آمار رو به افزایش خودکشی ترسناک است(مطلب به زبان کردى)

ریبوار عارف
December 09, 2019

رێبوار عارف، شارەزاى پرسە کۆمەڵایەتیەکان: بەرزبوونەوەى رێژەى خۆکوشتن راچڵەکێنەرە

سازدانی: زەمەن

بەهادین حاجى بەکر دارتاش، ناسراو بە (رێبوار عارف)، لە ١٩٩٠ەوە چووەتە فینلەندا، دامەزرێنەرى فیدراسیۆنى سەراسەری پەنابەرانی عێراقیە، ١٥ ساڵە کارى وەرگێڕان دەکات لەناو رێکخراوە کۆمەڵایەتى و پەروەردەییەکاندا کاریکردووەو شارەزاى پرسە کۆمەڵایەتیەکانيشە.
لە رێگەی کارەوە پێنج ساڵى رابردوو بەتایبەت لەسەر گەنج و منداڵان ئیشى کردووە، لەچەند پرۆژەیەکى تایبەت بە پرسە کۆمەڵایەتیەکاندا کارى کردووە، لە کوردستانیشدا هاوکاری دامەزراندنى رێکخراوى (ئەژى)ە کە تایبەتە بە کارکردن لەسەر هەوڵەکانى خۆکوشتن.

رێبوار عارف، لەم چاوپێکەوتنەى “زەمەن”دا قسە لەسەر خۆکوشتن دەکات لە کۆمەڵگەى کوردیداو لەمڕوەوە بەشێک لە ئەزموونى خۆى لە ئەوروپا باس دەکات.

زەمەن: ئایا هەواڵەکانى کوشتن و خۆکوشتن لە ئەوروپاش بەهەمانشێوەى کوردستان بڵاودەکرێنەوە؟
رێبوار عارف: ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگەى کوردستاندا رووبەڕووی دیاردەیەک بووینەتەوە کە ناوى خۆکوشتنەو رۆژ لەدواى رۆژ ئەم دیاردەیە لە زیادبووندایە، بەهەموو ئەمانەشەوە دەزگاکانى راگەیاندن و پۆلیس خەریکى ژماردنى ئامارەکانن، میدیاکانیش بە دواى وروژاندن و خوێنەرەوەن، بۆ هیچیان پرسیارەکە ئەوەیە نیە کە ئەمە کارەساتێکى گەورەى فەرهەنگى و کۆمەڵایەتى ژیانى ئێمەیە، پێش 30 ساڵ بەم جۆرە خۆکوشتن نەبوو، سەردەمانێک غەریب بوو کەسێک دەستى بچێتە کوشتنی خۆى، بەڵام ئەمڕۆ رۆژانە هەواڵی کارەساتی خۆکوشتن دەبیستين. لە پەراوێزیشەوە شتێکیش هەیە کەخ ۆکوشتن کولتورى شەرمى بەدواى خۆیدا پەلکێشکردووەو خێزانەکان پێیان عەیبە بڵێن کەسێکمان خۆى کوشتووە، بیروڕایەکى ناشیرینی رایگشتى هەیە لەسەر ئەو بابەتەو سەرزەنشتى ئەو کەسانە دەکرێت و هەندێجار پەنجەی خەتا بۆ خێزانەکانیشیان درێژ دەکەن. بۆیە چ هەواڵی خۆکوشتن وچ نەریتگەلێکی پەیوەندیدار لە ئەوروپا زۆر جیاوازە!

زەمەن: پێتوایە خۆکوشتن بووەتە دیاردە؟
رێبوار عارف: بەڵێ ئەمە دیاردەیەکى زۆر فراوانە، هەموو حاڵەتەکان باسناکرێن و دەشاردرێنەوە، ئەمەش ئەوەندەى دیکە کەسوکارى قوربانیەکە نیگەران و خەمبار دەکات چونکە لە کاردانەوەکانى خۆکوشتنەکە دەترسن و باسى ناکەن، نایانەوێت قسەی لەسەر بکەن، واتە پاش گیان لەدەستدانی ئەزیزەکەیان مەحکومن بە بێدەنگ بوون و شاردنەوەی ژانێک!

