پارتی و پ.ک.ک، ڕۆژهەڵات و شەنگاڵ

پارتی و پ.ک.ک، ڕۆژهەڵات و شەنگاڵ
چەند پرسیارێک له بەڕێز نەچیروان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڕەنگه بۆم هەبێت بڵێم دووهەم کەسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ..
چەند ڕۆژ لەمەو پێش بەڕێزیان له قسەوباسێکدا ڕاتگەیاند ، پ.ک.ک دەبێت شەنگاڵ چۆڵ بکات، ئەگینا ئەگەری بەکارهێنانی هێز دێته ئاڕاوە ..
١- مەبەستی جەنابت ئەو هێزەی پارتی‌یه که بێتەقه شەنگاڵی چۆڵ کرد بۆ داعش؟ یان مەبەستت هێزی سەربازی ئەردۆغانی دیکتاتۆر دژ به ئازادی و کوردکوژ و براگەورەی داعشه؟
٢- با هەڵسەنگاندنێک بکەین له بەین چۆڵکردنی شەنگاڵ له لایەن پ.ک.ک وە له گەڵ داوای دەرکردنی “قیادەموەقەته” له ڕۆژهەڵاتی کوردستان له ساڵی ١٣۵٨ی هەتاوی. که له خاڵی هەشتەمی بەیاننامەی پەسەندکراوی “هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد”دا هاتبوو؟..
٣- پەک خستنی پەڕلەمانی کوردستان و ڕێگری له سەرۆک پەڕلەمان و پەڕلەمانتاران له سنووری دێگەڵه و بێڕێزی به ئیرادەی گەل، بۆچی؟
۴- بۆ له ئاست بڕینی قووتی ڕۆژانەی سەدان هەزار کەس له هاووڵاتیانی کوردستان لەوانه کەس وکاری شەهیدان، بنەماڵەی پێشمەرگه، کەم ئەندامان، خانەنشینان، مامۆستایان، فەرمانبەران و کەسادی بازاڕ ، نەبوونی ئاو و کارەبا و باقی خزمەتگوزارییەکان ، خۆت بە بەر پرس نازانیت و هەستی مرۆڤایەتیت ناجووڵێت؟
۵- پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن به هۆی بڕینی نانی مامۆستایان له بەشێکی زۆری هەرێم که کارەساته، چ دەڵێیت؟
۶- بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ڕاپرسی، مادەی ١۴٠، گەڕاننەوەی ناوچە داگیرکراوەکان ، بوونەته گاڵتەجاڕ و هەر ئەمڕۆ و سبە و ئەم نەورۆز و ئەو نەورۆز و ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵی پێدەکرێت؟
٧- بۆ له ئاستی بەڵگه نامەی فرۆشتنی خاکی کوردستان و سامانه نەتەوەییەکانی به تورکیا له لایەن ئاشتی هەورامی‌یەوه که وەزیری جەنابته، به بێ ئاگاداری گەل و پەڕلەمان بە نە هێنی ، که خەیانەته به نیشتمان، جەنابت بێدەنگیت و ئەویش بەردەوامه له گەندەڵی؟ به ڕاستی جێی سەرسووڕمانه.؟.
