تهران پایتخت اعدام ٢ … مطلب به زبان کردى

تاران پایەتەختی سێدارە …! ( بەشی دووهەم )

عــــزیز ئاجیکەند

لە بەشی یەکەمی وتارەکەماندا ئاماژەمان بەوەدا کە لەیەکەم رۆژەکانی دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، بێدادگا ئیسلامیەکان یەکەمین کۆبوونەوەکانی خۆیان بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ نەیارانیان لە تاران ڕێکدەخەن. ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەش بوونە هۆی وەکارکەوتنی تیغی تۆڵە سه‌ندنەوەی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی داسپاندنی که‌ش و هه‌وای ترس و دەسەڵاتی وەحشەت لە سەرجەم کۆمەڵگادا و پته‌وکردنی بناغەکانی رژیمێکی توقێنەر کە خەریکی بنیاتنانی بوون. وتمان کە یەکەمین ئێعدامەکان لە ٢۶ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣۵٧ دەسپێدەکەن. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەردەکاتوو سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی رژیمی ئیسلامی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دەکەوێتە خۆ. بەزویی و بەتایبەتی کاتێک کە خه‌ڵخاڵی جەلاد لە درێژەی مەئموریەتەکەیدا روو لەکوردوستان دەکات ، دەردەکەوێ کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری دەرحەق بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە رژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بەفه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی رژیمه‌ ئیسلامیەکەی، چاوترسێن بکات. وە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵکیش هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتی هەم لەبەردەستدا بوو هەم جەلادانێکی کار کوشتەو بە ئەزموونی لە چەشنی قەسابکەی کوردوستان جەنابی خەڵخاڵی جەڵادی لەبەردەستدا بوو.

ئێمە لە وتراەکەی پێشوماندا باسی تیغی تۆڵەو بەرێوەبردنی پیڵانی قیزەونی ” خۆمەینی” مان  بۆ لەناو بردنی نەیارانی خۆی هەتا سەرەتای دەسپیکردنی شەپۆلی بەرینی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣۶٧دا کرد . ئێستاش تێدەکۆشین لە درێژەی ئەوبابەتەدا ئاماژە بە درێژەی پیڵانەکەی خۆمەینی جەلاد و دەسڵاتدارانی تری کۆماری ئیسڵامی هەر لەو پەیوەندییەدا بکەین.

داسی مه‌رگی کۆماری ئیسڵامی لە‌ زیندانه‌کاندا، بۆ هیچکات لەوەستان نەکەوتو بگرە چاڵاک تریش بووە ، لەسەر هەموو تۆێژەجۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەل تاقی کرابۆوە . ڕەحمی بە ژن و منداڵ و پیرو ڵاو نەدەکرت بەساتی سێدارە لە زۆربەی شارەکان هەڵکرابوو. ئەوان سزای ئێعدامیان وه‌ک توندوتیژیه‌کی به‌ئانقه‌ست و ڕێکخراو، بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارانی سیاسی و ناڕازیانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ خزمه‌ت خوڵقاندنی که‌ش وهه‌وای ترس و نیگه‌رانی و بێده‌نگی  و مل که‌چ کردن، له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌کار دەهێنا . بەم جۆرە سزای ئێعدام بوو بە یه‌کێک له‌ پایەگرنگەکانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی‌ به‌ ئامانجی چاوترسێن کردنی خه‌ڵک و نەیارانیان.

  مانگی گه‌لاوێژی ئەمساڵ، ٣٢مین ساڵی به‌ڕێوه‌چوونی فه‌رمانی خومه‌ینی بۆ کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی به‌ندکراوانی سیاسییە لە ئێرانە. کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی به‌ندکراوانی سیاسی له‌ یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣۶٧ وه‌ دەستپێدەکات و له‌ ماوه‌ی مانگه‌کانی گه‌لاوێژ و خه‌رماناندا بە وپەری خۆی دەگا.

دوای نۆشینی جامی ژەهر لە لایەن  ” خۆمەینی” وەو کۆتایی هاتن بە شەری ماڵوێرانکەری نێوان ئێران و عێراق ، لە کردەوەیەکی زۆر بێبەزەیانەدا ” ١٠هەزار ” کەس  بە بیروباوەری جیاوە دەسبەسەرو ڕاپێچی زیندانەکانی کۆماری ئیسڵامی کران و پاشان کوشتارە بە کۆمەڵەکان  دەسپێدەکەن و ئەم کوشتارەش لە ١١٠ شاری ئێران بە کردەوە دەرهات .

