سه نوع چپ در رفراندم(مطلب به زبان کردى)

سێ جۆری چەپ لەم ڕیفراندