ کە لە ساڵی ۱۳۶۲ زیاتر لە ۲۵٠ کەس لە ماوەی ۴ مانگان دا لە سێدارە دران. رۆژی ۱۲ی جۆزەردان کە ڕۆژی لەسێدرەدانی ۵۹ گیانبەختکردۆکەیە لە ڕاستیدا بووەتە ڕۆژی یادکردنەوەی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لەو ماوەیە دا لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارە دراون.

سەقز

ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣۶٢ ١٧ لاوی شاری سەقز ١١کوڕ و شش کچ تیرباران کران. که ناوی ١٣لەو نەمرانە بوم شێوەیە :

شوعلە ئیبراهیمی ئایچی، سەعادەت کەریمیان، وەحیدە وەحیدی، فاتیمە جەمشیدی، مەهین عەبدوولازادە، کولسوم حوسینی، مەنسور محەمەدی، بارزان فەتحوڵانەژاد، محەمەد حاجی محەمەد، محەمەد کەریمی، خالید حەلیمە، عەتا مینایی، لالە ئیبراهیم و جەماڵ

 ژنان و مــناڵان

ڕێژەی لە سێدارەدراوانی مناڵان و ژنان لە میانەی ساڵەکانی ١٣۶٠ هەتا ١٣۶٧ ” ٣٢٠٠ ” کەسە.

لە نیوان تەواوی ئێعدامەکانی کۆماری ئیسڵامیدا لە میانەی سالەکانی ١٣۶٠ هەتا دوایی ناوێک بەرچاودەکەوی کە بە تەنیا  ڕادەی درەندەیی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی نیشان دەدات.  لەو نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە کەم تەمەن ترین لە سێدارەدراوی ئەو دەورانە یانی “نەفیسە ئەشرەف جیهانی” تەمەن دەساڵە بکەین کە ناوی لە نێو ژنانی لە سێدارەدرودا بە رچاو دەکەوێ . تاوانی ئەم مناڵە دژایەتی لەگەڵ خوداو ئایینی ئیسڵامدا بووە.

لە تەنیشت ناوەکەی ” نەفیسە” مناڵانێکی تریش بەرچاودەکەون کە جەڵادانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی ئینسان بوون تیرەبارانی کردون . ناوەکان بریتین لە:

مەریەمی ئەسەدی ١١ ساڵە ، ئەفسانە فارابی ١٢ ساڵە ، فاتمەجەبارزادەی ئەنساری ، شەهڵا قوربانی و فاتمە ساجیدی ١٣ تا ١۵ ساڵان.

 بەهاییەکان

یــــان بــوون بە مــوسلمان یــان خـــۆ مـــــــــردن..!

٢٨ی مانگی جۆزەردانی سالی ١٣۶٢ وەبیر هێنەرەوەی یەکێک لەو جەنایەتە سامناکانەیە کە لە دەورانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێوەچووە. لەم ڕۆژەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە جەنایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەکانی تا ئیستاش ڕادەیەکی زۆر لە خۆی وەحشەگەری کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان ئەدات. لەم رۆژەدا ١٠ ژن و مناڵی بێتاوانی بەهایی بە هۆی جیایی ئایینیان لە مەیدانی ” چۆگان”ی شاری شیراز بێ بەزەیانە لە سێدارە دران . ئەم ژن و منداڵانە تەنیا تاوانایان ئەوەبوو کە نەیان دەویست بێنە سەر ئایینی ئیسلام و دەس لە ئایین و بیروباوری خۆیان هەڵگرن.

لەوەها ڕۆژیک دا و لەناو دڵی شارێکدا ١٠ ژن و منال لە هەناسە لێدان کەوتن. لەسێدارەدراوەکان بریتیبون لە:

١- مـــۆنا مەحموود نیژاد تەمەن ١٧ ساڵە

 ٢- رۆیا ئەشرافــــی ٢٣ ساڵە . خۆیندکاری دەرکراوی ریشتەی پزیشکی ٣- ئەخـــتەر سابێت ٢۵ سالە لیسانسی پرەستاری  ۴- سیمین سابیری ٢۵ ساڵە ۵ – شــیرین دالــــوەند ٢۶ساڵە رشتەی کۆمەلناسی ۶- مەشهەد نیرومەند ٢٨سالە و لیسانسی میتافیزیک  ٧- زەریـن موقیمی ٣٩ساڵە لیسانسی زمانی ئینگلیسی ٨- تاهیـــرە ئەرجمەند ٣٠ ساڵە لیسانسی پەرەستاری ٩ – نــوسرەت غــەفـــرانی ۴۶ ساڵە . پیویستە بوترێ کە بەداخەوە (کورەکەی بە ناوی بەهــرام یەلدایی)یش دوو رۆژ پێش خۆی لە سێدارە درابوو.

١٠- عیـــزەت جـــانمی ۵٨ ساڵە. مۆنا مـــەحموود نیژادی تەمەن ١٧ ساڵە ، ڵاوترینی ناوئەو پــۆلە مرۆڤە بێتاوانەیە کە ئەویش سی مانگ پێش لە سێدارەدرانی، باوکیشی هەرسەر ئایینی بەهایی لە سێدارە درا.

