ریختن برگ های سیاسی رفراندم

وەرینی وەرەقە سیاسیەکانی  ڕیفراندۆم

سامان کەریم

Saman.karim5@gmail.com

دوای بڵاوبونەوەی بەشی یەکەمی باسەکەم” هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە  جاڕی ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتی کوردی!” و دەستپێکردنی بەشی دووەمی ئەو باسە، وتارێکی بەڕێز بارزانی لە ڕؤژنامەی بەناوبانگی ” واشنتن پۆست” دا بلاوبوەوە. ئەم وتارە گرینگی زۆری هەیە بۆ تیگەیشتن لە هەڵوێست و سیاسەتی ڕیفراندۆمی بارزانی وپارتی. لەم ووتارەدا بارزانی بە ئاشکرا دان بە ڕاستی سیاسەتی ڕیفراندۆمدا دەنێت. لەو تارەی پێشودا وتمان کە ڕیفراندۆم میکانێزمێکە بۆ جێبەجیکردنی سیاسەت، بەلام بارزانی خودی ڕیفراندمی کردۆتە سیاسەت. وتمان بەم مانایە ڕیفراندۆمێک وجودی نیە. بەڵکو بزوتنەوەیەکی سیاسی یە بۆ بەڵاریدابردنی خەڵک. و لە بیر بردنەوەی کێشەو گرفتە سەرەکیەکانیان و سەرخستن و دانانی بارزانی تا ئاستی پاڵەوانێکی نەتەوەیی ….

لەم وتارەدا کە دوای ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی هەموو ئەو ووڵاتانە دێت بە رانبەر بە ڕیفراندۆم کە پەیوەندیان هەیە بە هەلومەرجی عیراق و کوردوستان و ناوچەکەوە: ئەمریکا ، ڕوسیا، ئەلمانیا، بەریتانیا، تورکیا و ئێران و یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان…بارزانی ڕۆشن دەلێت دڵگران مەبن مەسەلەکە دەوڵەت نیەو بەڵکو ڕیفراندۆمێک دەکەین و کاری خۆمان پێێ هەیە. بەرێزیان دەڵێت: “لە کاتێکدا ئەنجامی ریفراندۆم دەبێتە پابەندبوون و حکومەتەکانی داهاتووی کوردستان پێویستە ئیلتیزامی پێوە بکەن و پێیەوە پابەندبن، بەڵام کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی پەیوەستە بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و راوێژکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دانوستانمان لەگەڵ بەغدا واقیعبینانە دەبێت. خاڵی هەرە ناکۆک ئەوە دەبێت کە چ ناوچەیەک دێتە سەر کوردستان”. ئەمە ناوەرۆکی وتارەکەیەو وتارەکەش هەر بۆ ئەم چەند دێرە نوسراوە بە تایبەت کە لە ڕؤژنامەیەکی زمان ئینگلیزی وگەورەو فراوانی وەک ” واشنتن پۆشت” دا بڵاودەبێتەوە. ( تەئکیدەکان هی منە)

لەم پەرەگرافەدا کە ناوەرۆکی وتارەکەیە، دوای ئەوەی خەڵکی کوردوستان دەنگیان داوەو دیارە لە ڕوانگەی ئەوو هەموانیشەوە خەڵک دەنگ دەدات بە جیابونەوەی کوردوستان و پێکهێنانی دەوڵەت. وە خەڵک بۆیە دەنگ دەدات بۆ ئەوەی جیابونەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕابگەیەنریت، ئەگەر نا ڕیفراندۆم هیج مانایەکی نیە. ڕیفراندۆم ڕێکەوتنی دوو وولات نیە، یان ڕیکەوتنی ئۆسلۆ نیە کە پەیوەندی هەبێت بە دانوسان و روێژکاری و ‌هێنان و بردنەوە، ماوەیەکی دیاریکراوە لە وتارەکەی پێشودا وتومە ۶-١٢ مانگ کە ماوەیەکی گونجاوەو زۆریشە بۆ جیبەچیکردنی ، ئەویش بۆ جێبەجێکردنی. بەڵام ڕاگەیاندنی دەبێت ڕاستەوخۆ بێت. وەک برێکست، ڕاستەوخۆ ڕاگەیەنرا بەلام جیبەجیکردنی ماوەی دەوێت. بارزانی باسی جیبەجیکردنی هەر ناکات ئەوەی هیشتۆتەوە بۆ ڕۆژی خۆی، بەلام ڕاگەیاندنەکەی واتە “ئەوە خەلکی کوردوستان داوای سەربەخۆیان کردوەو لەمرۆژەوە ئێمە سەربەخۆین و بۆ جێبەجیکردنی پیویستمان بە ماوەیەکە” ئەمەش ڕاناگەیەنێت بەلکو گرێی دەداتەوە بە دانوسان و ڕاوێژکردن لەگەل کۆمەلگای نێو دەوڵەتی لە ڕوانگەی بارزانیەوە  ئەمانەن” ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنساو ئەلمانیا و دوای ئەوانەش روسیا” ئینجا وولاتانی دراوسی”تورکیاو ئێران”، دوای ئەوەش بەغدا” حکومەتی مەرکەزی، ‌هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعی و سونی، هیزەکانی قەومی عەرەبی”.

