دو مطلب به زبان کردى … یادى از قربانیان شهر سردشت + پیدا کردن نان در سایه مرگ

 دۆزینەوەی نان لەژێر سێبەری مەرگدا

 ( وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانی قەدەغە بوونی کاری منداڵان)

عـــــزیز ئاجیکەند

٢٢ی جۆزەردان وەک رۆژی جیهانی قەدەغە بوونی کاری منداڵ دیاری کراوە. دروشمەکان لەو ڕۆژەدا بانگەوازی بە مەیدان هاتنی ژنان و پیاوانیکی ئازادیخواز دەکات کە دژی کاری مناڵانن.

ئەمڕۆ بە سەدان ملیۆن منداڵ لە دنیادا هەن کە لە بارودۆخێکی گەلێک نا مرۆڤانە و پڕ مەتەرسیدا دەژین وبەشێوەی بەردەوام، شان بە شانی گەورەکان خەریکی کاری تاقەت پروکێنن. منداڵ لەبەر چاوی گەورەکاندا لە بارودۆخێکی کۆیلە ئاسادا لە کارخانە، مەزرا، مەعدەن، خیابان و باقی ناوەندەکانی کاردا کار ده‌که‌ن. ئەگەرچی کاری منداڵ ڕیشەی لە هەژاری و دەست کورتی کەسوکاریان و بەرین تر بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکان دایە، هەژاری و نابەرابەریش بە نۆرەی خۆی، ڕیشەی لە چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان و قوڵ بونەوەی قەیرانەکان دایەکە ئەم ڕاستیە تاڵ و حاشا هەڵنەگرە زیاتر لە پێشو لە حاڵی پەرەسەندن دایە. بەپێی راپۆرتی سازمانی جیهانی کار، ٢٢٠ ملیۆن منداڵی کار له‌ دنیادا هەن کە نیوەیان خەریکی ئەنجامدانی کاری پر مەترسین . دەوترێ لە ژمارەی منداڵانی کار، ۶١ لەسەدیان لە ئاسیا، ٣٢ لەسەد لە ئافریقا و ٧ لەسەدیان لە ئامریکای لاتیندا دەژین. بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانەی منداڵانی کار لەخۆ دەگرن ژمارەیەکی باوەڕ پێکراو لەو منداڵانەی کە خەریکی کاری حیرفەیین و بەدرێژایی رۆژ کاردەکەن، نادەن بەدەستەوە. دەیان ملیۆن لە منداڵانی کار لە ناوەندە کرێکاریەکاندا تۆمار ناکرێن و بەشێوەی نایاسایی و ڕەش کاریان پێدەکرێت، لە ئاکامدا ژمارەی منداڵانی کار گەلێک زیاترە لەو ڕێژەیەی کە لە ئامارەکاندا دەیبینین. لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی کۆچ کردن بەرەو ئوروپا و ئامریکا و توند بوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا، پێی منداڵانی کار و خیابانی گەیشتۆتە ئەم وڵاتانەش. بێجگە لەوە، لە ئاکامی شەڕە وێرانگەرەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی لە چوارگۆشەی دنیادا و لە وڵاتانی هەژار و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، دەیان میلیۆن منداڵی ئاوارە و بێ سەرپەنا، وادار بە کۆچ کردنی ناچاری کراون.

مناڵان لە ئێڕان :

