جنگ موسل و … جوابى به رحمان حسین زاده(مطلب به زبان کردى)

شەڕی موسڵ و نێوەندگیری ڕاست و چەپ!

                                                      وەلامێکی کورت بە ڕەحمان حسین زادە

ڕەحمان حسین زادە لەڕۆژی ٢نۆفمبەر ٢٠١۶چاوپێکەوتنێکی تایبەتی داناوە لەگەڵ تەلەفزیۆنی پرتەودا لە ژێر ناوی”شه ڕی موسڵ و ڕەخنه له هه ڵویستی هه ر دوو حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری عیراق و کوردستان”. لەم وەڵامە کورتەدا، واز لەو مەسائیلە  سیاسیانە دەهێنم کە لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دا لە پەیوەند بە شەڕی موسڵەوە، بۆتە جێگای بیرکردنەوەو لێکدانەوەو هەلوێست و تاکتیکی سیاسی جیاواز. بەلام وەڵامی تەواوی باسەکەی ڕەحمان کە کاتژمێرێک و ١١دەقیقەو چەند چرکەیەکە، لای منەوە وەلامی تەواو وەردەگرێتەوە، لەمبارەوە هەم هاوڕی ڕەحمان وهەم خوێنەران خاترجەم بن. من هەمیشە وە لە وەڵامی هاوڕێ” فاتیح شیخ” دا وتومە کە پێشوازی دەکەم لە ڕەخنەگرتن لە چوارچیوەی ئسوڵی رەخنەی سیاسیدا، بە ئومێدی ئەوەی کە دەرگایەک ئاوەلا بکا بۆ رۆشنکردنەوەی زیاتری باسەکە. بەلام بەشی زۆری باسەکەی ڕەحمان پەیوەندی نیە بە ڕەخنەوە، چ جا بگات بە ڕەخنەی مارکسستی. لە بەر ئەم هۆیە بە باشم زانی کە ئەم بەشەی باسەکە، تێکەڵ بە باسی  خیلافەکان لە سەر موسڵ نەکەم. ئەوەیان باسێکە کە وەڵامی جیای پێویستە و فەرهەنگ و نەریتی دروستی خەبات و ململانێی سیاسی و فکری ڕێگا نادات کە هەموو ئەو باسانە و ئاژیتاسێونی ڕەحمان دژ بە هەردوو حزب و هەوڵدانی ڕۆشنی بۆ تێکدانی ڕیزەکانیان تێکەلاو بکەم. لەمبارەوە پیویستە ڕەحمان وەلآمی جیا وەربگرێتەوە. وە وەریدەگرێتەوە.

باسی خیلافاتی سیاسی بە جێگای خۆی و هەیە و لە نێو حزبی ئێمەشدا بونی هەیەو لەبونی حزبەوە تا ئێستا هیچ کات نەبوە کە حزبی ئیمە خیلافی سیاسی تێدا  نەبێت، لەسەر ئەم باسەس خیلافمان هەیە و با ڕەحمان لە زمانی خۆمانەوە بیبیستێت و کەمێک دڵخۆش بێت. بەڵام ئێمە وە رابەری حزبی عێراق وە کوردوستان زۆر هوشیار تر بوە لەوەی کە لەسەر پایەی ” بەئیزافە زائد یەکی کۆمیتەی تەنفیزی یان مەکتەبی سیاسی” پایەی دووکەرت کردنی حزبێکی گەورەو گرانی وەکو حیکمەتیستی ئەوکات دابنێ و لە کۆتایشدا ئینشعابەکە بە پراتیک دەربهێنێت، سەرەڕای هەر هەوڵیکی ئێمە لەهەردوو حزبی کوردوستان و عێراق و ڕابەرییەکەی. هەر ئەوکات ڕۆشن بوو کە ڕەحمان لە شێوازی ڕابەریکردن و چؤنیەتی ئاراستەکردنی جیاوازییەکان لە نیو حزبدا تەوازنی سیاسی بە قازانجی لایەنێک شکاندۆتەوە، نەک بە قازانجی یەک حزبی سیاسی. هەر ئەوکات زۆر دلسۆزانەو تاڕادەی پارانەوەو تکاو دوامان لێکرد کە لە پیناو ” ئەقلیەت و ئەکسیەریەتێکی کاتی و تازە بە ئەکسەریەتی یەک دەنگی زیادەوە” حزب بەرەو هەڵدیر نەبات، ئەمکارە رابەری حزبی پێ ناوترێت بەڵکو رابەری جەمعێک و لایەنگری یە لە لایەنێکی کێشەکە. بەهەرحاڵ ئەوەبوو کە بوو.  ئەمرۆ ئەگەر رەحمان وەکو جاران لە رابەری حزبی عیراقدا بوایە ئەوە لە هەوڵی دوولەت بوونی حزبی عیراق یان کوردوستان دا دەبوو. هەرچەند ئیمە لە ڕابەری حزبی عێراق مەرج نیە بۆ هەر مەسەلەیەک خۆمان بدەین لە ئەکسەریەت و ئەقلیەت، بەتایبەت ئەگەر دیار بێت یان لێکدانەوەی گشتی وا بێت کە ” بە ئیزافەی زائد یەکە!!”. بەلام ڕەحمان دەبیت بزانیت کە رابەری وڕیزێکی فراوان لە کادرانی هەردوو حزبی عیراق وکوردوستان لەوە خاراوترن و تەجروبەیان پشت سەرناوە و لەوانە تەجروبەی ئینشعابی حزبی حیکمەتی پیشوو، بۆیە ئەم  قسانەی رەحمان ڕیزەکانی پتەوتر دەکات.

 باسی خیلاف و ململانێی سیاسی و خەباتی تیوری و فکری لە ئاستی بزوتنەوە سیاسیەکان و تەنانەت  لە نیو یەک بزوتنەوەو مەکتەبێکی فکری دا هەم ئاساییە وە هەم پیویستە. بەلام لە ژێر ناوی ” بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاری” دا هیرشکردنە سەر حزبێک و هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕیزەکانی و بانگەوازی کادرانی ‘ بۆ عەصیانی مەدەنی” بە دژی ڕابەریەکەی و هەوڵدان بۆ ئینشقاق کارو نەریت و سیاسەتێکە تەنها لە بالێکی یان ڕوەتێکی ئەم بزوتنەوەیە دەوەشێتەوە، کە ڕەحمان ڕابەری دەکات. بۆیە باسی ڕەوتێکی نێو بزوتنەوەکە دەکەم چونکە هەم ڕەحمان نیە بەتهاو هەم ئەمە یەکەم جاری نیەو پیشتر لەکاتی ئینشعابی حزبی حیکمەتیستدا، هەمان نەریتیان هەبوو. پێدەچێت ئەمە بەشیک بێت لە ڕیگای خەباتیان و نەریتێکی چەسپاوی ململانێی سیاسیان.

رەحمان دەیتوانی لەباری سیاسیەوە بە ئارەزووی خۆی هەروەک هاوڕی “فاتیح” و زۆر لەوەش زیاتر رەخنەی خۆی بگرێت و بەویستی خۆی قوڵی بکاتەوە، ڕەخنە لە تاکتیک و هەلوێستی سیاسی هەردوو حزب و هەروەها ڕێبوارو سامان بگرێت، هەروەک کردویەتی، بەلام هاندان و ئاژیتاسیۆن وڕیکلام کردن بۆ ” ڕاپەڕینی” کادرەکان دژ بە رابەرییەکەی و بۆ ئینشقاق و تەنانەت دژ بە ڕیبوار و سامان کاریکە پەیوەندی نیە بە ڕەخنە سیاسیەکەیەوە. بەلام ڕەحمان بۆ لە ئیستادا ئاوا هاوار دەکات و ئەم ئاژیتاسیۆنە دەکات؟! لیرەوە پەیوەند دەبیتەوە بە باسە سیاسیەکەوە، بۆیە لە نوسینی داهاتودا وەلام بەم بەشەی دەدەمەوە.

ڕەحمان وەک نێوەندگیری لە نیوان ڕاست و چەپ

ڕەحمان لەم چاوپێکەوتنەی دا هوشیارانە ” نەک سەرگەردان”  دوو ڕۆلی تەواو جیاواز و دژ بەیەک دەبینێت. ڕەحمان دەمێک ڕابەری ” کۆمۆنیزمی کڕیکاری” یەو دەبێتە “مەلیکی ڕۆژی” ئەم بزوتنەوەیە و دەمێکی دیکە ڕابەرێکی بەویژدانی ڕاستی ئەو پەری دونیایە.

ئەوەندەی کە بگەڕێتەوە بۆ ڕابەری چەپی. ڕەحمان وەک فریادرەسێکی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ڕابەڕێکی ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت دەرکەوێت و خۆی نیشان بدات ولەمبارەوە ئاژیتاسێونی عەجایب دەکات. دەیەوێت بە پشت بەستن بە مێژوو، نیشانی بدات کە باسی ئەو و ڕەخنەکەی وە هەلوێستی حزبی حیکمەتیست لە پەیوەند بە شەڕی موسڵەوە دروستن و ئامۆژگاری دەداتە “بزوتنەوەو” کادرانی هەردوو حزب کە فریاکەون و ” سیاسەتە چەوتەکانی” حزبتان ڕاست کەنەوە، فریا کەون و سیاسەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری لێرەیە” لای ڕەحمان و حزبی حیکمەتسیت”… کە حزب وە ڕابەڕی حزبی عێراق و کوردوستان و ئەو هاوڕییەی کە ناویان هاوتوە ئاگادار بکەنەوەو” زەرەر لەنیوەی بگەڕیتەوە باشترە”. چۆن ڕەخنە لەم بۆچونانە نەگیراوە کە ئەو دووکەسە نوسیویانە و بەتایبەت ئەوەی کە سامان نوسیویەتی. ڕەحمان مەبەستی ئەوەنیە کە هەردوو حزب سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و بچنە پاڵ ئەو سیاسەتەی ئەو دەیڵێت، ئەوە کارێکەو ئامانجێکی سیاسی دروستی هەر لایەن و کەسێکە، بەلام ڕیگای خۆی هەیەو ڕەحمان ڕیگاکەی باش دەزانیت. وە دەزانیت کە ئەم شیوازەی لە ئاژیتاسیۆن و ئاڕاستەکردن و هاندان، نەک شیوازێکی کارسازنیە بۆ ئەو ئامانجە، بەڵکو نائسولی و دورە لە ئسوڵی کۆمۆنیستی و تەنانەت  پەیوەندی نێوان دوو حزبی دۆستەوە. پێدەچیت ئەم هاوڕێیەمان تاقەتی دۆستایەتی نەمابێت و لەمبارەوە ئارەزوی خۆیەتی و بۆ ئەمەش ڕیگای باشتر هەیە، دەکرا ڕیگای تر بگرێتە بەر.

 دەزانێت کە ئەم شیوازە لە کارو هاندانو ئاژیتاسیون دژ بە بە هەردوو حزب و ڕابەریەکەی، خیلافاتەکان لە‌گەڵ حزبی خۆیان قوڵتر دەکاتەوە و پەیوەندی نێوان هەردوو حزب لەگەل حزبی حیکمەتیست ئالۆزتردەکات… پێم وایە ڕەحمان دروست ئەوە دەزانێت وە دروست بۆیە ئەم شیوازەی لەکار دوبارەو سێ بارەکردەوە. پێدەچێت ڕەحمان ” من نازانم ڕەئی حزبی حیکمەتسیتە” قوڵبونەوەو ئالۆزکردنەوەی پەیوەندییەکان بە سودمەند ببینیت بۆ حزبی خۆیان. بە هەر حاڵ ئەوە ئارەزووی خۆیانە بەلام  ڕەحمان لەم “ڕابەریەی”دا بۆ بزوتنەوەی “کۆمۆنیزمی کرێکاری” نەک سەرکەوتوو نەبوە وە نابێت، بەڵکو هەمان ڕۆلی ناسازگار و نا دروست وە بە بروای من بێ پەیوەند بە کۆمۆنیزم و مارکسیزمەوە دوبارە دەکاتەوە.

بەلام لەبەرگی ڕابەری ڕاستدا ڕەحمان  پەیوەندی بە ئازارو خەمو کوشتن و خوێنو کاولکاری یەوە نامێنیت. پەیوەندی بە ئاوارەیی و سەرگەردانی و  هاواری مندال و جیابونەوەی مندالان لە دایک و باوکیان و ژیانی نێو خێمە “ئەگەر دەستیان کەوێت” نامێنیت، پەیوەندی بە ڕوخان و وێرانکردنی تەواوی ژێر خانی ئابوری شارو ووڵاتێکەوە نامێنێت، لای ئەم هاورێیە کۆسپێک نیە کە کە ئەو خەلکە کارەباو ئاوو خۆراکیان نەبیت، هەزارانیان لێ بکوژرێت. لای ڕەحمان  هیچ شتێک موقەدەس نامێنت تەنها “شەڕ لەگەڵ داعش نەبێت”. رەحمان دەڵێت:” هەلوێستێک کە دوو حزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری کوردوستان وعیراق یەک بە لەحازی…….  دوو بە لەحازی سیاسیەوە هەڵەیەکی گەورەیە کە تۆ ئیعلانی شەر لە دژی داعش لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت موخالەفەتی لەگەڵدا بکەیت بە داخەوە کە موخالەفەتیان کردوە…”(تەئکید هی منە). چەندین جار رەحمان ئەوەی دوبارە کردۆتەوە کە هەرکەسو لایەنیک لە داعش بدات دەبێت موخالفەتی پینەکرێت و ئەوەندە بە شەوق وشکۆفەوە باسی دەکات لەهەندی جێگادا ئەمریکا لەگەڵ شؤرشگێران تێکەلاو دەبێت. بۆ هەندی ڕەوتی نێو کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوەش ئاساییە ، مەگەر” ناتۆ” نەکرا بە شۆشگێر. لەسەر ئەم باسە ناڕۆم و لێرەدا ئەوەندە بەسە.