زەمەن: ئێوە ئەزموونى ئەوروپاتان هەیە ئایا لەوێش کەیسەکان دەشاردرێنەوە؟
رێبوار عارف: ئەوروپا گەیشتووەتە قۆناغێک و٦٠ بۆ٧٠ ساڵ کار لەم بوارەدا دەکات، لەبەرئەوە ناکرێت بەراوردى ئێرەو ئەوروپا بکرێت، خەون و روئیاى من ئەوە نیە بڵێم دوو ساڵى تر لەم بوارەدا بە ئەوروپا دەگەینەوە، ئەم باسە بەرکەوتى فەرهەنگى و پەروەردەیى و یاسایى هەیە، من لە فینلەندا دەژیم لەم ماوەیەدا بە مەبەست کارم لەسەر ئەم پرسە کردووەو چەندین بابەت و توێژینەوەم خوێندنەوەتەوە، لەوێ نەک رێکخراوێک بەڵکو زیاتر لە 20 ئۆرگانى حکومى وناحکومى هەیە پرسى خۆکوشتن بەشێکە لە ئیشەکەیان، دیاردەى خۆکوشتن لە کوردستان لە دواى راپەرینەوە زۆر بەرفراوان بووە، بە ئاسانیش بەسەر کۆمەڵگەدا تێدەپەڕێ دەڵێن ژنەکە خۆى کوشت زۆر بەئاسانى دەڕوات ئەگەر قسەى لەسەر بکرێت لە روویەکەوە دەڵێن بێ ئەخلاق بووە یان کێشەى خێزانى هەبووە، شەپۆلی قوربانیانی کارەساتی خۆکوشتن لە ژمارەی بێ هەژماری خۆکوشتنی ژنانەوە لە کوردستان دەستیپێکرد کە بەداخەوە پاش دروستکردنی دەیان رێکخراو دەیان پرۆژە هێشتا خەریکی پۆلێنکردنی ئاماری خۆکوشتنی ژنانين، دەکرێت ئەمڕۆ ئەو رێکخراوانە لە خۆیان بپرسن کە ئایا چییان کردووە بۆ رێگرتن لە خۆکوشتنى ژنان و چەندە توانیویانە لە رێژەی خۆکوشتنەکانی ژنان کەم بکەنەوە .

