دبیرکل حزب دمکرات کردستان و درس نگرفتن از تاریخ؟ (مطلب به زبان کردى)

سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و ئەزموون وەرنەگرتن لە مێژوو؟

حەسەن رەحمان پەناە

ئەم رۆژانە دیدارێکی کاک خالید عەزیزی سکرتێری ئێستای “حیزبی دیمۆکراتی کوردستان” لە گەڵ تلویزیونی “کورد کانال ” ی حیزبەکەی کە بە رێکەوتی فوریە ٢٠١٩ و لە سەر چل سال تێپەربوون بە سەر دەسەڵاتی  کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دابوو، جارێکی دیکە لە تۆرە کۆمەلایەتیەکاندا بلاوبۆەتەوە و دەنگۆیەکی زۆری لێ کەوتەوە. یەکێک لە پرسیارەکانی بەڕێوەبەری وتووێژەکە سەبارەت بە ” یەک گرتوو نەبوون و دەرس لەرابردوو وەرنەگرتنە “. ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا چەند بابەتی گرینگ دەهارووژێنێ کە پێویستیان بە هەڵوێستە لەسەر کردنە.

سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان سەرەتا دژایەتیی خۆی لەگەڵ هەر جۆرە “ئیزمێک” لەوانە ، لیبرالیزم ،کمونیزم ، سوسیالیزم دەردەبڕێ و دەڵێت حیزبەکەی ئەو تەنیا “حیزبێکی میللیە”. ئایا بەراستی سکرتیری حیزبی دیمۆکرات ئاگای لەم خاڵەی پروگرامی حیزبەکەی هەیە کە لە مادەی حەفدەهۆم پەسەندکراوی کۆنگرەی ١۶ی ئەو حیزبە دا هاتۆە و خۆی بە پەیرەوی “سوسیالیسمی دیموکراتیک” و بایەخەکانی ئەو رێبازە دەزانێت، یا باوری پێ نییە و لایەنی ئایینی کۆمەڵگای کوردستانی بە لاوە گرنگترە؟ باسەکەی ئێمە رەخنە لە سەر “سوسیالیسمی دمۆکراتیکی ” حیزبی دمۆکرات  نییە کە کاتی خۆی قسەمان لە سەر کردوە و ئەم سیستمە دەسەڵاتداریەتییە لە ئاستی جیهانی بۆ هەمووان روونە کە لە کام بەرەدا راوەستاوە، بەڵکوو قسە لە سەر ئەو جۆرە سیاستکردن و ئاوەژوو نیشان دانی راستیەکانە لە لایەن سکرتێری ئەم حیزبەوە. حیزبەکەی کاک خالید هەم “سوسیالیستی دیمۆکراتیکە ، هەم حزبێکی لیبرالە ، هەم ناسیونالیستە ، هەم بەشداری کونگرەی ئەنترناسیونال سۆسیالیستە”. ئەگەر حیزبی دیکە یەک “ئیزمی ” هەیە حیزبەکەی کاک خالید سێ یا چوار “ئیزم” یشی لەگەڵە ، بەڵام بۆ دەیشارێتەوە با خۆی وڵامی زیاتر بە ریزەکانیان و خەڵکی کوردستان بداتەوە. بەلام لە راستی دا کاک خالید دژ بە هەموو “ئیزم” یەک نییە ، بەڵکوو دژ بە “سوسیالیسم و کۆمۆنیسم” ە .ئەو بیرۆکەیە ئەگەر لە چوارچیوەی بیرو و بۆچون بترازێ و بە کردەوە دەربێت، هەر ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە لە ئەزمونی تاڵی شەری ناوخۆ دا لێی کەوتەوە. هیوادارم کاک خالید وەک سکرتێری تازەی حیزبی دیمۆکرات دەرس لەو ئەزموونە وەربگرێت..