وڵاتی ئێران ئەگەر بۆ سەرجەم شارۆمەندانی دۆزەخێکی گەورەیە ، بێگومان بۆ منالان وێڕانەیەکە کە تێیدابێڕەحمانە شیرەی گیانیان دەکێشرێ. لێرە لە ئێران هیچ جۆرە ئامارێکی باوەڕ پێکراو دروست سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لەبەر دەستدا نییە. هەڵبەت ناڕاستی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا تایبەت بە چارەنوسی منداڵانی کار نییە. ئامارە ڕەسمیەکان لە ئێران باس لە بوونی ٣ ملیۆن منداڵی کار دەکەن بەڵام بەپێی ئامارە ناڕەسمیەکان، ژمارەی منداڵانی کار زیاتر لە ٨ ملیۆن منداڵی ژێر ١۵ ساڵ بەراورد دەکرێت. ئەم ئامارە زۆربەی رۆژنامەکانی نێوخۆش بڵاوی دەکەنەوە. شەپۆلی منداڵانی کار لە گۆشەو کەناری ئێران بە ڕواڵەتی شارە گەورەکانی ئێرانەوە بە روونی دەبیندرێت. لەم نێوانەدا سەهمی ناوچە حاشیه‌نشینه‌کانی وڵات لەوانە ئوستانەکانی کوردستان، ئازەبایجانی غه‌ربی، کرماشان، سیستان و بەلوچستان و خوزستان لە بواری بەکارهێنانی کاری منداڵانی ژێر ١۵ گەلێک زیاترە. لێکۆلینه‌وه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن کە هەژاری ڕیشەی سەرەکی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی منداڵانی کارە. زیاتر بوونی هەژاری لەنێو بنەماڵە کرێکارییەکان و کۆچبەرانی دانیشتوی ئێراندا بەمیلیۆن منداڵی سەربەو خەڵکەی، رۆژانە ڕەوانەی بازاڕی کار و خیابان کردووە و ئەوانی لە دنیای منداڵانەیان بێبەش و بەر بە گەشە کردنی سروشتی، کۆمەڵایەتی، ڕەوانی و جەستەییان گرتووە.

بەم جۆرە نەمامی شلکی تەمەنی ئەم مرۆڤە چکۆلانە لە ئێراندا بە بێ بەشی و ڕەنج و کار فەرسودە دەبێت و دەژاکێ. ئەم مندالانە بە جێگای بەهرەمەند بوون لە دەرفەتەکان، نێعمەت و چێژی ژیانێک کە مافی سروشتی هەر منداڵێکە، بە جێگای تێپەڕ کردنی ئەم دەورە کورت و شیاوی نەگەڕانەوەی تەمەنیان لە ئاموزش و یاری، بە ئامانجی پەروەردە کردنی سڵامەتی جەستەیی و رۆحی، پەروەردە بوونی ئیستعدادەکان و خەلاقیەتیان، ناچار دەبن لە هەمان سالەکانی سەرەتای ژیاندا، خەریکی کاری دژوار و تاقەت پڕوکێن بن و جستە و دەروونیان فەرسودە بێت. بە داخەوە بۆ بەشێک لەم مندالانە، خیابان نەتەنیا شوێنی کار بەڵکو بۆتە شوێنی ژیانیشیان. ئەمە بەشی کۆمەڵێک لە منداڵانی بێ پشت و پەنا و ستەمدیتوە لە ژیان بەسەر بردن لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی نەحسی کۆماری ئیسڵامیدا.

مندالانی کار لە ئێران لە بارودۆخێکدا ناچار بە تەحەمول کردنی ئەم گشتە رەنج و ئازارەن کە لە حاکمیەتی ڕژیمی دز و گەندەڵی ئیسلامیدا سالانە دەیان حاڵەتی دزی و ئیختیلاس و ڕانت خۆری کەڵانی بەرپرسان و کەسانی سەربە ڕژیم ئاشکرا ده‌بێت. بە میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی سەرفی دام و دەزگای پان بەرینی شەڕ و سیخوڕی و سەرکوت دەکرێت. بە میلیارد دۆلار سەرفی دەمودەزگای روحانیەت و تەبلیغی جەهل و خورافەی دینی دەکرێت. بەمیلیارد دۆلار خەرجی سیاسەتی زیدەخوازنەی ڕژیم و یارمەتیدانی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا دەکرێت. بێ گومان ئەم بڕە پارە سەرسوڕهێنەرە لە سفرەی هەمان کرێکارانی گەورە و منداڵانی ڕەنج و کاری خیابانی ئەدزرێت.