بارزانی دەبێت بۆ خەڵکی ڕۆشن بکاتەوە کە دەنگی ئەم خەڵکەو ڕیفراندۆمی بۆچیە؟! ئەگەر دەنگەکانی خەلک و ڕەئوو چارەنوسی ئەوان، گرێ دەداتەوە بەم هەموو پرس و ڕایەوە کە ڕۆشنە ڕێکەوتنی ئۆسلۆ و کێشەی فەلەستین –ئیسڕائیل لە چاویدا دەبیتە ئاهەنگی ئیزدواج. ڕؤشنە کە بارازنی ڕیفراندۆمێک ناکات، بەڵکو بزوتنەوەیەکی سیاسی دیاریکراوە هەروەک لەو نوسینەی پێشوودا ئاماژەم پێداوە. بەلام ئەم وتارەی بارزانی بەڕۆشنی پێمان دەڵێت کە کێشەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. واتە کێشەکانی وەک ناوچە کوردنشینەکان: کەرکوک، شنگال، خانەقین، خورماتوو…پێمان دەڵیت کە کێشەی نەتەوەیی لە شوێنی خۆیی دەمێنێت و تازە بارزانی دوای دەنگدان دانوسانی لەسەر دەکات و دەبێت ئوردوغان و خامنەئی و مالکی و عەبادی و حەکیم و نوجیفی ڕازی بن، ئەمە دیارە دوای ڕازی بونی ئەمریکاو ڕوسیا…. وەک ئەوەی ئەو ‌هیزە نەتەوە پەرست و ئیسلامیانەی هاوپەیمانی بارزانی هێندە شارستانی و موتەمەدن بن لەسە مێزی گفتوگۆ چارەسەری ئەو ناوچانەی بۆ بکەن. مەگەر ئوردوگان و خامنەئی هەر باوەڕیان بە گفتوگۆیە؟!! هەر لەسەر ئەم پایەیە مانەوەی کیشەکان دەکرێت لە ڕیکەوتنی ئۆسلۆ زیاتری پێ بچیت، تازە ئەگەر سیاسەتی بارزانی ئەوە بێت کە دەوڵەت ڕابگەیەنێت. کە وتمان ئەوە نیە.

لەسەر ئەم پایەیە بارگرژی و توندو تیژی نەتەوەیی زیاد دەکات، کەم ناکات و تا ڕادەی شەرو پێکدادانی نەتەوەیی دەڕوات. لە بەشی دووەمی وتاری” هەڵویستی… سەبارەت بە ریفراندۆمی پارتی ” زیاتر ئەم باسە ڕؤشن دەکەینەوە. لەسەر ئەم بناغەیەش بارزانی دەتوانی هەلومەرجی کرێکاران و خەلکی کوردوستان خراپتر بکات بەڵکو هەروەک خۆی دەڵێ ” ئامادەن لە برسا بمرن” وە واقعەن بەرەو مەرگ دەیان بات و دەڵی خەتای عەبادییە، خەتای بەغدایە، کەرکوک ناداتەوە ، لەگەل تورکیا دا ڕیک کەوتون و ناهێلن نەوت ىڕوات، ئێران ئاوەکەی گرتۆتەوەو شاخەکان تۆپ باران دەکات….ئەوکات موچە دەبێت بە یەک لەسەر چوار وە ناوبڕەکانیشی زیاتر دەبیت…. کەواتە خەلکی کوردوستان بەگشتی یان زۆربەی هەرە زۆری خەلک زەرەرێکی گەورە دەکەن. ئەمە ئەگەر بارزانی نیازی هەبێت دەوڵەت دروست بکات، بەلام نیازی نیە. ئەمە ڕیفراندۆم نیە ، سیاسەتی گەوجکردن و بەلاڕیدابردنی خەڵکی کوردوستان و سڕینەوەی مێژووی پشووی پارتی دیموکراتی کوردوستانە. ئەگەر نیازی دەوڵەتی هەبیت ئەم هەموو راوێژو پرس و دانوسانە لە دوای ڕیفراندۆم پێویست نیە. بەتایبەت کە ئەنجامی ئەو دانوسان و ڕاوێژانە هەر لە سەرەتاوە دیارە، کە ڕەفزی دەوڵەت و سەربەخۆییە. ٣٠ حوزەیران ٢٠١٧