زەمەن: پێتوایە لە دروستبوونى رێکخراوى تایبەتمەند لەم بوارەدا زۆر دواکەوتووین؟
رێبوار عارف: باسەکە زۆر فراوانترە لە دواکەوتنی دروستکردنی ئەم جۆرە رێکخراوانە، کە رەنگە بەشێکیشی پەیوەندى بە دواکەوتنەوە هەبێت، بەڵام کارێکی لەم جۆرە شیوازێکی جیاواز لە خۆدەگرێت، شیوازێک کە تائێستا لە کوردستان دەستی بۆ نەبراوە، دیارە بەشێکیشی ئەوەیە کە کاری لەمشێوەیە هەموو کەسێ خۆی نادات لە قەرەی، چونکە ئەم رێکخراوانە لەپاڵ ئەوەدا کە تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە زۆر بەرکەوتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یاسایی هەیە کە نە لە شێوازی رێکخراوە جەماوەریەکانە نە لەشێوازی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، لەسەروو هەمووشیانەوە ئەم رێکخراوانە بە کەسانێک ساخ دەکرێنەوە کە ئەزموون و شارەزاییەکی باش و توانای ئیدارەکردن و بەردەوامی هەبێت بەجۆرێک کە بتوانێت تۆڕێکی زۆر فراوان لە هەڵسوڕاوانی لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان هەبێت و خاوەن روئیاو بەرنامەیەکی رۆشن بن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و راوەستانەوە لەبەرامبەر بەو دۆخەدا. بەتایبەت ئەمڕۆ دەبینین ساڵانە سەدان کەس خۆیان دەکوژن نە دەسەڵات و نە هیچ لایەنێک بچوکترین بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ ناگرن. دۆخەکە وایلێهاتووە وەک دەڵێن “ئەوەی کە دەمرێ بۆخۆی دەمرێ”، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ئەوجۆرە کەسانە تەنیا بۆ خۆیان نامرن بەڵکو کاریسەیەکی گەورە لەدوای خۆیان بۆ ئەزیزانیان جێدەهێڵن، کە زۆرجار ئاوڕلێدانەوەو باسکردنیشی کارێکی ئاسان نیە... ئەمە جگە لەوەی کە دروستکردنى رێکخراوی لەم جۆرە زەمینەو کەرەستەو تواناى مرۆیى خۆى دەوێت وهەرچەندە هەموو ئەمانە بەمانای ئەوەنیە کە دیاردەى خۆکوشتن بە هیچ رێکخراوێک ریشەکێش بکرێت، بەڵکو دەتوانرێت ئیش بکرێت بۆ ئەوەى بەرفراوانتر نەبێتەوە، نەک بۆ کوتایی پێهێنانی. ئێستاش لە ئەوروپاش دیاردەى خۆکوشتن ترسناکە، بەڵام لە کوردستان لەپڕ وەکو قارچک سەرى دەرهێناوە ئەمە جیاوازییەکەتى لەگەڵ ئەوروپا، کە بە پرۆسەیەکى مێژوویدا بڕۆیت، لە ئەوروپا وەڵام هەیە بۆ ئەم دیاردەیەو ئۆرگانى جۆراوجۆر هەیەو دەیان یاسا لەم بوارەدا هەیەو ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ پێشگرتن بەم حاڵەتگەلە تەرخان دەکرێت. لەبەرئەوە هەرکەسێک پێش ئەوەى بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە کۆمەڵگەیەک هەیە لێى بەرپرسیارەو ئیتر ئەوان بەرامبەر بە هەموو زەنگێک رادەچەڵەکن، ئەگەر منداڵێک لە ئەوروپا لە قوتابخانە بڵێت من خۆم دەکوژم، ئیتر هەمووان شۆک دەبن، مامۆستاو کارگوزارو خەڵکانى تریش ستۆپ دەکەن و بەدواچوون لەسەر مەسەلەکە دەکەن، لە فینلاند منداڵ هەبووە وتویەتى خۆم دەکوژم، ئیدارەى قوتابخانەکەى بە مامۆستاو بەڕێوەبەرو یارمەتیدەرەوە یەکسەر کۆبونەتەوە، راستەوخۆ پەیوەندى دەکەن بە دایک و باوکی منداڵەکەوە، پزیشکی قوتابخانە ئامادە دەبێت، سایکولۆژیست و کارمەندی سۆسیال و منداڵپارێزان، توێژەری کۆمەڵایەتی، کەسانی پسپۆر، لە دەوری یەک کۆدەبنەوەو بەدواچوون و لێکوڵینەوە لەسەر حاڵەتەکەو هۆکارەکانی دەکەن، بەدواى ئەوەدا دەرۆن کە بۆچى ئەو منداڵە واى وتووە. بەحوکمی کارەکەم دەیانجار لەو کۆبونەوانەدا بەشداریمکردووە کە زیاتر لە 10 کەسی شارەزاو بەرپرس بەدوای کەشفکردنی هوکارەکانی ئەوە دەربڕینەوە بوون کە منداڵێکی بەو زمانە هێناوەتە گۆ... وەختێک لەم ئاستە بەرفراوانەدا کۆمەڵگە بەرپرسیاریەتى  نیشان دەدات، ئەوە دەگەیەنێت کە تەنانەت ئەگەر هۆکاری ئەم مەسەلەیە شەخسیش بێت، ئەوا ڕێگەچارەکەی بەرپرسیاریەتیەکی کۆمەڵایەتیە نەک شەخسى و خێزانى.