 مناڵانی کوردوستان

منداڵان ڵێرە  بێ ماف ترین و بێبەشترین تۆێژی کۆمەڵگای کوردوستانن

منداڵانی کورد لە بێ ماف ترین و ستەمدیتو ترین بەشی کۆمەڵگای کوردوستان دێنە ئەژمار. هەژاری بنەماڵە لە هەمان کاتەوە کە منداڵ لە ڕەحەمی دایکیدا گەرا دەگرێ و بەر لە هاتنە دنیا ، گیرۆدەی دەبێت. کاتێک دایک لە دەورانی دووگیانیدا لە خواردنی تایبەتی جێی پێداویستی بۆ پەروەردە کردنی سالمی منداڵ لە ناخیدا بێبەشە، کاتێک دایکێک پێویستی بە چاودێری تایبەتی پزیشکی لە دەورانی دوگیانیدا هەیە و دەستی نایگاتێ، کاتێک دایکێک بەردەوام لە دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانی بۆ داهاتوی منداڵە هێشتا لە دایک نەبووەکەی دایە، هەژاری و کەمایەتییەکانی ژیانی بە کرده‌وە دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەڵەکەی نێو ڕەحەمی. هاوکات لەگەڵ هاتنە دنیای منداڵەکە موسیبەتە تازەکان یەک لەدوای یەک دەست پێدەکەن.

کەم نین بنەماڵەی زەحمەتکێش لە شار و دێهاتەکانی کوردوستان کە ناتوانن ئیمکاناتی چوون بۆ قوتابخانەیان دابین بکەن و منداڵەکانیان بەرەو فێربوونی کارێک بۆ دابین کردنی داهاتویان پاڵ پێوەدەنێردرێن. کەم نین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ١٠- ١٢ ساڵیدا دەبێ لەبیری نان پەیدا کردن و تێر کردنی سکی خۆیاندا بن و تەنانەت بشبنە نان ئاوەری بنەماڵەش. لەم تەمەنەدا ئەنجامدانی بەشێک لە کارەکانی ماڵەوە و یان مەزرا لە دێهاتەکان لە ئەستۆی منداڵانە. کاری تەون، کار لە کارگا چکۆلەکان و کوروخانەکان، کار لە مەزراکان، دەست فرۆشی، بۆیاغ کردنی کەوش ، کۆڵبەری لە سنوورەکان و هیتر لە دیاردە زۆر باوەکان لە کۆمەڵگای کوردوستانن کە مناڵان ڕۆڵی تێیدا دەبینن .ئەمڕۆ لە کوردوستان دیاردەی منداڵانی کار و خیابانی و تەنانەت کۆڵبەریش بۆتە بەشێک لە ڕاستیەکی تاڵ و حاشا هەڵنەگر کە دیمەنەکانی بەشێکی زۆری کوچەو کۆڵانەکانی شارودێهاتەکانی کوردوستان پێک دێنن . مناڵان لێرە بە جێگای منالی کردن و چێژوەرگرتن لە دونیای مناڵی دەبێ لەشی وردوناسکیان بخەنە بەر کاری سەخت و تاقەت پروکین.

لە کوردوستان کە زۆربەی خەڵکەکەی لەژیر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە هەر ٣ کەسی ئامادەی کار کەسێک بێکاره‌، دیاره‌ دەبێ منداڵانی کرێکاران و باقی توێژی هەژاریش بێبەش لە سەرەتایی ترین ئیمکانات، ئاوا بێ به‌زه‌ییانه‌ دونیای ئاره‌زوه‌کانیان له‌ ژێر پێی قازانج په‌ره‌ستیدا پاماڵ بکرێ و بخڕێتە پشت گۆێ.