خالید عەزیزی لە درێژەی قسەکانی دا دەلێت ” بە بڕوای من خوێندنەوەیک لە چل ساڵی رابردوودا بڕێک زەر و زیانی لە خۆێندنەوە و تەعریف بە کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتی تەعاملی لایەنەکان کرد ، ئەدەبیاتی چەپی توندرەوی سوسیالیست و کۆمۆنیستی توندەرەو بوو کە هاتە کوردستان ،ئەو ئەدبیاتە کە هاتە کوردستان لە شکلی توندڕەوی خۆیدا بوو ، بڕێکیش موسەلەح بوو،……..” کاک خالید وەک سکرتیری حیزبێک لە کوردستان قسەی سیرو سەمەر و لێدوانی  دڵسۆزانەی روو بە کۆماری ئیسلامی زۆری کردوە ، بەڵام ئەم قسانەی ئەم جارەی لە جارانی پێشووی خەستترە، ئەویش لەوانەیە بۆ هەلومەرجی ئێستا و بە بۆنبەست گەیشتنی بە ناو “وتووێژیان” لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و داگیرسانی گلۆپی سەوز بۆ گروپە ئیسلامەکان لە کوردستان بە تایبەت لاینگرانی ئەحمەدی موفتی زادە بگەرێتەوە .سکرتیری حیزبی دیمۆکرات لای وایە بە تاوانبارکردنی “کۆمۆنیستەکانی کوردستان” واتە کۆمەڵە  لە “خۆێندنەوە و تەعریف لە کۆماری ئیسلامی” و بە بەکار بردنی رەستەی “کۆمۆنیستی توندرەو”  دەرگای ڕەحمەتی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی دەکرێتەوە و دەروازەی دیالۆگی بۆ دەخرێتە سەرپشت ، بەڵام ئەزموونی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا پێچەوانی هەڵویستی سیاسی و رابردووی سکرتیری “حدک ” مان لە پاکانە بۆ کۆماری فاشیستی ئیسلامی زاڵ بە سەر ئێران پێ نیشان دەدات.

یەکەم پرسیار لە خالیدی عەزیزی ئەوەیە ، ئەگەر “ئەدەبیاتی کۆمۆنیستەکان لە کوردستان توند بوو” ، خۆ زمانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان زۆر نەرم و نیان و تەنانەت لە زاری سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دیمۆکرات لە کۆبوونەوەی جەماوەریی ناوەڕاست مانگی پاییزی ساڵی ١٣۵٨ی هەتاوی لە شاری مەهاباد کە وتی‌ “لەبیک بە ئیمام خۆمینی رەهبەری کەبیری شورشی ئیسلامی دەڵێین” ، زۆر خۆماڵیانە و دڵسۆزانە بوو، ئەی وڵامی کۆماری ئیسلامی بە خەڵکی کوردستان و ئێوە بۆ وا توند و تەنیا زمانی کوشتن و تیرور بوو؟ ئەگەر ئەدەبیاتی کۆمۆنیستەکانی کوردستان توند بوو، ئەی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ، ئێعدامی بە کۆمەڵ ، کوشتاری کرێکارانی مافخوازی بەندەر ئەنزلی ، خۆزستان ، خەڵکی ترکمن سەحرا کە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان پاش راپەرینی سالی ١٣۵٧ دەکرد ،  لە سەرچی بوو؟ یەکەم پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی خەباتکاری شاری سنە کە بە “نەورۆزی خوێناوی” ناسراوە، لە لایەن چ کەسانێکەوە بڕیاری لەسەر درا؟ زانکۆکان بۆ داخران ، قڵەمەکان بۆ شکان ، رووناکبیران بۆ بە داری سێدارە دا کران ؟ بۆ ئەسیدکرا بە سەر ژنان ، بۆ لە ژێر چارشێوی رەش دا شاردرانەوە؟ بۆ بەندیخانەکان لە زیندانیانی سیاسی ژن و پیاو پڕ کران و بە هەزارانیان لێ ئێعدام کرا؟ بڕیاری جیهاد لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣۵٨ لەدژی خەڵکی مافخوازی کوردستان لە لایەن چ کەسێکەوە سادر کرا؟ کێ بوون ئەوانەی “هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد”یان لە وتووێژ بۆ چارەسەری سیاسی کێشەی کوردستان تێکدا؟ لە کاتێک دا کە کوردستان تەنانەت زیندانیەکی سیاسیشی تێدا نەبوو، بەدوور لە مادەی هۆشبەر و کەمترین ئاستی تاوانی تێدا بوو، کێ لە بەهاری ١٣۵٩دا فەرمانی جیهادی دووبارەی بۆسەر ئەم دوورگەی ئارامشە کە لە هەموو ئێراندا بەناوبانگ بوو، دەرکرد؟ ئایا ئەم هەمووە تاوانانە بە “ئەدەبیاتی توندی کۆمۆنیستەکانی کوردستان” پاساو دەکرێت کە بە دەستی تاوانباری ڕابەر و باقیی سیاسەت داڕێژەرانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامدرا ؟!کی بوون ئەوانەی کە رەخنەی زارەکی جێگری خۆمینی ، واتە مونتەزەریشیان بۆ قەبووڵ نەکرا و زیندانی ماڵەوەیان کرد؟ کێ ئیزنی چالاکی تەنانەت بە ئیسڵاحخوازانی حکومتی نەدا کە کاک خالید و حیزبەکانی هاوشێوەی ئەو کۆشکی هیواکانیان لە سەر سیاستەکانی ئەوان هەڵچنیبوون؟ کێ خاتەمی سەرۆک کۆمار ، موسوی سەرۆک وەزیر و کروبی سەرۆک پارلمانی  زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ماڵی خۆی زیندان کردەوە ؟ کێن رۆژانە کۆڵبرانی بی نانی کوردستان قەتلی عام دەکەن ؟ ئایا ئەو قسانە سکرتێری حیزبی دێمۆکرات بە مانای پاکانە بۆ هەموو ئەو تاوانانە و بە ناڕەوا تاوانبار کردنی کۆمۆنیستەکان لە کوردستان نییە کە‌ وەک لایەنی خەباتکار و شۆرشگێڕی بێ ڕاڕایی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دا لە دەست ئەندازە سیاسیە گرینگەکانی ۴٠ ساڵی ڕابردوو، شۆڕشی کوردستانی بەرپرسانە ڕێبەری و هیدایەت کردووە؟ بە دڵنیاییەوە چەواشە کردنی ئەو مێژووە هیچ یارمەتیەک بە کاک خالید ناکات و بەڵکوو زۆر بە خراپ و نێگاتیڤ هەر وەک زۆر کاتی دیکە لە لێدوانەکانی لەسەر ژیان و داهاتووی سیاسی دەشکێتەوە.