زەمەن: مشتومڕێکى زۆر هەیە لەسەر ئەوەى خۆکوشتن مافە یاخود تاوان، ئەمە لە کوردستاندا تائێستا هەر قسەى لەسەر نەکراوە؟
رێبوار عارف: مەسەلەى خۆکوشتن مافە یاخود تاوان، ئەوە باسێکى پر رەهەندو باسێکی حقوقی و فەلسەفەیە، هێشتا کۆمەڵگەى ئێمە ئامادەی ناسینی ئەم باسە نیە وەک خۆی، بۆیە ترسم هەیە لەوەی کە ئاخۆ قسەکانی من چۆن تەرجەمە دەکرێ یان چۆن وەکو رەش وسپى تەماشا دەکرێت. واتە ئەگەر من بڵێم مافە رەنگە کەسانیک وەک شەرعیەتدان بە خۆکوشتن بیخۆیننەوە، ئەگەر بشڵێم تاوانە، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە مرۆڤ کە بەدەر لەویستی خۆی هاتووەتە بوون بۆدەبێت تاوانبار بێت بەوەی کە بڕیار لەسەر ژیان و بوونی خۆی بدات. تەسەورکە لە هیندستان گەر کەسێک بیەوێت خۆی بکوژێت بەهەر هۆیەک سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا دواتر ئەو کەسە سزا دەدرێت. چونکە هەوڵى خۆکوشتنی داوەو ساڵێک سزاى زیندانى کردنی بەدوایە، ئەمە چییە کەسەکە تەحمولی ئەو ژیانەی نەماوەو هەست بە نامۆبوونی خۆی دەکات لەو کۆمەڵگایەو دەیەوێت بۆ دواجار کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، ئەمە وەک تاوانێک تەماشا دەکرێ بەبێ ئەوەی کە حکومەت هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک لە بەرامبەر هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسە بخەنە سەر ئەستۆی خۆیان، بۆیە لەبەرامبەردا سزاشی دەدەن. هەربۆیە لە وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی گشتی سەرباری هەموو هەوڵ و تەقەلاکان، خۆکوشتن بە تاوان ناوزەد ناکرێت.

ئەمە جگە لەوەی لە هەندێ وڵاتدا ئێستا کۆتاییهێنان بە ژیان بە تایبەت بۆ کەسانی بەتەمەن و نەخۆشی سەخت یان کەسانێک کە ئیتر توانای ژیانیان نەماوە، بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی وەک مەراسیمێک هەندێک کەسوکارو دۆستانیان داوەتدەکەن و ماڵئاواییان لێدەکەن و پێکێک خواردنەوەی کوشندە دەخۆنەوەو پاش چەند خولەکێک کۆتایی بە ژیانی ئەو کەسە هاتووە، کە ئەمە زۆر پەیوەندی بە هۆکارە باوەکانی خۆکوشتنەوە نیە. لایەنێکی تری بە یاسایی کردنی مافی خۆکوشتن و سەیرنەکردنی وەک تاوان، حکومەت دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی بۆئەوەى کە ئینسانەکە خۆى نەکوژێت، یان ژیانی بەهەند وەربگیرێت و لە ئاستێکدا هەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی. کە بەداخەوە تا ئێستا نەحکومەت و نە پەرلەمان هیچ هەنگاوێکیان لەمبارەوە نەناوەو دەتوانم بڵێم ئەم باسە بەهیچ جۆرێک رۆژێک لە رۆژان لە ئەجێندای ئەم دەسەڵاتەدا نەبووە. ئاخر بەشێک لە هۆکارەکانى خۆکوشتن گرێدراوە بەو بارودۆخە ئابورى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگيیەوە کە مەوجوودە، لە کوردستاندا گەنج هەیە ١٦ساڵ دەخوێنێ دوای عەیامێک دەگەڕێت بۆ ئەوەى ببێتە سایەق تەکسى. وەختێک کە گەنجێک هیچ ئومێدێکی بەو ژیانە نیەو دڵنیایە لەوەی کە ناتوانێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژى، هاوکات دەسەڵاتیش هیچ بەرپرسیاریەتيەک هەڵناگرێت، تۆ سەرباری ئەوەی کە بیمەى بێکاریت نیەو لەهەرجۆرە خزمەتگوزاریەک بێبەشیت، کاریشت نەبێت و بەرهەمی هەوڵ و تەقەلای زیاتر لە 16 ساڵت بەهەدەردەچێت ئیتر چۆن ئەو گەنجە رۆژ لە دواى رۆژ هەست بە پەراوێزبوون ناکات و بەرەو ئاراستەی بێ بەهابوونی ژیانی هەنگاو نانێت، کە ئەمەش دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و کۆتایهێنان بەو ژیانە.

