٢٩ ساڵ پاش کارەساتی بۆتێ !
حەسەن رەحمان پەناه
٢٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ئێوارێ ڕۆژی ٢۵ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣۶٧ی هه‌تاوی، مه‌قه‌ڕه‌کانی کومیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه له دۆڵی بۆتێ له ٢۵ کیلۆمێتریی شاری ڕانییه لە ناوچه‌ی بالیسان له کوردستانی عێراق درایه به‌ر په‌لاماری شیمیایی فڕۆکه‌ی جه‌نگییه‌کانی ڕژیمی فاشیستی به‌عسی عێراقی رووخا‌و. له‌م په‌لاماره ده‌ڕه‌ندانه‌یه‌دا ٢٣ کادر، ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گیانی ئازیزیان له پێناو ئامانجی به‌رزیاندا به‌ختکرد و زیاتر له ١۵٠ هاوڕێی دیکه‌شه‌مان تووشی مه‌سموومییه‌تی شیمیایی هاتن.
ئه‌و ڕووداوه یه‌که‌مین په‌لاماری ده‌ڕه‌ندانه‌ی ئه‌ڕته‌شی عێراق بۆ سه‌ر مه‌قه‌ڕره‌کانی کۆمه‌ڵه نه‌بوو. پێشتریش ڕژیمی فاشیستی به‌عس چه‌ندین جاری دیکه مه‌قه‌ڕ و باره‌گاکانی شوێنی حەوانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی به بیانووی جۆراجۆر و لەوانه کەڵک وەرگرتنی پیشمەرگەی کوردستانی عێراق لەو مەقەرانه ، تۆپباران و مووشکباران کردبوو و چه‌ندین هاوڕێی دیکه‌مان بریندار و یان گیانیان لە دەستدابوو . ئه‌گه‌رچی کاربه‌ده‌ستانی ڕژیمی به‌عسی عێراق، پاش ئه‌و تاوان و جه‌نایه‌ته پێیان له تاوانه‌که‌یان نا و وتیان هه‌ڵه روویداوە و داوای لێبوردنیان له کۆمه‌ڵه کرد، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ڵه‌یه‌ک ڕووی نه‌دابوو. بەڵکوو به‌رپرسانی به‌عسی عێراق ئەرتەشی فاشیستی ئەو دەوڵەتە به ئه‌نقه‌ست و پلان بۆ دارێژراو له‌و ڕۆژه‌دا په‌لاماریان هێنایه سه‌ر مه‌قه‌ڕه‌کانی کۆمه‌ڵه. ئه‌وان به نیازی زه‌ربه‌یه‌کی کاری‌تر و گورچکبرتر له کۆمه‌ڵه ، به تایبەت لە سەروو بەندی کونگرەی شەشی کۆمەڵە بوون.
هه‌ر له‌و دۆڵه و چه‌ند ڕۆژ پێشتر کۆنگره‌ی ۶‌ی کۆمه‌ڵه به‌ڕێوه‌چوو و هه‌موو ڕێبه‌ڕایه‌تیی ئه‌و کاتی کۆمه‌ڵه و ژوماره‌یه‌کی زۆر له کادره ئه‌سڵییه‌کانی کۆمه‌ڵه که وه‌ک نوێنه‌ر له ناوچه جۆراوجۆره‌کان کوردستان هه‌ڵبژێردرابوون، له‌و دۆڵه و به‌شداری کۆنگره‌ی ۶‌ی کۆمه‌ڵه بوون. بێگومان ئه‌و کۆبوونه‌وه گه‌وره که له جنووب، ناوه‌ڕاست و شیمالی کوردستان و هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کادره‌کانی بۆ بانگهێشت کرابوو، له چاو دام و ده‌زگای مۆخابه‌رات و جاسووسه‌کانی به‌عس شاراوه نه‌بوو. به عسی عێراق ئه‌گه‌رچی به ناچاری و به پێی به‌ژه‌وه‌ندی خۆی که شه‌ڕ و ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران بوو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه پێوه‌ندی دامه‌زراندبوو و له ئاستێکی دیاریکراودا یارمه‌تی ده‌رمان، چه‌کوچۆڵ و پاره‌ی به کۆمه‌ڵه ده‌دا، به‌ڵام هیچکات له هاوکاری له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه ڕازی نه‌بوو و ده‌یزانی که به‌شێکی به‌رچاو له‌و یارمه‌تییه له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه له دژی خۆی به‌کار دێت. به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵه و به‌عسی عێراق له هاوکاری له‌گه‌ڵ یه‌ک، یه‌کی نه‌ده‌گرته‌وه و دوو بەرژەوەندی بە تەواوی دژ به یەک بوون. ڕاسته له‌و سه‌روبه‌ندە دوژمنێکی هاوبه‌ش، واته کۆماری ئیسلامیی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی له یه‌ک نزیک کرده بووه، به‌ڵام نه سیاسه‌تی هاوبه‌ش، نه‌ستڕاتێژی هاوبه‌ش، نه‌ڕێگه‌ی به‌ربه‌ره‌کانێ هاوبه‌ش له دژی کۆماریئیسلامیی و نه دۆستان و نه‌یارانی هاوبه‌ش له‌م هاوکایه‌دا وه‌ک یه‌ک نه‌بوون. بێجگه له‌وانه کۆمه‌ڵه لایه‌نێکی بێ ئازار و ده‌سته‌مۆ له‌و هاوکارییه بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق نه‌بوو، به‌ڵکوو هێزێکی سه‌ربزێو و یاغی بوو که گۆشتی ده‌وڵه‌تی عێراقی، له برینی خۆیده‌دا. ڕژیمی به‌عسی عێراقیش ئه‌و ڕاستییه‌ی به باشی ده‌زانی. به‌عسی عێراق ده‌یزانی که یه‌که‌م گیانبه‌ختکردوو، یه‌که‌م کادر و یه‌که‌م پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه واته هاوڕێی “سه‌عید مۆعینی” ناسراو به “خانه”، رۆژی ٣١جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۵٧ لە کاتی مه‌ئمووریه‌تێکی ته‌شکیلاتی که بۆ لای سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و کاتی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستانی عێراق ده‌چوو، له ئاوای “دڕی” له نزیک ناوچه‌ی ماوه‌ت له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌ڕته‌شی فاشیستی به‌عسی عێراق گیانی به‌ختکردبوو. هه‌روه‌ها ئه‌وان باش ده‌یانزانی که مه‌قه‌ڕ و باره‌گاکانی کۆمه‌ڵه له هه‌موو شوێنه‌کانی کوردستان ببوون به شوێنی یارمه‌تی و حەوانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی عێراق، به تایبه‌ت هێزه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان. ده‌شیانزانی ئه‌و پاره و چه‌کوچۆڵه‌ی کۆمه‌ڵه به‌عسی عێراقی وه‌رده‌گرێت به‌شێکی ناڕاسته‌وه‌خۆ له‌دژی خویان به‌کار دێت. هه‌روه‌ها باش ده‌یزانی که کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌ری کۆمۆنیست و چه‌پی عێراقی که سیاسه‌ت و رێبازی حیزبه‌کانی کوردستانی عێراق یان قه‌بووڵ نه‌بوو، له ناو ڕیزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا خه‌بات ده‌که‌ن و ئه‌وانه ده‌نگ و ڕه‌نگیان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستی له کوردستانی عێراق ده‌بێت. هه‌روه‌ها که‌م نه‌بوون ئه‌و گرووپ و که‌سایه‌تییه کۆمۆنیست و چه‌پانه‌ی کوردستانی عێراق که له نێو شاره‌کانی ئه‌و وڵاته خه‌باتیان ده‌کرد و له‌ژێر کاریگه‌ری و بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمه‌ڵه و مارکسیزمی شۆڕشگێڕی ئه‌و کات، خۆیان پێناسه ده‌کرد و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ڕۆژ و چه‌ندین هه‌فته له مه‌قه‌ڕره‌کانی کۆمه‌ڵه ده‌مانه‌وه و ده‌راسه و خۆێندنه‌وه و قسه و باسیان ده‌کرد.
ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و ئه‌رکانه بۆ کۆمه‌ڵه به‌شێک له سیاسه‌تی چینایه‌تی و ئه‌نترناسیۆناڵیستی و خزمه‌ت به بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کرێکاریی ئه‌و وڵاته و له‌ڕاستیدا به‌شداری و ئه‌دای سه‌همی کۆمه‌ڵه له‌و بزووتنه‌وانه‌دا بوو. بۆ کۆمه‌ڵه پرنیسب و پڕستیژ بوو که مانه‌وه‌ی له کوردستانی عێراق نابێت له سه‌ر ئارق و ڕه‌نجی ئه‌و خه‌ڵکه و خه‌باته ڕه‌واکه‌یان بێت، به‌ڵکوو ده‌بێت یارمه‌تیده‌ریان بێت و ڕه‌نج و ئازاره‌کانیان له‌سه‌ر که‌م کاته‌وه و له‌گه‌ڵیان به‌شدار بێت. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه بۆ ڕژیمی فاشیستی به‌عسی عێراق که له پێش چاوی ئه‌نجام ده‌درا، هێڵی سوور و یاری به ئاگر بوو. فشار و زه‌ختی عێراق بۆ کۆمه‌ڵه به بیانووی پاراستنی ئه‌منییه‌ت و دوور خستنه‌وه له سنووره‌کان، له ڕاستیدا بۆ دوور خستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه لە جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و له‌و ئه‌رک و سیاسه‌تانه بوو که ئه‌نجامدانی بۆ کۆمه‌ڵه پرنیسب بوو. په‌لاماری هه‌وایی به فڕۆکەی جه‌نگیی و بۆردوومانی شیمیایی باره‌گاکانی کۆمه‌ڵه له ڕۆژی ٢۵ی گوڵانی ساڵی ١٣۶٧ی هه‌تاوی، ئوپه‌ڕی ده‌ڕه‌نده‌یی، بێ ڕه‌حمی و قین و تووڕه‌یی ڕژیمی فاشیستی به‌عسی عێراق له کۆمه‌ڵه و سیاسه‌ته‌کانی بوو که به داخه‌وه به قیمه‌تی گیانبه‌ختکردنی ٢٣ هاورێی قاره‌مان و فیداکار، سیمای ناسراو و خۆشه‌ویستی ناو جه‌ماوه‌ری کوردستان و ئێران و هه‌روه‌ها کوردستانی عێراق ته‌واو بوو.
هاوکاری و هاوده‌ردی و یارمه‌تی بێده‌ریغی خه‌ڵکی ڕانییه، دۆڵی پڵینگان و سه‌رکه‌بکان، له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و سڵ نه‌کردن له زیندان و مه‌رگ بۆ هاوکاری و نه‌جاتدانی گیانی ژوماره‌یه‌کی زۆر له مه‌سووم و برینداره‌کان، غه‌مخۆری و تێکه‌ڵیی سه‌رووماڵی کۆمه‌ڵه و جه‌ماوه‌ری ڕه‌ش و ڕووتی کوردستانی عێراق بۆ کۆمه‌ڵه و سیاسه‌ته‌کانی نیشاندا. ئه‌و یارمه‌تی و هاوکارییه جارێکی دیکه نیشانی دا و ئیسباتی کرد که کۆمه‌ڵه له خزمه‌ت به‌و خه‌ڵکه و دژایه‌تیی به‌عسی عێراق، ئه‌گه‌رچی به قیمه‌تی گران بۆی ته‌واو بووه، به‌ڵام مایه‌ی شانازیه‌تی و به‌شێک له لاپه‌ڕه زێرێنه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵه و پێوه‌ندی و دیپلۆماسی ساڵم و نه‌شاراوه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ڕه‌نده‌ترین ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌م واته به‌عسی عێراق بووه. ئه‌مڕۆ له کاتێکدا یادی ئازیزانی بۆمبارانی شیمیایی دۆڵی بۆتێی کۆمه‌ڵه ڕێز لێده‌گرین