لەو ماوەیەدا تەواوی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسڵامی پڕ بوون لە زیندانی سیاسی . زیندانییەکان لە حالەتی قەرەنتینەدا دابوون. هەموو چاوپێکەتنەکان ڕاگیرابوون . ڕادیۆو تلفزێۆنەکان لە حالەتی بێدەنگیدا بوون.

زێندانییەکان چوار چوارو لە گروپی شەش کەسیدا بەرەو لای پەتی سێدارە کە لە پێش سالۆنی کۆبونەوەکاندا هەڵاوەسرابوون ، رەوانە دەکران و لە چەن چرکەدا هەموو شتێک کۆتایی پێدەهات….

ژنان و کچانی ئێعدام کراو

زۆربەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە پەیوەند لەگەڵ کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە دەییەی شەستی هەتاویدا ، باس لە ژومارەیەکی سەرسور هێنەردەکەن کە زۆر جار ژومارەی ڕاستی کوشتارەکان نەزانراوە بەڵام بە هیمەتی نەیاران و شۆرشگێرانێک کەلەم پەیوەندییەدا کاریان کردوە باس لە  ١٢٠ هەزار کەس دەکەن کە یان لە سێدارە دراون و یان تیرباران. لەم رێژەیە ناوو ژیانی ٢٠ هەزار کەس زانراوە و وێنەو ژیان نامەیان لە بەر دەس دایە و لە سایتە جۆراو جۆرەکانی سەر بەلایەنە سیاسییەکان بەرچاو دەکەون.

لەناو سەرجەمی قوربانیادا ناوو وێنەی پێنج هەزار کەس لە ژنان و کچان بەرچاو دەکەوێ کە پێش ئێعدام کردنیان خراونەتە بەر سەخترین ئەشکەنجەکان و دستدرێژی جنسیشیان کراوەتە سەرو پاشان خراونەتە پای جوغەی ئێعدام.

بە پێی سەرژمێرێەکان :

  ۶٨١ ژن تەنیا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەس داوە و۵٣  ژنیان دوگیان بوو. ٧٨٩ کچی تەمەن ١١ بۆ ١٨ ساڵان بوون کە زۆر بەداخەوە زۆربەیان پێش کوشتاریان دستدرێژی جنسیان کراوەتە سەر .

دا بوە. ٢٣٠ کەس لەو ژومارەیە خۆیندواریان لەئاستێکی بەرز

هەبووە. ٧٣۴ کەسیان لیسانسیان

 ۴٠١٠ کەس خاوەنی دیپلۆم بوون.

 ٣٨١ ژن کارمەندو ٧٣ کەسیان هونەرمەند.

پێویستە بوترێ کە ژنان و کچانێکیش بوون کە لە شەقامەکان و کۆڵانەکان بەدەستی کۆماری ئیسڵامی تیرۆر کراون.

ناوو وێنەی ۶۴ تازەڵاوی کەمتر لە ١٨ ساڵانیش بەرچاو دەکەون کە بونە قوربانی پیڵانی قیزەونی کۆماری ئیسڵامی و زۆر درندانە تیرەباران کراون  .لە نێو ئەو ژومارەیە لە تازەڵاوان دوو تازەڵاوی ١١ ساڵە و سێ تازەڵاوی ١٢ ساڵە بەرچاو دەکەوێ . هەروەها  ٨ تازەڵاوی ١٣ ساڵە و ١٩ تازەڵاوی ١۴ ساڵە لی نێو تیربارانکراوەکاندا هەن . ٣٢ کەس لە ئێعدامکراوەکانیش تەمەنیان لە نیوان ١۵ و ١۶ و ١٧ ساڵان دابوە…