* بە گشتی ئامارەکان ئاماژە بە لە سێدارە دانی ” ١۴٧٩۴ ” کەس لە میانەی ساڵەکانی ١٣۶٠ هەتا سالی ١٣۶۴ دا دەکەن.

لە پاش ئەو ساڵانەش ماشێنی کوشتاری کوماری ئیسڵامی نەوەستاو دوای سالی ١٣۶۴یش جوغەکانی ءێعدام بەردوام بوون. بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ساڵەکانی ۶۵و۶۶ ” ١۴۵۶” کەس لەسێدارە دراون کە زۆربەی هەرەزۆریان لە زیندانیانی سیاسی و سەر بە نەیارانی کۆماری ئیسڵامی بوون.

  کوشتاری ۶٧ لاپەڕەیەکی کەم وێنە لە تاۆانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

٣٢ ساڵ لەوەپێش لە مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی ١٣۶٧ دا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جاڕێکی تر دەستی دایە جەنایەتێک کە تا بە ئەمرۆش ئاسەوارەکانی لە سەرجەستەی هەموو کۆمەلگا قورسایی دەکات. خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی ڕەفسەنجانی، خامنەیی کە نیگەرانی پەرەگرتنی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران دوای شکستی زەلیلانەی لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق بوون بە ئامانجی ترساندنی خەڵکی وەگیان هاتو لە شەڕ و فەلاکەتی ئابووری، بۆ کوشتاری زیندانیان بەرنامەیان دانا.

پرۆژەی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە ڕۆژی هەینی ٢٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣۶٧ تەنیا رۆژێک دوای بە سەرەوە نانی جامی ژەهری قەبوڵ کردنی ئاتەش بەس لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا، لەسەر بنەمای فەرمانی خومەینی دەستی پێکرد. لەم رۆژەدا پێوەندی زیندانە سەرەکیەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە بە تەواوەتی پچڕا و لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا جەنایەتێک قەوما کە لە جۆری خۆیدا بێ وێنە بوو وە کۆمەڵگای ئێرانی تا ساڵانێک نوقمی پەژارەیەکی مەرگبار کرد.

ئه‌وان به‌رنامه‌دارێژراو بوون و ئاگاهانه‌ بریاریاندا شایی و شور و شه‌و‌قی خه‌ڵک بۆ کۆتایی هاتنی شه‌ر بکه‌نه‌ ماته‌مین، به‌ڵام بیانویه‌کیان بۆ پاساوی کوشتاری خه‌ڵک له‌ کوڵان و شه‌قامه‌کان نه‌بوو. سه‌رانی کۆماری ئیسلامی که‌ به‌ وته‌ی خۆیان، حکومه‌ته‌که‌یان به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتنی خوێن به‌ سه‌ر شمشێر دا بوو، بریاریان دا تا توڵه‌ی شکست له‌ شه‌ر له‌ خه‌ڵکی ئێران بکه‌نه‌وه‌. ئه‌وان بۆ درێژە‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پێویستیان به‌وه‌ بوو هه‌رچی زیاتر خوێن بڕێژن و ئه‌مجاریش وه‌کوو ٣٠ جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶٠ شمشێری ژاراوی خۆیان له‌ زیندانه‌کان و له‌دژی زیندانیانی سیاسی خسته‌ کار. له‌ روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ گونجاوترین و بێ ده‌نگ ترین شوێن ته‌نیا زیندانه‌کان بوون که‌ به‌ هه‌زاران ئینسانی خه‌باتکار و له‌ هه‌مان حاڵ دا بێ دیفاع له‌ پشت میله‌کانی ئاسنیینی ئه‌م زیندانانه‌‌ به‌ند کرابوون.