ئەوەی تا ئێستا لە سەر منالان باسکرا تەنیا گۆشەیەک لە سیمای ژیان لە وڵاتێک دایە کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی دانیشتووه‌. لە وڵاتێکدا کە تێیدا بە ملیۆن ئینسانی کرێکار، رۆژانە سه‌روه‌ت و نێعمەت بەرهەم دێنن و خۆیان لە حاسڵی کارەکەیان بێگانەن، لە وەها وڵاتێکدا بە سەدان هەزار لە منداڵان ناچارن نانی رۆژانەی بنەمالەکانیان لە جیاکردنەوەی زبڵ و زبڵدانەکاندا دابین بکەن. بەڵام ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسیکی چار هەڵنەگر نییە بۆ ئەو منداڵانە. ئەم بارودۆخە دەکرێت و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە وەها چارەنووسێک هیچ ڕێگایەک بێجگە لە دەست دانە دەستی یەکتر و خەبات کردن لەدژی ڕژیمێک و مۆناسباتێک کە منداڵانی بێتاوان بەم شێوەیە بیڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش دەکات، نییە. ئه‌م دژواری و بێبه‌شییه‌ که‌ به‌سه‌ر منداڵان و تازه‌ لاواندا سه‌پاوه‌، ده‌بێ بە هەوڵ و هیمەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و لایەنگری مافەکانی مناڵان بگۆردڕێ.

کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت کۆنوانسیۆنە نێو نەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە قەدەغە بوونی کاری منداڵانی قەبوڵ کردوە. بەڵام قەبوڵ کردنی ئەم قانونە بۆ ڕژیمی ئێران تەنیا لایەنی فۆرماڵ و ڕازێنەرەوەی هەیە. لە کردەوەدا به‌ڕێوه‌ ناچن و کۆماری ئیسلامی گوێ ناداته‌ ئەو ڕەخنانەی کە لە لایەن ناوەندە جیهانیەکانەوە مەتڕەح دەکرێن. ڕیاکاری و پەیمان شکێنی خسڵەتی زاتیی ئەم ڕژیمەیە. لەمڕوەوە بۆ دابین بوونی مافەکانی منداڵانی کار ، دەبێ ڕێگایەکی تر بگیرێتەبەر. کۆتایی هێنان بە کاری منداڵان لە گرەوی روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دایە وەک هەنگاوی یەکەمی خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی لێورێژ لە ڕیفاه و دابینکەری مافە کۆمەڵایەتیەکانی منداڵان. دامەزراندنی ئاوا کۆمەڵگایەک لە گرەوی بەرەوپێش چوونی خەباتی رەوای کرێکاران و زەحمتکێشانی شۆرشگێر دایە ..