 خاڵێکی سەیری دیکە لەم بەشە لە قسەکانی سکرتێری حیزبی دێمۆکرات ئەوەیە کە دەڵێ: “ئەدەبیاتی چەپی توندڕەوی سۆسیالیست و کۆمۆنیست بوو کە هاتە کوردستان”. کاک خالید یان ئاگای لە مێژوو نییە یان لێرەشدا وا بڕیاری داوە کە مێژوو چەواشە بکات، ئەگینا هەموو ئەو بیر وباوەڕانەی کە ئەو باسی دەکات  و دڵی پێی خۆشە و دیارە کیسەی بۆ هەڵدوریوە، لە وانە بیروباوەری ئایینی لە دوورگەی عەرەبستانەوە و بە زۆری شمشیر هاتە کوردستان،ئێران و ناوچەکە ، هەتا ناسیۆنالیزمەکەی ئەو و لیبڕالیزمەکەی کە خۆی پێوە هەڵدەکێشێ و هەروەها سۆسیالیزمە دیمۆکراتیکەکەی کە لە بەرنامەیاندا گونجاوە، هەمووی لە وڵاتانی ئۆرووپاییەوە هاتوون. سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمیش وەک بیروباوەڕ داڕێژراو و تێئۆریزە کراوی مروڤی کرێکار و ستەملێکراو، چەپ و پێشکەوتنخواز و خەباتی چینایەتییە کە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگای  سەرمایەداری لەوانە کوردستان و ئێرانە و بە پێچەوانەی بۆچوونی سکرتیری حدک سادر ‌کراو نییە ‌ و مێژویشی زۆر کۆنتر لە کۆمەڵە و هاتنە سەرکاری کۆماری تاوانباری ئیسلامییە. هەر ئەو لێکدانەوە هەڵانە و نەبینینی راستیەکانی خەباتی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان بوون کە ئیجازەی نەدا حیزبەکەی کاک خالید حەقیقەتەکانی کۆمەڵگای کوردستان وەک خۆی ببینێت و لەگەڵی تەعامول بکات ‌ و کارەساتی دڵتەزێنی شەری حیزبی دیمۆکرات دژ بە کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەی تێدا روویدا. بۆ ئەمڕۆش ئەگەر ئەو بۆچوونە هەڵەیە زاڵ بێت دووبارە مێژوو دووپات دەبێتەوە و کارەساتی نەخوازراو بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا دەسەپێت کە هیوادارین بە وشیاری و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، بەر بەو جۆرە کردەوانە بگیرێت.