خومه‌ینی به‌ پێک هێنانی کومیته‌یه‌ک بریتی له‌ نه‌یێری قازی شه‌رع، ئه‌شراقی دادستانی تاران و موسه‌وی ئه‌رده‌بیلی دادستانی گشتی تاران و به‌ ده‌رکردنی فتوای مه‌زهه‌بی فه‌رمانی کوشتاری به‌ هه‌زاران زیندانی سیاسی ده‌رکرد. دوای ده‌رکردنی ئه‌م فتوایه‌ جینایتکارانی پیشه‌یی وه‌ک لاجه‌وه‌ردی و داوودی و ده‌یان جینایه‌تکاری دیکه‌ زیندانه‌کانی بۆ رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی کرده‌ مه‌یدانی شه‌رێکی یه‌ک لایه‌نه‌ و شکست له‌ به‌ره‌ی شه‌ریان له‌ زیندانه‌کان و به‌ دوور له‌ چاوی خه‌ڵک کرد به‌ سه‌رکه‌وتن بۆ ئیسلام. سێداره‌کان به‌ر‌پا کران و خه‌باتکارانی ئازادیخواز به‌ وتنی نا به‌ جه‌ڵادانی رژیم له‌سێداره‌دران و سه‌رشوڕی مێژوویان بۆ جه‌ڵادانی کۆماری ئیسلامی به‌جێهێشت. به‌ هه‌زاران زیندانی خه‌باتکار و خۆراگر ئێعدام کران، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر جینایه‌تکارانی ئیسلامی دا سه‌ریان دانه‌نه‌واند. هه‌واڵی ئه‌م جینایه‌ته‌ له‌ رادیو و ته‌له‌ویزیون و راگه‌یه‌نه‌ره‌کان دا بڵاو نه‌کرایه‌وه‌ و خومه‌ینی و هاوکاره‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون که‌ ده‌توانن قفلی دیکتاتوری بۆ هه‌تاهه‌تایی له‌ سه‌ر ده‌می کۆمه‌ڵگا بده‌ن. ته‌رمی قوربانیانی ئه‌م جینایه‌ته‌ به‌ نه‌هێنی له‌ خاوه‌رانی تاران، دارالره‌حمه‌ی شیراز، باغی رێزوانی ئیسفه‌هان، حه‌وشه‌ی به‌ناو دادگای ئینقلابی سنه‌ و ده‌یان شوێنی دیکه‌ به‌ خاک سپێردران. ناوی گۆڕستانی ئه‌م ئازیزانه‌یان کرد به‌ له‌عنه‌ت ئاوا تا به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆیان خه‌ڵک دووری لێبگرن. به‌ڵام ئه‌م گۆڕستانانه‌ ده‌ستبه‌جێ بوونه‌ شوێنی ئازیزانی‌ له‌بیرنه‌کراو و به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ شوێنی به‌ یه‌ک گه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌ویندارانی رێگای رزگاری مروڤ.

له‌ مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣۶٧ دا کوشتاری زیندانیانی سیاسی له‌ زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ری خۆی. کوشتارێک که‌ له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی گه‌لاوێژی ئه‌و ساڵه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی له‌ زیندانه‌کانی رژیم ده‌ستی پێی کردوبوو له‌ مانگی خه‌رمانان‌ توند تر و خێراتر بووه‌‌. ئه‌گه‌ر له‌ مانگی گه‌لاوێژ دا کومیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانی خومه‌ینی ئه‌وله‌ویتی خۆی کوشتاری زیندانیانی موجاهێد دانابوو ئه‌م جار ئینسان کوژان کوشتاری زیندانیانی کومونیستیان خسته‌ ئه‌وله‌ویتی خۆیانه‌وه‌. زورێک له‌ قوربانیانی ئه‌م کوشتاره‌ ده‌وره‌ی زیندانی خۆیان تێپه‌ر کردبوو و چاوه‌ڕوانی ئازادی بوون. هۆکاری ده‌ست به‌ سه‌ر کرانی زورێک له‌م قوربانیانه‌ روون نه‌بوو و چاوه‌ڕوانی به‌ ناو زانینی تاوانه‌کانیان بوون. له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌کان رووداوه‌ێکی گرینگ رووی دا بوو و شه‌ری ماڵوێرانکه‌ری ئێران و عێراق به‌ لایه‌نی به‌ربڵاوی خه‌ساره‌تی ئینسانی و زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ی ئابووری و مالی که‌ ببوه‌ هۆی وێران بوونی شاره‌کان و شوێنه‌کانی ژیانی خه‌ڵک له‌ هه‌ر دوو وڵات به‌ شکستی کۆماری ئیسلامی کوتایی پێ هاتبوو.

ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له‌ هاوسه‌نگه‌رانی قوربانیانی جینایه‌تی هاوینی ساڵی ۶٧ که‌ له‌و کوشتاره‌ به‌کۆمه‌ڵه‌ رزگاریان بووه‌ له‌ بیره‌وه‌ریه‌کانی خۆیان دا به‌شێک له‌ کرده‌وه‌ی دڕندانه‌ی جینایه‌تکاران و  زیندانیانی بێ دیفاعیان بۆ بیروڕای گشتی گێڕایه‌وه‌. به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ش گشت واقعیه‌ته‌که‌ نییه‌. هێشتا به‌شێکی گه‌وره‌ له‌ واقعیه‌ته‌کانی ئه‌م جینایه‌ته‌ له‌ خه‌ڵک شاردرایه‌وه‌.زۆرێک له‌ بڕیارده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌ته‌، له‌ دادستانی گشتیه‌وه‌ تا سه‌رۆکی دادگاکان و باقی جینایه‌تکارانێک که‌ له‌ کاره‌ساتی کوشتاری زیندانیانی سیاسی له‌ ساڵی ۶٧ ئامرازی به‌هێزی خومه‌ینی له‌ شه‌ر له‌دژی زیندانیانی بێ دیفاع بوون، چه‌ند ساڵ دواتر جل و به‌رگی ئیسلاح خوازانی حکومه‌تیان له‌به‌ر کرد و بۆ رزگار کردنی که‌شتی قه‌یران لێدراوی حکومه‌تی ئیسلامی وه‌خۆ که‌وتن و ئه‌مجاره‌ که‌شتی ئه‌وانیش له‌ ناو هه‌رگدا گیرسا.