نا بۆ کاری منالان

بەڵێ بۆ ژیانێکی ئاسودە بۆ هەموو مناڵان

 +++

سەردەشت، مەرگەساتێکی لە بیر نەکراو (یادێک لەو قوربانیانەی شاری سەدەشت کە لە مەمڵەکەتی ئازارو خۆێندا بوونە قوربانی قیزەونترین پیلانی ڕەشی دەولەتەکان )
عزیز ئاجیکەند
تەنیا حەوت رۆژ لە یەکەمین مانگی هاوین تێپەریبوو. تەنیا چەند چرکەساتێک بەر لەوی کاتژمێر ببێتە  ۴ و سی خولەکی دوانیوەرۆ، لەپڕ چەند پەڵەی رەش بالی بەسەر ئاسمانی شاری سەردەشت دا کێشا . بێدەنگێکی ژاناوی شاری لەئامێز گرت. چەن چرکەیەک دواتر چەند فرۆکەیەکی هەڵگری گازی شیمیایی بەسەر شارەکەدا گرماندیان و ۴ بۆمبیان بەسەر شاردا هەڵداو ٣ بۆمبی تریشیان بەسەر ئاواییەکانی دەروبەریدا خستە خوارەوەو بەم جۆرەو تەنیا لەم چەند چرکەساتەدا ، سەردەشت وەک یەکەمین شاری قوربانی چەکە شیمیاییەکانی دەسکردی دەستی بەشەر بەدوای ” هێــــرۆشیما و ناکازاکی ”  لەئاستی جیهاندا ناسروا و ناوبانگی شارە خنکێندراوەکەی کوردوستانی رۆژهەڵاتی بۆخۆی تۆمار کرد و هیچ خوداییەکیش نەهات بە هاورای لێقەوماوان و خنکێندراوەکانی ئەو شارە زامدارەدا …
مامەوەی ٨ ساڵ بوو لەنێوان دوو دیکتاتۆری بە خۆین تینووی کوردان ” ئێران و عێڕاق”شەرێکی خۆێناوی و دواکەوتوانە داگیرسابوو. پێش کارەساتی شیمیایی بارانی شاری سەردەشت چەندین جار لەڵایەن دەولەتی لەناوچووی سەدام حۆسێن ناوچەی پڕلەسەوزەلانی شاری سەردەشت بۆمباران کڕابوو وە هەرجارەی چەندین کەسی لێ ببونە قوربانی . بەڵام پـــەلاماری رۆژی حەوتی پوشپەری سالی ١٣۶۶ی هەتاوی  وەک هێڕشی جاری جاران نەبوو کە بەدانی چەند قوربانێیەک ئەو رۆژەبەفەرامۆشی بسپێردرێ و یا چەند رۆژدواتر دانیشتوانی شارو ئەم دەڤەرە دەست بکەنەوە بەکاری ئاسایی و رۆژانەی خۆیان، بەلکوو ئەو پەڵامارە دڕندانەیە ئەوەندە قورس و بەژان بوو کەئێستاش دوای ٣٣ سال بەسەر ئەو کۆمەلکوژێیەدا، زامدارانی ئەو کارەساتە بە ئێش و ئازارەوە دەتلێنەوە و هەموو ساڵێک چەندین کەس بەرەو ئەو مەنزلگەیە کۆچ دەکەن و لە تەنیشت قوربانییەکانی دیکەی ئەم روداوە دلتەزێنە لەگۆرستانی گردەسوور مـــەنزڵ دەگرن .
رۆژی حەوتی پوشپەر کە شاری سەردەشت بۆردومان کرا ، تەنیا چەند کەسێک نوەبوونە قوربانی بەڵکوو لە ڕاستییدا شارێک خنکێندرا . شارێک ژەهر خواردوو کرا. ٧ی مانگی پوشپه‌ر لە چەند چرکەدا کارەساتێک خولقا کە تا بە ئەمرۆش ئاسەواری ئەم جینایەتە لەسەر ژیان و شێوەی گوزەرانی قوربانیانی ئەو روداوە دلتەزێنە قورسایی دەکات .
ئێوارە بوو ، سێبەرەکان بە هێمنی لە داوێنی پووشپەڕدا شۆردەبونەوە. سەرچاوەی سەردەشت ، وەک دلی شار چاوەروانی دیداری ئەویندارانی دەکرد. خوڕەی ئاوی جۆگەکانی تەنیشت شەقامی سەرەکی شار بە هێواشی بەسەر پشتی شاردا رێگایان دەبری و تێکەل کلۆڵی سنووربڕ دەبوون. گەرەکەکانی شار هەموویان لە سەمای ژیاندا بوون و خوازیاری ئارامی ، بەڵام سێبەری شوومی نەهامەتی شەڕی خۆێنمژەکان هێشتاکەش بەرۆکی وڵاتی بەرنەدابوو . ئێوارە بوو چاوەکانی شار چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەر لەسنووری ئاسمانی پووشپەر و خۆرەتاودا بەدیدەکەن . فڕۆکەشەرکەرەکانی دیکتاتۆرە