زەمەن: واتە پێتوایە پێویست دەکات لەمڕووەوە یاساى تایبەت هەبێت و ببێتە پرس لاى حکومەت و پەرلەمان؟
رێبوار عارف: بەدەر لەوەی کە ئایا یاسا دەتوانێت بە کردەوە چ ئاڵوگۆڕێک پێکبهێنێت، بەڵام تاوتوێکردنی ئەم باسە لە رووی یاساییەوە زۆر گرنگە، من دەزانم لە کوردستان جێگەو رێگەی ياسا چييەو چەند لاوازە بەڵام بوونی وەها ياسايەک لەکاتی خۆیدا تۆ دەتوانیت پشتی پێببەستیت. بەڵام لە راستیدا ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە زۆر دەردەدارە لە پەیوەست بەم باسەوە، چونکە زۆر باس و بابەت هەیە کە دەبێت لە رووی یاسايیەوە ئاوڕی لێبدرێتەوە سنوورێک بۆ بەزاندنی دەستدرێژیە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان دابنرێت. تەداخولات لە ژیانی تایبەتی تاکەکانی کۆمەڵگادا بە چ ئاستێک گەیشتووە. سەرزەنشت، سوکایەتی، بێبەهاکردنی ژیانی بەرامبەر، چەپاندنەوەو گەلێک بابەتیتر، هۆکارە بۆ چوونە نێوخۆمان و بۆ نامۆبوونمان بە دەوروبەر بۆ وەرسبوون و بەکەمگرتنی ژیانی خۆمان، ئاخر تۆی گەنج تا کوێ دەتوانیت رەنج بەریت بەدەست ئافاتی تەدەخولاتی ژیانی شەخسیەوە، تا کوێ دەتوانیت بێدەنگ بیت لەبەرامبەر بە سەرزەنشتی دەوروبەرو سوکایەتی و چەپاندنەوە، کەی ژن دێنیت، بۆ رەبەنیت، بۆ شوناکەیت، ئاخر گەنجێکی بێ ئەزموونی گیرفان خاڵی پر معانات تا کوێ دەتوانێت بێدەنگ بێت لەبەرامبەر بەو پرسیارە بێ وەڵامانە، بۆیە کە دەڵێم دەبێ سنوورێک بۆ بەزاندنی دەستدریژیە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان دابنرێت باسەکە ئەوەیە کە کۆی ئەم بارودۆخەو ئەم جۆرە دەخالەتکردنە هۆکارەکانی پشت سڕینەوەی ژیان و پەنابردن بۆ خۆکوشتن زیاتر دەکات و دەبێت کۆمەڵێک رێگە بگیرێتەبەر کە یەکێکیان ئەو یاسایەیە کە رێگە بەوە نادات ژیانی شەخسی تۆ وەک ئینسانێک وێران بکرێت بەهەر پاساوێکی ئاینی و کولتوری کۆمەڵایەتی .