ژنانی کــــــــورد

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین دەرکەوتنی ژنان لە جوڵانەوەی سیاسی و خەباتی چەکداریدا ساڵانی (١٩۴۶-١٩۴٧) بووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی کۆماری مهاباد، ژنانی کورد لەو دەمەدا دواکەوتووترین توێژی ستەمدیدەی کۆمەڵگای کودستان بوون. ژنان بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیاندا بوونە خاوەن ڕێکخراوێکی تایبەت بە خۆیان کە لە بەرواری (١۵ی ئازاری ١٩۴۶)دا لە ژێر ناوی یەکێتیی ژنانی کوردستان یان یەکێتی یابانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی‌ (مینا خانم) هاوسەری  قازی محەمەد دامەزرا. یەکەمین ئامانجی ئەم یەکێتیە کۆکردنەوەی هێزی ژنان بوو بۆ پشتگیری کردن لە کۆمار و میللەت . ژنانی کورد بەبێ جاوازیی ئاستی خوێندەواری و شار و گوندەکان بەشدارییان لە تێکۆشانی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیی ڕەگەزدا کردووە و لەپال ئەوەشدا بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە هیرشیان کراوەتە سەرو لە ریزی یەکەمین قوربانیانی کۆمەلگاشدا بوون.لەدوای روخانی رژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری رژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی ژنان بەردەوان لە مەیدانی خەباتدا بوون و بە پشتیوانی کۆمەڵە لەهەموو مەیدانەکانی خەباتدا بەشدارو چاڵاک بوون . بێگومان تەنها هێزیک کە لە کوردوستان پشتیوانی ژنان بوو م کۆمەلە بوو . وە ئەم پشتیوانەی کۆمەلەش لە ژنان بوو بە چەقڵی چاوی دوژمنان بەتایبەت ئەوانەی کەبروایان بە مافی ژنان نەبوو.کۆمەڵە بە کردەوە پێشەنگی خەباتی ژنان لە کوردستان بوو وە توانی رچەشکێن بێت لە بواری هێنانی ژنان بۆ ناو جەرگەی خەبات‌و بە تایبەت خەباتی چەکداری‌و پێشمەرگایەتی. کە ئەمەش بۆ خۆی هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لەو کاتەی کوردستان‌ . وە کۆمەڵەش زۆر ژیرانە توانی ژنان لەهەموو چین‌وتوێژەکان بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە.

هێرشی کۆماری ئیسڵامی بۆ سەر کوردوستان لە ٢٨ی گەڵاوێژی سالی ١٣۵٨دا،  ئەگەر هێرشێک بوو بۆ ئەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی شۆرش لە کوردوستان لە ناو جەرگەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردوستاندا ، لە راستیشدا هێرشێکیش بوو بۆ سەر ژنانیش . لەبەر ئەوەی ژنان شان بەشانی پیاوان هاتبوونە مەیدانی خەبات بە دژی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو .هاتنە مەیدانی ژنان و هاوشان لەگەڵ سۆسیالیستەکانی کوردوستان نە بۆ رژیم تەحەموول دەکراو نە بۆ جەریانات و کەسایەتییەدواکەوتوەکانی کوردوستان . هە ر بۆیە ژنانی خەباتگێر لە کوردوستان لە دو مەیدان و لە دو جبهە دەبوونە قوربانی . ژنان لە هەرکام لەبەرەکانی شەڕ ، چ شەری ناوخۆێی و چ شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسڵامیدا ، مەحکوم بە دستدرێژی جینسی و مەرگ بوون . مێژوی خەباتی چەوساوەکانی کوردوستان بە باشی سەڵ،ێنەری ئەو ڕاستییە. ژنان لە کوردوستان ڕاپیچی زیندان دەکران و دەخرانە بەر توندوتیژترین ئەشکەنجەکان و حوحکمی سەنگەسارو ئێعدامیان بەسەردا دەسەپا. بە پێی ئەو راپۆرتانەی لە پەیوەندلەگەڵ ژنان کوردی لە سێدارە دراو بڵاو بۆتەوە دەری دەخەن کە لە سەدا نەوەدوو نۆ دەرسەدی تەمەنی ژنانی کوردی لە سێدارەدراولە نێوان ١٨ تا ٢۵ ساڵاندا بووە.