٨- بۆ له ئاست قەرزکردنی ۵ میلیارد دۆلار له تورکیا و گەڕاندنەوەی ۴میلیارد و چەندسەد هەزار دۆلاری ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا له لایەن ئاشتی هەورامی‌یەوه، به بیانووی جۆراوجۆرەوه، بێدەنگی؟
٩- چۆنه له ئاست بوونی هێزەداگیرکەرەکانی تورکیا و ئێران له کوردستان، که ڕۆژانه له عەرز و ئاسمانەوه تۆپ باران و بۆمبارانی خەڵکی کوردستانی ژێردەسەڵاتی تۆ دەکەن، دەکوژنن ، دەبڕن و دەسووتێنن ،بێدەنگی و نه دەیان بیستی و نه دەیان بینی؟
١٠- پێم بڵێ له کام وڵاتی دنیا (جگه له وڵاته دیکتاتۆریەکان) دەکرێت ئەم هەموو کارەساتانه و زۆری‌تریش هەبن کەچی حکوومەت ، وەزیران و دەسەڵاتداران بەردەوام و گەندەڵانیش بێباک .گەلیش بێ‌نان ، بی ئاو ، بیکارەبا و به بێ ئیش و کار؟ له هەر شوێنێکی دیکه بوایه بۆ هەر یەک لەو خاڵانه حکوومەت هەڵدەوەشایەوه و بەرپرسانی گەندەڵیش ڕادەستی دادگا دەکران ؟.
١١- بەرپرسیاری جەنابت له ئاست چارەنووس و دوارۆژی نادیاری خەڵکی کوردستان ، به تایبەت گەنجان و لاوان که هۆکارەکەی ئێوه و دەسەڵاتەکەتانه، چییه؟
١٢- قسەی ئاخرم له گەڵ بەرپرسانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو کەسایەتیانەیه ، که له بەرنامەی “پەنجە مۆر”ی کاناڵی “ڕووداو”دا بەشدار بوون؟.
من نامەوێت لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەمەوه ،هەڵه و تاوانی هێندێ عەشیره و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورد دژ به کورد، به پیلانی دوژمنان و داگیرکەران دووپات بکەمەوه. چون نه له توانای مندایه و نه دەشکرێ به کورتی به سەریدا تێپەڕیت. تەنیا به کورتی ئاماژه به سێ خاڵ لەوانەی سەرەوه دەکەم، خاڵەکانی یەکەم، دووهەم و دوازدەهەم، ئەوانی‌تر دەسپێرم به ڕای گشتی و ویژدانی نەنوستوو؟.
چۆنه نەچیروان بارزانی و پارتی دەڵێن پ.ک.ک دەبێت شەنگاڵ چۆڵ بکات؟
با هێندێ بچینه دواوه و هەڵسەنگاندنێک بکەین له نێوان کردەوه و بارودۆخی “قیاده” له ڕۆژهەڵاتی کوردستان له ساڵی ١٣۵٨ی هەتاوی دا و ئێستای شنگاڵ و پ.ک.ک ..
له نەورۆزی ١٣۵٨ی هەتاویدا، زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵات له بەیاننامەیەکی ‌هەشت خاڵیدا داخوازییەکانی خۆیان دا بە کۆماری ئیسلامی ، لە خاڵی هەشتەمدا ،داوایان له کۆماری ئیسلامی کرد که “قیاده موەقەته” لەو بەشەی کوردستان بکاته دەرەوه. بزانین ئەو داوایه بۆچی و له بەرچی بوو.؟
پارتی هەر له سەردەمی حەمەڕەزاشاوه ، دژی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات بوە. پارتی له بەر ڕازی کردنی شای ئێران، دەستی دایه گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونانی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات . تەنانەت ڕادەست کردنەوەی تەرمی چەند کەسێکیشیان بە رژیمی شا . که له لایەن بەکرێگیراوانی ڕژیمەوه ئەوپەڕی بێڕێزییان پێکرا و بۆ چاو ترسێکردنی خەڵک تەرمەکانیان به شارەکاندا گەڕاند.؟.
باوەڕ به خۆ و خەڵکی خۆ نەبوون و پشت بەستن به بێگانه، وابەستەکردنی شۆڕش به ئێران له لایەن پارتییەوه هۆکاری ئاشبەتاڵ بوون پاش ڕێکەوتننامە شوومەکەی ئەلجەزایر .کە له ٢۴ کاتژمێردا سەدهەزار پێشمەرگه چەکیان پێدانرا و بەنا چاری خۆیان و بنەماڵەکانییان ڕادەستی ڕژیمی بەعسی خوێنڕێژ بوونەوه ، یان پەڕەوازەی ئێران و هەندەران بوون. لەو کارەساتەدا، به هەزاران ژن ومنداڵ و پیر و لاو ، ڕوویان کرده ڕۆژهەڵات که له لایەن ڕژیمی ئێرانەوه دوورخرانەوه بۆ شوێنه دوورەکانی ئێران .که تا ئێستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوه زێدی خۆیان ..