که ١۴ ساڵ به‌سه‌ر له گۆڕنانی ڕژیمی فاشیستی به‌عسی عێراق تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵک عێراق و کوردستان هێشتا به‌ویست و ئاواته‌کانیان که ئازادی و مافی ژیان و دیاری کردنی چاره‌نووسیان به‌ده‌ستی خۆیانه، نه‌گه‌یشتوون. شه‌ڕ، ڕۆژ ڕه‌شی، بۆنیادگه‌رایی ئیسلامیی و کۆنه‌په‌رستانه، تێرۆر و ته‌قینه‌وه و نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت، سێبه‌ری به‌سه‌ر به‌شی زۆری ئه‌و وڵاته کێشاوه. خه‌ڵکێک که به‌ده‌ستی خۆیان دیکتاتۆره‌کان نه‌ڕۆخێنن و ئیراده‌ی خۆیان له جێگه‌ی دانه‌نێن، ده‌بێ به ئامرازی ده‌ستی زلهێزه‌کان و هێزه مه‌زهه‌بی و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کان و ڕه‌نج به‌خسار ده‌بن.
ئەمرۆ ناوچەکە به ئاقارێکی مەترسیداردا تێپەر دەبێت. کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ناوەندەکانی ئەسلی کێشە و ناسەقامگیری ئەم ناوچەیە. ئەم دەسەڵاتە سەرەرۆ، داپڵۆسێنەر و ئایینییە لە ناوخۆی وڵاتیش ، ئێرانی کردەوە به بەندیخانەیەکی گەورە بۆ زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی ئەم وڵاتە و درگای کۆماری ئیسلامی لە سەر گێژنەی کۆن و سواو دەچرخێت و به مرۆڤایەتی نامۆیە . هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی ئیجابی بە هێزی ئیرادە و هاوپشتی جەماوەری کرێکار و زەحمتکیش و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان ، ئاسەوار و دووارۆژی گەشی تەنیا بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نابێت، بەڵکوو رۆشنایی ئەو ئاڵوگۆرە لە خوارەوەی کۆمەڵگا، هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە ، هەروەک سێبەری دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامیش هەموو ناوچەکە و بگرە ئەولاتریشی بەرەو شەر، کوشتار، بنیادگرایی ئایینی و تاریکی برد. لەوەها هەلومەرجێکدا ئەرکێکی گرانتر لە جاران لە سەر شانی کۆمەڵە و بەرەی چەپ و کۆمۆنیست لە ئێران و کوردستان دەبێت کە پێویستە خۆمانی زیاتر لە جاران بۆ ئامادە بکەین .
٢٩ساڵ پاش کارەساتی گورچکبڕی بۆردوومانی شیمیایی دۆڵی بۆتێ و ساڵڕۆژی گیانبه‌ختکردنی ٢٣ خۆشه‌ویستی ئەو تاوانه کە لە هەموو کات زیاتر هەست به بوونیان بۆ کۆمەڵە و رەوتی کۆمۆنیستی کۆمەڵگا دەکریت، وێڕای دانه‌واندنی سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و ئازیزانه و بنه‌ماڵه سه‌ربه‌رزه‌کانیان، باشترین ڕێزگرتن له یادی و فیداکاریان، ته‌نها درێژه‌ی ڕێگایان و سووربوون له‌سه‌ر ئه‌و ڕێباز و ئامانجه پیرۆزانه‌یه که گیانیان له پێناودا به‌ختکرد.
یادیان به‌رز و رێگایان بەردەوام و پڕ رێبوار بێت.
٢۴/ گوڵانی/ ١٣٩۶