ئەوەی لەم وەڵامە کورتەدا گرینگە ئەو باسەی ڕەحمانە، کە پشتگیریەکی توندی هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەکات بۆ سەر موسڵو  لەهەمانکاتدا بۆمبارانکردنی شاری موسڵ و کاولکردنی مەحکوم دەکات، لە ڕوانگەی ئەوەوە، لەم هێرشەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی حەشدی شەعبی هەر دەبێت مۆلگەو بارەگاکانی داعش بۆمبارانو ساروخباران بکەن. لێرەدا ڕەحمان لە بەرگی ڕابەری کۆمۆنیزمی کرێکاری دەردەچیت و دەچێتە قاڵبی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا یان وەزیری دانیشتوو لە پنتاگۆن. ئەگەر ‘جەنگ دریژەی سیاسەتە بە شیوازێکی تر” کە خۆشی ئاماژەی پێدەکات. چۆن دەکرێت ئەم سیاسەتەی ئەمریکا” جەنگ” کەی جیابکرێتەوە لە شێوازو فەرهەنگ و نەریتی جەنگی ئەمریکاو سیاسەتێک کە لەپشتیەوەیەتی. مەگەر ئەمریکا یەکەم بەکارهێنەری چەکی ئەتۆمی نەبوو، مەگەر ئەمریکا خاوەنی مەلەفی ڕەشی ڤێتنام وعیراق و سۆمال و یۆغسلافیا نیە، مەگەر ئەمریکا خاوەنی کوشتارگای ئابلوقەی ئابوری نیە لەسەر عیراق، مەگەر دەیان مەگەری دیکە لە ئەمریکای لاتینیەوە بگرە تا دەگاتە ئەندنوسیا. مەگەر حەشدی شەعبی هۆکاری سەرەکی قولکردنەوەی تائیفەگەری و کوشتاری ” سوننەکان” نیە ودەیان مەگەری دیکە.

ڕەحمان دەیەوێت ئەمریکا و حەشدی شەعبی شەرەکەی بۆ بکەن و فرۆکەی جەنگی و ملیارەها دۆلارو سەدان و هەزاران ڕواێژکار و سوپا لەو ناوچەیە بڵاو بکەنەوە بەلام کە هاوڕی ڕەحمان ووتی بوردومانەکەتان و وێرانکاریەکەتان دەدەمە بەر ڕەخنە، ئیتر ئەمریکا زیڕە دەکات و ئەو کارانە ناکات. ئەمە هەموو” میتۆدی دەخاڵەتگەری” ڕەحمانە دەیەوێت ئەمریکا شەرەکەی بۆ بکات و داعشی بۆ لەناوبەرێت و ئەویش چەپلەی بۆلێدا، ئەگەر نا لەباری پراتیکەوە باسەکەی هیچ مانای دیکەی نیە. ئەوەی ڕەحمان دەیڵیت خۆی خۆش باوەر نیە، بەلام دەیەوێت ” توهم” خۆشباوەری تیوریزە بکات، کە خەتایەکی هێجگار گەورەیە لە باری سیاسیەوە، لە وەڵامی داهاتودا باسی دەکەین. رەحمان دەڵێ لێگەری با ئەو “هیزە کۆنەپەرستانەو داعش یەکتری لە ناوبەرن”، وا دەزانیت ئەوان لە بیاباندا یان لە دۆلەکانی قەندیلدا دەجەنگن و کەسی لی نیە تەنها خۆیان دەجەنگن و کەس ئازاری پێ ناگات ولەوەش واوەتر وادەزانێ ئیتر کە موسڵ رزگاری بوو، داعش پان نابێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە. ڕەحمان ئەسڵی کێشەکە نابینێت و بە داعش جۆش بوە، هەر دروست وەک  چۆن میدیای ڕاسترەوەی دونیا پڕوپاگەندەی بۆ دەکات. خۆ ئەگەر وەک ڕەحمان لێکیدەداتەوە  وابوایە ئەم باسانەی ئیمە هیچی پێویست نەبوو. لە هەموو ئەوانە خراپتر ئەوەیە ڕەحمان ، ئەسلی باسی حزب وە باسی من وە باسی ڕیبوار، ئارەزومەندانەو تەنانەت هەلپەرستانە بەتایبەت لەوجێگایانەی کە دەوێت وەک ڕابەری کۆمۆنیزمی کرێکاری دەرکەوێت، لێکدەداتەوە. ئەم باسانە لە دووتۆیی وەلامی جیاوازییەکاندا بە شیوەیەکی ڕۆشن بۆ ڕەحمان و خوێنەران رۆشن دەکەینەوە.