خۆێنمژەکە دیواری بێدەنگی شار دەشکێنن و وەک میر غەزەب و نۆێنەری ترس و مەرگ لەئاسمانی ئەو ئێوارەییەی سەردەشت دا دەلورێنن. ئەوان بۆ فڕێدان و خستنەخوارەوەی بۆمبەکان ، خۆیان بۆناو  قووڵایی شا ر شۆرکردۆتەوەو پاشان دووکەلێکی سپی و زەرد وەک تۆری مەرگ و کارەسات جەستەی شارو شارۆمەندەکانی داپۆشی . به‌م جۆره‌ و تەنیا لە چەند چڕکەدا کاره‌ساتێکی ده‌ڵته‌زین خولقا که‌ خه‌مێکی یەکجار قورسی خسته‌ سه‌ر دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو مرۆڤدۆستانی ئێران و جیهان. له‌ جه‌ریانی رودانی ئه‌م تاوانه‌ مێژوییه‌دا، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری گیانیان به‌خت کرد، ژماره‌یه‌کی زۆریش به‌ گازی ژاراوی مه‌سموم بوون به‌ جۆریک که‌ ئاسه‌واری ئه‌م جینایه‌ته‌ تا به‌ ئه‌مڕۆش ئازاریان ده‌د‌ات و مه‌ترسی خستۆته سه‌ر ژیانی نه‌وه‌ی داهاتووشیان. بومبارانی شیمیانی شاری سه‌رده‌شت له‌رووی به‌کارهێنانی جۆری سیلاحی کۆمه‌ڵکوژ که‌ له‌ دژی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌ کار هات ، خاڵێکی وه‌رچه‌رخان بوو له‌ شه‌ری کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراقدا. ساڵانی پێشتر سیلاحی شیمیایی له‌ ئاستێکی به‌رته‌سه‌ک دا له‌ لایه‌ن رژیمی به‌عسه‌وه‌ دژ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ کار هاتبوو. له‌ به‌ره‌کانی شه‌ریشدا، رژیمی عێراق جاروبار ئه‌م سیلاحه‌ی به‌ مه‌به‌ستی تاقی کردنه‌وه‌ به‌ کار هێنابوو، به‌ڵام له‌ ئاستێکی ئاوا به‌ریندا و له‌ دژی خه‌ڵکی بێ دیفاع شارێک، ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار بوو که‌ به‌م شێوه‌  له‌ شه‌ری کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراقدا ئه‌م سیلاحه‌ به‌ کار ده‌هات.
رژیمی به‌عسی عێراق چه‌ند مانگ دوای ئه‌و کاره‌ساته‌،جینایه‌تێکی که‌ڵێک گه‌وه‌رتر و سامناکتری له‌ شاری هه‌له‌بجه‌ خولقاند. له‌ ئاکامی بومبارانی شیمیایی شاری هه‌له‌بجه‌ دا، نزیکه‌ی ۵٠٠٠ ئینسان گیانیان له‌ ده‌ستدا و زیارتر له‌ ٧ هه‌زار که‌سیش، مه‌سموم و بریندار بوون.
قوربانییانی کیمیایی بارانی زەردە لە ناوچەی داڵاهۆ
هەروەها دەستی پڕلە جینایەتی دیکتاتۆرەکەی بەغدا بەوەش نەوەستاو لەکارەساتێکی دلتەزێنی تردا لە ٣١ی پوشپەری سالی ١٣۶٧گوندی” بانەزەرد “ی سەر بە شارەدێی ” زەردە”سەر بە ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشانی بە ۵ فرۆکەی تۆپ هاوێشی کیمیایی ،کردە ئامانج و جینایەتێکی تری خولقاند . ئەم گوندە سەر لە بەیانی رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی، بە تەنیا چەند رۆژ بە دوای ئاگر بەست و قەبووڵ کردنی بڕیارنامەی ۵٩٨ی شورای ئاسایش لە لایەن ئێرانەوە، بە ۵ فرۆکەی بۆمب هاوێشی کیمیایی لە لایەن ئەرتشی عێراقەوە هێرش کرایە سەر. لەو هێرشە نامرۆڤانەدا ٢٧۵ شارۆمەندی کورد کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی جێژنێکی ئایینی بوون، گیانیان لە دەست داو هەزاو ١۴۶  شارۆمەندی دیکەش بریندار بوون .