زەمەن: بەڵام هێشتا پێتوانیە رێژەى خۆکوشتن زۆر نیە، سەرەڕاى نالەبارى دۆخە کۆمەڵایەتى و فەرهەنگییەکە؟
رێبوار عارف: ئەوەى لە میدیادا بەدیدەکرێت بە ماناى ئەوە نیە کە لەواقعیدا دۆخەکە هەروایە، رەنگە کەسێک شاعیرێک بێت، هونەرمەندێک بێت، یان کەسێک بێت کە خۆکوشتنەکەی بەرکەوتەی تری لێبووبێتەوەو خەڵک زانیبێتی کە خۆی کوشتووە، بەڵام خەڵک هەیە کەس خۆکوشتنەکەى نابینێت و نابیستێ، خێزان هەیە خۆکوشتنی ئەزیزەکەیان بەشەرم دەزانن، دەیشارنەوە سانسۆری دەکەن، لەبەر سەرزەنشت و دادگاییەکانی پاش مەرگی ئەزیزانیان لەبەر بۆردومانی پرسیارە نادروست و نابەجێکان. بۆیە ئەو رێژەی کە گوێبیستی دەبین بەمانای هەقیقەتی رووداوەکان وهەوڵەکانی خۆکوشتن نیە. ئەگەر وردتر بیربکەینەوە لە کوردستان چوونە سەرەوەى رێژەى خۆکوشتن راچڵەکێنەرە، بەڵام هێشتا بەراوردى ناکەم لەگەڵ ئێرانى دراوسێمان کە ساڵی رابردوو 3400 کەس خۆیان کوشتووە. بەراوردی ناکەم لەگەڵ فینلەندا کە لەساڵى رابردوو ٨٤٣ کەس خۆیان کوشتووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەوەی کە تۆمارکراوە ٤٠ هەزار کەس بیرى لە خۆکوشتن کردووەتەوە، رێکخراو و ئۆرگانە جیاوازەکان ئیشیان لەسەر کەیسەکان کردوەو دەبینین چ کاریگەریەکی لە کەمکردنەوی رێژەکەدا داناوە. بۆیە من دەزانم کە دیاردەی خۆکوشتن ریشەکێش ناکرێت بەڵکو دەتوانرێت لە ئاستێکی زۆر باڵادا کەم بکرێتەوە، کە بەدڵنیایی تێگەیشتن و هۆشیارى کۆمەڵگەو هەستیاربوون بەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی کەسانی دەوروبەرمان و هەوڵدان بۆ گەرانەوەی بەهای ژیان بۆیان کارگەلێکی یەکجار گرنگە، بەڵام لەهەمووی گرنگترو کاراتر دەورو جێگەو رێگەو پلان و بەتەنگەوە چوونی دەسەڵاتە.

لە کوردستان پێویستمان بە رێکخراو و یاسا و کەسانى بەتوانا هەیە بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بکەن و میدیاکانیش پشتیوان بن و حکومەتیش بەرپرسیاریەتى خۆى نیشان بدات. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە نایشارمەوە دەستبردن بۆ وەها پرۆژەیەک دەستبردنە بۆ گەلێک بەرکەوتەی کولتوری، کۆمەڵایەتی، ئاینی، دەستبردنە بۆ زیندوو راگرتنی کولتورێکی ئینسانی کە تێیدا هاوڵاتیان هەست بە بوون و بەهاو کەسایەتی خۆیان بکەن، ئەگەرچی لەم کۆمەڵگایەدا ئەمڕۆ ئێمە لەسەرەتای کارداین، بەڵام لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی و وەدەنگ هاتنی کەسانێک کە دەیانەوێت لەم بوارەدا کارێک بکەن هیوابەخش و دڵخۆشکەر دەبێت بە هەموومانەوە پشتگیری لێ بکەین


 
 

  Share/Save/Bookmark 

 
 

     مطالب مرتبط

 
   
 

Copyright © 2006 azadi-b.com