لەم بەشەدا ماوە بڵێم کە ڕەحمان لە نێو ئەو بزوتنەوەیەی کە ناوی ” کۆمنیزمی کریکارییە” نوێنەرێکی ڕۆشنی ڕاستە، بەلام لە نیو بزوتنەوە ڕاستەکاندا نوێنەرێکی ڕؤشنی چەپە.

ڕەخنەی مارکسستی و شەفاف !

هاوڕێ ڕەحمان دەڵیت: “با هەر لێرە ئەوە بلێم کە سالی ٢٠١۴ زەمانێ داعش هات موسڵی داگیر کرد، بە دوو هەفتە دوای ئەوەی کە داعش موسڵی داگیر کرد ئێمە وەک وەفدی حزبی حیکمەتیست چوینەتە شاری سلێمانی و لەگەڵ  وەفدی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردوستان و عیراق دانیشتوین  هەر ئەوکاتە پێشنیارو قسەو ڕیگا عەمەلی خۆمان پێشنیهاد کردوە. … دوای ئەو دیدارە هاوڕی عەبدوللەی دارابیمان نارد….ئیمە ئەم دەست پێشکەریەمان کرد، بەلام بەداخەوە، ،،،، وە موراجەعەشیان بە ئێمە نەکردەوە.”. ڕەحمانی حسین زادە قسەکانی لەگەڵ واقعی ڕوداوەکاندا نایەتەوە.

هەرکەسێک گوێ لەم قسانەی ڕەحمان بگرێت وا تێدەگات کە وەفدی حزبیان بۆیە چۆتەوە بۆ کوردوستان بۆ ئەوەی هاوکاری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق و کوردوستان بکات، وا تێدەگات کە هاوڕی” عەبدوللە دارابی” بۆ کاری حزبی کوردوستان لەوێ بوە. گوێگری رەحمان وا تێدەگات کە کارێکی گرینگی ئەنتەرناسیونالستی پیادەکراوە. وا تیدەگا کە هەردوو حزب پیش ئەو کۆبونەوەیە هیچ قسەیەکیان نەبوە. ئەم  بەشە لە لایەن هاورێ موحسن کەریمەوە وەلام دراوەتەوە لە وەلامدانەوەیەکی ڤیدیۆیدا لە ژێر ناوی”  وەڵامێک بۆ هاورێ رحمن حسین زادە لەوێدا بە ڕۆشنی موحسن باسی ئەوەی کردوە کە قسەکانی ڕەحمان پێچەوانەی ڕاستی یە وە ” فەزلفرۆشی دەکات”.  بە بەرواری ڕؤشنەوە تەواوی پڕوپاگەندەو ڕیکلامەکانی ڕەحمان دەخاتە لاوەوە حەقیقەتی سەفەرو قسەوباسەکانیان ئاشکرا دەکات.” من سەرنجی خوێنەران بۆ بیستنی ئەم ڤیدیۆیە ڕادەکێشم.