خالێکی دیکەی گرینگی باسی کاک خالید قسە کردن لە سەر دوو کەسایەتی ئایینی جیاواز لە کوردستانە کە لە دوو جەمسەرگیری جیاواز راوەستان و دوو ئەزموونی جیاوازیشیان بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگا تۆمار کرد  .ئەو دوو کەسە “مامۆستا شێخ عزالدین حۆسینی و ئەحمەدی موفتی زادە” ن کە سکرتێری حیزبی دیمۆکرات لە تای تەرازویەک دایان دەنێت کە هەرگیز شایستەی وەک یەک هەڵسەنگاندن نین. ناوبراو دەڵێت “کاک ئەحمەدی موفتی زادە بەڕەحمەت بێت لە سنە بوو، مەلا شێخ عزالدین ئەویش هەر بە ڕەحمەت بێت لە مەهاباد بوو، بە بڕوای من ئەدەبیاتی چەپ و کۆمۆنیستی غەدری لە هەر دووک ئەو کەسانە کرد، یەکەم لە شاری سنە بۆچوونی کۆمۆنیستی شەرایەتێکی بۆ کاک ئەحمەد درووست کرد کە ئەویش حەقی خۆی بوو بە شێوەی خۆی کوردایەتی بکات، بەڵام کەوتە خانەیەکی دیکە” .

 ئەو قسانەی خالیدی عەزیزی بەتەواوی لە ڕاستییەوە دوورن. ئەحمەدی موفتی زادە پێش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیش کەسایەتیەکی ئایینی بوو کە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی ئایینی لە نەوعی “ئەخوانیەکان” هەوڵی دەدا کە سەرچاوی توندرەوی و بونیادگەرایی ئاینیین. سۆخەنڕانیەکانی لە کۆڕ و کۆمەڵ گەلێک کە بۆی دەڕەخسا، هەڵوێستی لە شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی شاری سنە کە لایەنگری  دەسەڵات بوو، درووست کردنی مەکتەبی قورئان لە شارەکانی کوردستان کە چەکدارەکانی بوون بە چاوساخی هێزەکانی سپای پاسداران لە داگیرکردنی کوردستان و دەستنیشان کردنی تێکۆشەرانی سیاسی بۆ دوژمن،  هەتا دژایەتیی بەردەوام و بێ دەریغی دژ بە شۆڕشی کوردستان و پشتیوانی لە خومەینی و دەسەڵاتە فاشیستیە تازە کەی، هیچ کامیان تاوانی کۆمۆنیستەکان نەبوون،  بەڵکوو نەخشە ، رێباز ، ئایدئولۆژیا و پلانی ئاگاهانە بۆ داڕێژراوی ئەحمەدی مۆفتی زادە و هاوبیرەکانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی ئیسلامی بوو. ئەحمەدی مۆفتی زادە لە ڕاستیدا بوو بە یەکێک لەو کەسانە کە لە مانگەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان خزمەتی گەورەی بەو دەسەڵاتە دژی خەڵکییە کرد و هەروەها بە دەستی خۆیشی بۆ بە  قوربانیی خۆشباوەری و تەوەهۆماتی خۆی بە کۆماری ئیسلامی. گۆمان نییە کە موفتی زادە و ڕەوتەکەی وەک نەیاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە کوردستان و  کۆمۆنیستەکان  لە  کوردستان، ئەگەر زاڵ بووایەتن هەر ئەو سەردەم خەلافەتی ئیسلامییان لە نەوعی سونەیەکەی، لە کوردستان دادەمەزراند..