بە پێی سەرجەمی ئەو تۆژینەوانەی کە لە پەیوەند لە گەڵ ژنانی کوردا کراوە،

 دەری دەخەن کە :

 ۶١ ژنی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٣۵٨ تا ١٣۶٧ بە تاوانی چالاکی سیاسی  ئێعدام کراون . ئەم ژنانە لە کاتێکدا ئێعدام کراون کە ١٧ لەسەدیان ژێر ١٨ ساڵ ، ۵١ لە سەدیان لە نێوان ساڵەکانی ١٨ تا ٢۵ ساڵان ، ٢۵ لەسەدیان لە نێوان ٢۶ تا ٣٠ ساڵان دابووە کە رێکەتی لە سێدارەدراوی ٢٨ لە سەدیان لە نیوان ساڵەکانی ١٣۶٠ تا ١٣۶٢ دا بووە . ٢٢  لەسەدەکەی تریشیان لە نێوان سالەکانی ١٣۶٣ تا ١٣۶٧دا بووە.

لە نێوان شارەکانی مەهاباد ، رەزایە، تەورێز، تاران ، سەقز، شیراز، قەزوین ، کامیاران و مەشهەد ، زۆربەی ئێعدامکراوەکان لە شاری سنەدا رویان داوە . ژنانی شاری سەقز زۆرترین قوربانیانی ئەم شەپۆلە لە ئێعدامکراوەکان لە خۆیان دەگرن کە ۵۶ لە سەدیان تا دەورانی دەبیرەستان دەرسیان خۆیندبوو.

ئاخرین ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن کە لە گەڵ هاتنی خەڵخاڵی بۆ کوردوستان و دەسپێکردنی سەرەتاییترین ئێعدامییەکان لە کوردوستان لە ساڵی ١٣۵٨ تا ساڵی ١٣٧٠ ( ٨٣٢ ) بوون کە هەموییان تیرەباران کراون .

 لە ساڵی  ١٣۶٠دا ( ١۶٣ ) کەس و لە سالی ١٣۶٢ ( ١۶٠ ) کەسی تریش ئێعدام کراوە کە هەمویان تایبەت بە ژنان و پیاوانی کوردن کە لە میدانەکانی خەبات بۆ رگاری کرێکاران و چەوساوەکانی کوردوستاندا چاڵاک بوو.

لە سێدارەدان و زیندانی کردنی دایکانی زیندانی سیاسی

ژومارەیەکی یەکجار زۆر لە دایکانی زیندانیانی سیاسی کە تەمەنیان لە سەروی ۵٠ ساڵەوە بوو ، بە دەستی جەڵادانی کۆماری ئیسڵامی یان تیرەباران کراون یان خۆ پەتی سێدارە کراوەتە مڵیان و یان خۆ بۆ درێژ ماوە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسڵامیدا ماونەتەوە.

 لە کوردوستانیش کەم نەبوون ئەودایکە شۆرشگێرانەی کە یان تەواوی تەمەنیان لە زیندان دا بوو یان خۆ پەتی سێدارە کرایە مڵیان.

  بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردوستان و خەبات بۆ مسۆگەر کردنی خەباتی رەوای خەڵکی چەوساوەو هەژار تەنیا بە خەبات و شۆرسی تێکۆشەرانی  ناو جەرگەی خەبات نەچۆتە پێش بەڵکوو لەم بەرخۆدانەدا  دایکانێکی زۆر بەبێ ئەوەی ناوێکیان هەبێ ، بەشدار بوون و لە ڕاستیدا کۆڵەکەی ئەم شۆرشە بوون.

کەم نین ئەو دایکانەی کە شاهیدی مەرگی رۆلەکانیان بوون و لەم رێگایەدا کەلیک مەینەت و چەرمەسەریان بە دەس رژیمەکەی تاران کێشاوە.کەواتە بەم پێیە دەتوانین بڵێن کە دایکانی کوردوستان هەمووکاتێک دڵیان لەناو دەستیان دابۆەو رۆژانە هەزارجار مردون و زیندو بونەتەوە..

 با پێکەوە لە زمان خۆیانەوە لە ئازارەکانیان بدوێن..

رۆڵەکانم..!