بۆمبارانی شیمیایی ئێوارە دڵتەزێنەکەی شاری “سەردەشت ” یش  لە چوار خاڵی قه‌ره‌باڵغیدا ڕوویدا. لەم هێرشەدا ١١٠ کەس لە دانیشتوانی غەیرە نیزامی شار کوژران و ٨ هەزار کەسی دیکەیش بەر گازی ژەهراوی کەوتن و بریندار بوون . بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە هێشتا و دوای تێپەڕ بوونی ئەم هەموو ساڵە ناچارن ئاسەواری پڕ دەرد و ئازاری ئەم تاوانه بۆ هەمیشە تەحەمول بکەن و بەشێک لەم دەرد و ئازارە بگوازنە بۆ نەوەکانی دوای خوێان.
شاری سەردەشت وەک یەکەم قوربانی کارەساتی بۆردمانی شیمیایی لە دنیادا دوای بۆمبارانی هەستەیی شاری هێروشیما لە وڵاتی ژاپن پاش کۆتایی شەری دووهەمی جیهانی لە لایەن ئەمریکاوە دێتە ئەژمار.
ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزەکان، ئه‌وانه‌ی که‌ سیلاحی شیمیائیان به‌رهه‌م هێنابوو و دابویان به‌ تاوانبارانی شه‌ڕ، به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی خۆیان چاویان له‌ جینایه‌تی بومبارانی شاری سه‌رده‌شت پۆشی و به‌م جۆره‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان به‌ رژیمی سه‌دام دا، که‌ ئه‌م جینایه‌ته‌ له‌ ئاستێکی به‌رینتر و پڕ کاره‌ساتردا له‌ شاری هه‌لبجه‌ دووپات کاته‌وه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ ساڵی ١٩٢۵ی زاینیدا، رێکه‌وتن نامه‌ی، قه‌ده‌غه‌ بوونی به‌رهه‌م هێنان و به‌ کارهێناتی سیلاحی شیمیائیان په‌سه‌ند کردبوو. به‌م حاله‌شه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی ئه‌م سیلاحه‌ ده‌ستیان نه‌ده‌پاراست.
کۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی ٣٣ ساڵێک که‌ له‌ رودوای بومبارانی شیمیای شاری سه‌رده‌شت تێپه‌ڕ ده‌بێ، جگه‌ له‌ مه‌زلووم نمایه‌کی ریاکارانه‌ و پێدا هه‌ڵکوتن به‌شه‌ری ٨ ساڵه‌ و پێروز کردنی ئه‌م شه‌ره‌ و جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ پاکانه‌ کردن بۆ جینایه‌ته‌کانی خۆی له‌و شه‌ره‌دا نه‌بێ، کارێکی بۆ قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ نه‌کردۆه‌. قوربانیه‌کانی بریندار و مه‌سموم ئه‌م رووداوه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆش به‌ ده‌ست ئازاره‌کانی و ئاسه‌واره‌کانی ده‌نالێنن.
ئه‌م رژیمه‌ هه‌موو ساڵێک به‌ بۆنه‌ی ئه‌‌م رۆژه‌وه‌ رێوه‌ره‌سمی تایبه‌ت به‌رێوه‌ ده‌بات و به‌مه‌به‌ستی پروپاگه‌نده‌‌ به‌ کاری دێنێ، به‌ڵام ته‌نیا شتێک که‌ به‌لایه‌وه‌ گرینگ نێه‌، ژیانی بازمانده‌گانی ئه‌م کاره‌ساته‌یه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ بریارده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی راسته‌وخۆی خۆلقاندنی ئه‌م کاره‌ساته‌، فرێ دراونه‌ ناو زبڵدانی مێژوه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و راستیه‌ له‌بیر نه‌که‌ین که‌ هاو ده‌ستانی ئه‌م جینایه‌ تکارانه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ر ئیستاش، هه‌ر له‌ شاری سه‌رده‌شت، رۆله‌کانی قوربانیه‌کانی ئه‌م جینایه‌ته‌ ده‌گرن و ده‌یان خه‌نه‌ زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن، له‌ ئێران له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن.