ئەوەیکە ئەمڕۆ خالیدی عەزیزی بۆ چی پاکانە بۆ مۆفتی زادە و ڕەوتەکەی دەکات، لە نەزانینی ئەم مێژووە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە خۆ خۆشکردنی ناوبراو لە راکێشانی لایەنگران و پەیڕەوانی بیری موفتی زادە ، بەتایبەت لە مەڵبەندی جنووبی کوردستان سەرچاوە دەگریت کە حیزبی دێمۆکرات جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی لەو ناوچەیە نییە.

سەبارەت بە بەڕێز مامۆستا شیخ عزالدین حۆسینی کەسایەتی خۆشناو و تێکۆشەری کوردستان و بەرپرسی “هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد ” بۆ وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کە تا دوا ساتەکانی ژیانی کۆڵی نەدا و سەری بۆ کۆماری ئیسلامی دانەنەواند و لە تاراوگە گیانی بەختکرد، زۆر جار لە قسە و وتووێژ و دیداردا ڕایگەیاندووە کە خۆی “لە بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کوردستاندا دەبینێتەوە و شانازیی پێوە دەکرد”. بەڵام خالیدی عەزیزی بە زمانێکی نەشیاو و بێ رێزی ئەم کەسایەتیە تێکۆشەرە ئاوا باس دەکات: “ئەوی دیکە مەلا شێخ عزالدین بوو، مەلا شێخ عزالدین پیاوێکی ئایینی و قابیلی ئیحترام بوو، مەلایەکی خۆشەویست بوو لە ناو خەڵکدا بەڵام دیسان ئەدەبیاتی چەپ و کۆمۆنیستی غەدری لە ئەویش کرد، چون مەلا شێخ عزالدین بوو بە مودافعی سۆسیالیست و کۆمۆنیست، ئەوە بۆ مەلا شێخ عزالدین نەدەبوو، مەلا شێخ عزالدین دەبا لەگەڵ مەلاکانی کوردستان کەوتبا و تەفاهۆمی هەبوایە و مۆدیریەتی کردبایەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر ئایین بیهەوێ دەورێکی هەبێت و خزمەت بە ناسیۆنالیزمی کورد و کوردایەتی بکات بەجۆرێک ئیدارە بکرێت”.  زمانی سووک ئامێزی خالیدی عەزیزی دەرحەق بە کەسایەتیی ناسراو و خۆشناوی کوردستان مامۆستا شێخ عزالدین کە بە “مەلا” باسی لێدەکات با دابنێین بۆ خۆی و قەزاوەتی بینەر و خوێنەر. بەڵام ئەوەیکە تووڕەیی کاک خالید لە مامۆستا نیشان دەدات بەشی ئاخری قسەکانیەتی. ناوبراو تووڕەیە کە مامۆستا، “مەلاکانی کوردستانی کۆنەکردەوە و خزمەتی بە ناسیۆنالیزمی کورد” یان بە زمانی شاراوەی کاک خالید، بە حیزبەکەی ئەو نەکرد، بۆیە ئاوا دەکەوێتە بەر ڕەخنە و تیر و توانجی سکرتێری حدک و لە ڕابردووشدا ئەوان ئەم چەشنە ڕەخنانەیان لە مامۆستا گرتووە. بەڵام حەقیقەتی ژیانی مامۆستا شێخ عزالدین ئەوە بوو کە ئەگەر لە فەلسەفەیەکی ئایینیش پەیڕەوی دەکرد و بە قەولی خۆی “ئەوە پەیوەندیی بە خۆی و خوای خۆیەوە بوو”، لە کردەوەدا مامۆستا لایەنگری جیاوازیی دین لە دەوڵەت، یەکسانی ژن و پیاو، مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران و خەڵکی کورد، ئازادیی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕین، دژایەتی لەگەڵ پاوانخوازیی و سەرەڕۆیی و زۆر داخوازی دیمۆکراتیکی دیکە بوو و هەروەها تا ئەو کاتەش کە لە ژیان دا ما، دژبە کۆماری سەرکوتگەری ئیسلامی بوو. ئەم تایبەتمەندیانە وای کردبوو کە مامۆستا بە ئینتخابی ئاگاهانەی خۆی لە بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگای کوردستاندا بێت و خزمەتی پێ بکات، هەر وەکوو ئەحمەدی مۆفتی زادەش بە بژاردەی خۆی لە بەرەی کۆنەپەرستی و دژی ئازادیی کوردستان دا ڕاوەستا و سەری نایەوە. تووڕەیی خالیدی عەزیزی لە مامۆستا شێخ عزالدین لەو تایبەتمەندیانەیە کە باسی لێکرا و هەر ئەو تایبەتمەندیانەش مامۆستای کردبە کەسایەتیەکی خۆشناو و بەرپرس و هەروەها ڕەئیسی “هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد” بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. کاک خالید ئەم مێژووە باش دەزانێ، هەر وەکوو مێژووی ئەحمەدی مۆفتی زادەش باش دەزانێ و ئاگاهانەش هەردووکیان دەخاتە تای تەرازوویەک تا هاوسەنگیان نیشان دات و لە قورسایی مامۆستا کەم کاتەوە، بەڵام بەو کارە نەک قورسایی بۆ خۆی و هەڵسەنگاندنەکانی بەدەست ناهێنێ، بەڵکوو لەبەرچاوی بیسەر و خوێنەر، خۆی پێ دەشکێنێت.