من دڵم نایە بکەم شینتان

رۆلەکانی کوردوستان خۆش بن لە جێنشینتان

تەیارەی چەمران شانەو شاندەکات

داوای ڕۆڵەکانی کوردوستان دەکات

 خەڵخالی هاتوە بەوڵاتدا

رۆڵە جوانەکانمان دەبات لە زەکاتدا

هەی داد هەی بێداد نەوجەوانم رۆ

یەخسیرکێشەکان پادگانم رۆ

دایک ئێعدامێیەکان چییە حالیان

ئاگر دەبارێ لە دەور ماڵیان

دایک ئعدامییەکان بێن بۆ دوکانم

هەواڵ ئەم کۆستە من باش دەزانم

زۆرن ئەو دایکانەی کە خۆیان و بنەماڵەکانیان لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردوستاندا دەورێکی سەرەکیان گیراوە. قارەمانییەتی دایکانی پشت بەرەکانی شەڕی پێشمەرگانە لە کوردوستان نموونەی بەرچاوی خەباتی رەوای زیاتر لە ۴٢ ساڵی پێشمەرگەن کە هیچکاتێک فەرامۆش ناکرێ…

لە ڕاستیدا دایکانی شۆرشگێر لە کوردوستان سەمبولی خۆڕاگری و  بەرخۆدانی ژنانی کوردن کە بە درێژایی تەمنیان ترسیان دەخستە جەستەی بەکڕێگیراوانی کوردوستان.

زۆربەی ئەودایکانە ، دایکی ۵ رۆڵە ، ۴ ڕۆڵە، ٣ ڕۆڵە ، ٢ رۆڵە ، ١ رۆڵەی گیانبەخت کردون،  یان خۆ خووشک و خزمی رۆلەکانی پێشمەرگەو زیندانیانی سیاسی ناو ریزەکانی کۆمەلەو بزافی شۆرشگیرانەی خەلکی کوردوستانن کە دەورو رۆلی سەرەکیان هەبووە لە پێش چونی خەباتی رەوای خەلکی کوردوستان.

ژومارەی ئێعدامەکان

بە شیکی هەرە زۆری ئامارەکان باس لە ٣٠ هەزار کەس دەکەن کە لە سالی ١٣۶٧ دا بە فرمانی خۆمەینی لەسێدارە دراون . دەسپێکی ئەم شەپۆلە لەکوشتارە بە کۆمەڵەکان لە سەرەتاوە لە زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشتن و پاشان لە دەرفەتێکی زۆر کەمدا دەگوازرێنەوە بۆ زیندانەکانی تریش کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا.

مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی گەیشتبوون، ژمارەی کوژراوەکان  ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس باس کردوە و لەلایەکی تریشەوە لەسەر بنەمای هێندێک لە ڕاپۆرتەکان کوژراوەکان لە نێوان ۵ تا ۶ هەزار ئینسانی تێکۆشەر دایە کە لەم جەنایەتە سامناکەدا گیانیان لە پێناو خۆراگری و لەسەر بیر و بۆچوونەکانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ، لە ساڵێ ١٣٨۴ لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی ” وەزیرانی مەرگ” ، دەوری راستەوخۆی مستەفا پورمحەممەدی کە لە لایەن حەسەن روحانیەوە وەک وەزیری دادگوستەری دیاریکرابوو لە جەریانی ئێعدامی بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسیدا بەڵگەمەند کردوە. لە هاوینی ساڵی ١٣۶٧، موستەفا پورمحەممەدی، جێگری وەزیری ئیتلاعات ئەندامی هەیئەتێک بوو کە بە هەزاران زیندانی سیاسی دوای بازجویی دو سێ خولەکی بەرەو جوخەکانی مەرگ ڕەوانە کرد. ئەحکامی مەرگی زیندانیانیەکان لە حاڵیکدا دەردەکرا کە دادگاکانی ” شۆڕش” پێشتر ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانەیان محاکەمە بە زیندان مەحکوم کردبوو وە دەورەی زیندانیان تێپەڕ کردبوو. ئیبڕاهیم ڕەئیسی سەرۆکی قوەی قەزاییە ئێستای ڕژیم لە پۆستی دادستانیی کەرەج و هەمەدان دا یەکێکی تر لە بەڕێوەبەرانی سەرەکی ئێعدامەکانی هاوینی ۶٧ بووە. عەلی ڕەبیعی وتەبێژی ئیستای دەوڵەتی روحانیش لە فەرماندەکانی یەگانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە دەیەی ۶٠ و لە عاملینی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣۶٧ دا بە ئەژمار دێت.

یادو ناوی هەموو زیندانیانی سیاسی بەرزو بەرێز رادەگرین …

کۆتایی بەشی دووهەم