پاش دامەزراندنی “قیادەموەقەته” و هاتنه سەرکاری کۆماری ڕەشی ئیسلامی ئێران،”قیاده” بوو به گۆپاڵی دەستی ئەو ڕژیمه کۆنەپەرەسته ، و به پشتیوانی ئاغا و دەرەبەگەکان، دەستیان کرد به ئەزیەت و ئازاری جووتیاران و زەحمەتکێشانی بەشێک له ناوچەکانی مەریوان، هەورامان، پاوە و نەوسوود و ورمێ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەوی و زارانەی وا به سەر خەڵکدا دابەشکرابوون. به دەرچوونی فەرمانی خومەینی بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان(جهاد)، چەکدارەکانی “قیاده” بوون به کەواسووری بەر لەشکەری پاسدار و بەسیج بۆ ڕاوەدوونان و کوشتنی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات هەر له تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕەوه تا نزیکی خانه و سەردەشت ..
ئەمانه و زۆرشتی‌تری لەم بابەته ، بوونه هۆی نووسینی برگەی هەشتی بەیاننامەکەی مەهاباد. ئەگینا کێیه له بیری نەمابێت که خەڵکی ڕۆژ هەڵات له ئاشبەتاڵکەی ٧۵ و دواتریش له کۆڕەوەکەی ٩٠دا چۆن باوەشیان بۆ براو خوشکەکانی باشووریان کردەوه و به چاوی پڕله فرمێسکەوه میواندارییان لیکردن و به هانایانەوه چوون ..
بەڵام پ.ک.ک و شەنگاڵ
پارتی بێتەقه و به بێ ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی ئەو دەوەرە ، شەنگاڵی بۆ داعش چۆڵکرد که ئەو کارەساتە گەوره و دڵتەزێنەی لێکەوتەوه که دونیای هەژاند. ئەو کارەساته تاوانی پارتییه نەک پێشمەرگه گیان لە سەردەستەکانی کوردستان که ئەمڕۆ له دنیادا به داعش شکێن و دوژمن بەزێن ناسراون ..
بەڵام شەڕوانان ، به خوێنی ڕۆڵەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و گەلێک لاوی ئازادیخوازی گەلانی دیکەی جیهان پێشی به هاتنه ئارای کارەساتی گەورەتر گرت. ئەگەر ئەوان نەبوونایه، نە چوار تا پێنج هەزاران کچ و ژنی کورد دەبوونه کویلەی دەستی داعش و له بازاڕەکانی “خلافەتی ئیسلامیدا” دەفرۆشران،بە ڵکوو ژومارەیان دەگەیشتە دەیان هەزار . ئێستا لە جێگای چەند گۆڕ بە سەدان گۆڕی به کۆمەڵ دەبینرایەوه .و چیای شەنگاڵ لە بری بەرەنگ گاری و سەنگەر بۆ ئەو خەڵکە ، دەبوه بەگۆڕستانی خەڵکی شەنگاڵ ..
هەروەک چۆن پێشمەرگەی باشوور له کۆبانێ بوونه هێزی پشتییوان بۆ تێکشکانی داعش و له گۆڕنانی خەون و ئاواته گڵاوەکانی ئەردۆغان له کۆبانێی هەمیشه قارەمان . بۆیە پێشمەرگە وگریلاو شەڕوانان ڕۆڵەی گەلن وجێگای شانازی هەموان . لە هەر بستە خاکێکیکوردستان ..
ئەمەیه جیاوازیەکانی ئەو دوولایەنه و کردەوەکانیان . هیوادارم پارتی به خۆیدا بچێتەوه دەرسێکی وەرگرتبێت له کوشتنی پێشمەرگەی دیمۆکرات و کۆمەڵه، له شەڕی براکوژی له گەڵ “یەکێیەتی”، له کارەساتی هەکاری، له شەڕ له گەڵ پ.ک.ک و له ٣١ی ئاب و هتد…تا جارێکی‌تر نەکەوێته داوی دوژمنان. ئەو ئەزموون و دەسکەوتەی باشوور نەکاته قوربانی سات و سەودا له گەڵ دوژمنان .بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و عەشیرەیی و بنەماڵه. با ڕزگاری کوردستان بێت به ئامانجی گشتیمان .ئەم هەل و مەرجە تابەتەی ئەمڕۆ لەدەست نەدەین کەئێستا لە ئارادایە ..
لام وایه پ.ک.ک بەرپرستر و وشیارتره لەوەی که بکەوێته ئەو داوەی کە ئەردۆغان دایناوه ..
بەڵێ سەرۆک وەزیرانی هەرێم! ئەگەر شەڕت پێناکرێ له گەڵ هێزه داگیرکەرەکان که خاوەنی بنکه و بارەگان له کوردستان، خۆ دەتوانی داوای چوونەدەرەوەیان بکەی له کوردستان. بۆ لە ئاست بۆمباران و تۆپ و خومپاره بارانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم و کوشتنی خەڵکی زەحمەتکێش ، وێران کردنی ماڵ و حاڵیان ، کوشتنی مەڕ وماڵاتیان و سووتانی رەز و باخ و دەغڵ و دانیان بێدەنگی؟
بۆ سکاڵایەک لای نەتەوەیەکگرتووەکان و زلهێزەکان و ڕای گشتی تۆمار ناکەی؟
پرسیارێکیش له ڕێبەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو کەسایەتییانەی له بەرنامەی “پەنجه مۆر”ی کەناڵی “ڕووداو”دا بەشدار بوون. بەرنامەیەک ، به مەبەستی تایبەت دانراو تا به ئێوەی مۆربکا ت که خاڵی هەشتەمی بەیاننامەکه هەڵە بووە ..
جێگای سەرنجه که هەمووتان و هەرکامەی به شێوەیەک پاساوتان دەهێنایەوه و پێشنیارکردن و نووسینی خاڵی هەشتەمی بەیاننامەکەتان دەخسته ئەستۆ ی ئەم و ئەو و به شێوەیەکی تەم و مژاوی له سەر خۆتان لا دەبرد ، ڕاستییەکانتان دەشاردەوه. له باسکردنی کردەوەکانی “قیاده” که هۆکاری سەرەکی ئەو هەڵوێستەی خەڵک بوون خۆتان دەپاراست. له حاڵێکدا هەر ئێوه نوێنەرانی حیزبەکان و چەند کەسایەتییەک بوون به کۆی دەنگ و به پشتییوانی زۆربەی خەڵک ئەو بەیان نامە و مادەی هەشتان پەسەند کرد . .
لە ئێوە دەپرسم کێ بوو ە ، لەو سەردەمەدا ژیا بێت و نەزانێت “قیاده” چیدەکرد؟ چۆن به کردەوه دژی خەڵک و خزمەتکاری کۆماری کۆنەپەرەست و خوێنڕێژی ئیسلامی ئێران بوو. ئەم ڕاستییه و حاشا هەڵنەگر ، و دەیان بەڵگەی لەسەرە . بەڵام ئێوه پەردەپۆشیتان دەکرد . ئاخۆ مێژوو و نەوەکانی داهاتوو چیتان پێدەڵین و چۆن داوەریتان له سەر دەکەن؟!
پەڕەوازەی هەندەران
رەحیم ئەمینی رێبەندانی ١٣٩۵