ئەزقەزا یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆمۆنیستەکان لە کوردستان کە لە رێکخراوی کۆمەڵە دا چالاکیان دەکرد و دەیکەن  و کۆمۆنیزمی لە کوردستاندا کرد بە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و جێگای باوەڕ، ئەوە بوو کە توانیی چۆن لەگەڵ حەدەس و ڕووداوەکانی ئەو کۆمەڵگایە لەوانە ناسیۆنالیزم و ئایین هەڵسووکەوت بکات و چۆن توانیی کەسی دڵسۆزی وەک مامۆستا شێخ عزالدین و زۆر ئینسانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی دیکەش کە کۆمۆنیست نەبوون لە دەوری کۆمۆنیستەکان کۆ بکاتەوە و خزمەتی پێ بە کۆمەڵگای کوردستان بکات.

لە کۆتایی دا پێویستە بڵێین کە ئەگەر ناسیۆنالیزم و مەزهەب لە زۆر بواراندا لە یەکتر تەغزیە و کۆمەکیان وەرگرتووه،‌ لە کوردستانی ئێران و پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، لایەنی مەزهەبی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەدی موفتی زادە لە خزمەت کۆماری ئیسلامی دا ڕاوەستا و کەسایەتیی خۆشناوی سکۆلار و ئازادیخوازی وەک  مامۆستا شێخ عزالیدینش لە بەرەی چەپ  و پێشکەوتنخواز دا مایەوە و لایەنی ناسیۆنالیستی کوردستانیش کە کاک خالید و حیزبەکەی کە خۆیان بە ڕێبەری دەزانن، سەریان بێ کڵاو مایەوە. ئەم ئەزموونە دەتوانێت بۆ ئێستا و دواڕۆژی کوردستانیش ڕێ نیشاندەر بێت. دەور و نەخشی کۆمۆنیستەکان لە بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لە‌ پەڕاوێز خستنی ڕەوتی ئایینی کە ئەزموون و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شیعە  و “داعشی سونە ” نیشانی داوە کە لە هەر کوێ دەسەڵات داربن چ بەڵایەک بە سەر کۆمەڵگا دێنن و ئەزموونی سکولاریسمی کوردستان پێچەوانەکەی دەردەخات، چەندە دڵ خۆشکەرە. ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە دەتوانێت خزمەتێکی حاشاهەڵنەگر لە بەسەرئەنجام گەیاندن و بەدی هاتنی داخوازیە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی سەرتاسەری لە ئێران و ناوچەکە بێت کە بە جێی ئایین و بونیادگەرایی، ئینسانیەت و بەرابەریخوازی  ئامانجی بێت .

 ٢٢/٢/١٣٩٩