بەلام ئەوە لایەنێکی کەمی باسەکەیە. هاوڕێ ڕەحمان حسین زادە باسەکەی بەتەواوی لێتێکچوە بەلام “سەرگەردان” نەبوە. لێیتێکچوە چونکە لە هەوڵێ ئەوەدا بوە وە بوون کە کاریکی دیکە بکەن و لیرە دەیەوێت سەفەرەکەی و سەردانەکەی بۆ کوردوستان و سلێمانی وا نیشان بدات کە گوایا بۆ کوبونەوە بوە لە گەڵ هەردوو حزبی کوردوستان وعیراق، دەیەوێت مۆرێکی کۆمۆنیستی لە سەفەرەکەی بدات. زۆر باش بوو ئەگەر وابوایە، ئەوە نیشانەی هاودەنگی و هاوپشتی و بەتەنگەوە هاتنی هاوڕییانەو کۆمۆنیستی بوو، وە حەتمەن ئەوە کارێکی باشە، بەلام وانەبوە. ئەوەی ڕۆشنە لەو کاتانەدا ڕابەری حزبی حیکمەتی لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردوستان بە سەرکردایەتی بارزانی دابنیشێت وکۆبونەوە بکەن، لەهەوڵی ئەوەدابوون کە برێک پارەو پول بەدەست بهێنن، بەتایبەت دوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی، یەکێتی وەڵامی پۆزەتیڤ و جێگانیازی خۆیانی پێنەدابونەوە. ئایا بە دیاریکراوی ئەم سەفەرەیان بۆ ئەو دیدارە بوە یان بۆ زەمینە سازکردن بوە بۆ دیدارەکە؟! هیچ دیار نیە و نا شەفافە چونکە کارێکە بە نهێنی کراوە. ئایا ئەم هەوڵە سەری گرت یان نا، لەگەڵ پارتی کۆبونەوەکە بووە یان نا؟! لەگەڵ کێ دانیشتون و لەگەڵ شەخسیەتی دەرجە چەند دا کۆبونەتەوە یان نا”! وە ئەگەر کۆبونەوەکە ڕوی داوە ئایا پارەیان وەرگرتوە یان نا؟!. هەموو ئەوانە پرسیارن. بەلام بەپێی ئەو باسەی کە ڕەحمان دەیکات لەسەر ڕەخنەی کۆمۆنیستی و مارکسستی و شەفاف. هەقی خۆیەتی کە هەم کادران و لایەنگرانو دۆستانی خۆیان وە هەم ئێمە وەک دووحزب، ئاگادار بکاتەوە بە شیوەو شیوازێکی شەفافی کۆمۆنیستی هەر وەک خۆی دەڵێ، ئاگادارمان بکاتەوە کە چی ڕوداوە، کوبونەوەکە بوە یان نا؟! یان من هەر لە بناغەوە هەڵەم. وە ئەگەر کۆبونەوەکە بوە جێگای خۆیەتی کە خەڵک بزانێت تەوەرەی باسەکانی کۆبونەوەکە لەسەر چی بوە؟!  خۆ ناکرێت ئاژیتاسیۆن بکەیت بە دژی هەموو لایەک و تێرمەکانی  ڕەخنەی کۆمۆنیستی و شەفاف و ڕۆشن پەخش بکەیتەوە، بەلام بۆخۆت خەریکی ئەم جۆرە کارانە بیت بە نهێنی وبەبێ ئاگاداری هیچ لایەنو کەسێک تەنانەت ئەو لایەنانەش کە سەفەرتکردوە بۆلایان و ” ڕێنوینت کردون” سەبارەت بە گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە. جێگای خۆی بوو هەر لەوێ و لەو کۆبونەوەیەدا ئەو باسەش بکەیتەوە، رەئی هەردوو وەفدی حزبی کوردوستان و عیراق بزانیایە جا بەقسەیان بکەیت یان یا ئەوەیان مەسەلەیەکی دیکەیە. بەلام ڕابەری شەفاف  وڕەخنەی مارکسستی ئەوە دەخوازێت. ئیستاش بەقەولی خۆت نەچوە بچیت ” زەرەر لە نیوەی بگەرێتەوە باشترە” و شەفافانە ئەو باسەمان بۆبکەو من داوای ئەوەش ناکەم کە رەخنەی مارکسستی لە خۆت بگریت. ئەوەش بزانە کە من بە شیوەیەکی گشتی دژی پارە وەرگرتن نیم ، بە مەرجی ئەوەی کە بەندەکانی مەرجدار نەبێت. ئەوەش دەزانم کە پارتی زۆر گیر ترە لە یەکێتی بۆ پارە پێدان و بەئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە. هیوادارم ڕەحمان وەلاممان بداتەوە بە شەفافی.

باسی داهاتوم وەلامیکی هەمەلایەنە دەبیت بە باسە سیاسیەکانی ڕەحمان، ئەم باسانە لەوێدا دوبارەنابنەوە مەگەر ناچار بم.

٧.نۆفەمبەری ٢٠١۶