کات و شۆێنی بۆردومانەکانە شیمیاییەکانی کوردوستان
بەداخەوە لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆی گرنگ نەبوە کە خەڵک و شارەکانی کوردوستان بوردومان دەکرێن ، کات و رۆژی زۆربەی بۆردومانەکان نەزانراوە و نەنوسراوەتەوە یان خۆ بەداخەوە باس ناکرێن و بۆگەورەنەبونەوەیان باس ناکرێن و لەراستییدا دەشاردرێنەوە.زۆربەی بۆردومانەکان ٢سال پێش تەواو بونی شەڕە نیگریسەکەی ئێران و عێڕاق و پێش سەرکێشانی جامی زەهرەکە ، واتا لە سالەکانی ١٣۶۶ و ١٢۶٧رویان داوە. بەس کاتی بۆردومانی شاری سەردەشت بەهۆی بریندارەکان و خەلکەوەو کۆمەلە نێونەتەوەیەکانەوە بەشێک لەهێزەسیاسییەکان لەوانە کۆمەلە  زانراوە.
گەرەکی سەرچاوەی (سەرچشمە)ی شاری سەردەشت و چەند گوندی دەوروبەری لە رۆژی یەک شەممە ٧ی پوشپەر کاتژمێر چەند ساتێک دوای سەعات ۴ی سەرلەئێوارە بە چوار بۆمبی شیمیایی هەلگری گازی خەردل خنکێندرا.
شاری سەردەشت یەکەم شاری مەدەنی کوردوستانە کەبەدوای هێرۆشیماو ناکازاکی بە دەستی ئامریکا  ، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بۆردومانی شیمیایی کراوە .
شارو گوندەکانی کوردوستان کە بەر بۆردومانەکانی دەولەتی لەناوچوی عێڕاق کەوتوون :
١- گوندی گەرماوان سەربەشاری سەردەشت
٢- چەندگوندی دەوروبەری بانە لەوانە ئاڵۆت وهەروەها میک و باینجان لە دەشتی شلێر.
٣- چەند گوندی دەوروبەری مـــەریوان لەوانە قڵاجی کە تەنها لەیەک رۆژدا ١١ بۆمبی لێدرا.
۴- چەند گوندی دەوروبەری شاری شنۆ.
۵- چەندشاروگوندی دەوروبەری کـــرماشان لەوانە ( گـــوندی زەردە ) کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەمان پێکرد.
۶- نەخۆشخانی سرپێییلە سۆمار سەر بە قەسری شیرین.
٧- ناوچەی شێخ سڵە لە سلاس وباوجانی سەر بە شاری جوانرۆ.
٨- ناوچەی دێرە گوندەکانی سامارو شامار .
٩- ناوچەی کەربعەلی سەربەگوندی ویژاب لەداڵاهۆی کرماشان.
١٠- هەروەها لەبەشی دورەوەی کوردوستان ، دەوروبەری ئابادان و گیلانی غەرب.
بێ گۆمان له‌ سبه‌ێ رۆژی رووخانی ئه‌و رژیمه‌ دا، یه‌کێک له‌ هه‌زاران لاپه‌ره‌ی تاوانه‌کانی ئه‌م شه‌ره‌ کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌یه‌، بومبارانی شیمیایی خه‌ڵکی بێ دیفاعی شاری سه‌رده‌شت ده‌بێ که‌ مه‌زڵومانه‌ بوونه‌ قوربانی و گیانیان به‌خت کرد و یان بریندار و مه‌سموم بوون. به‌ڵام هه‌لرشتنی فرمێسکی تیمساحیانه‌ له‌ لایه‌ن رێبه‌رانی ئه‌مڕۆ رژیمی کۆماری ئیسلانی بۆ قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌، ناتوانێ ئه‌م راستیه‌ له‌ بیر خه‌ڵک بباته‌وه‌ که‌ چڵون خومه‌ینی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شه‌ر،   ئه‌م شه‌ڕه‌ی وه‌کوو به‌رکه‌تێکی ئاسمانی ناوی لێبرد و هه‌ڵسووڕاوانه‌ هێنا‌یه‌ خزمه‌ت سه‌قامگیر کردنی حکومه‌تی ئیسلامیه‌وه‌.
له‌ ساڵهاتی کاره‌ساتی مرۆڤی بومبارانی شیمیانی شاری سه‌رده‌شتدا نه‌فره‌‌ت ده‌که‌ین له‌ بریارده‌ران و به‌ریوه‌به‌ران  و هاوکارانی ئه‌م جینایه‌ته‌ گه‌وریه‌ و درود ده‌نێرین بۆ ئه‌م ئینسانه‌ بێ دیفاعانه‌ی که‌ له‌ جه‌ریانی ئه‌م کاره‌ساته‌دا گیانی ئازیزیان له‌ ده‌ست دا.
یادیان بەخێر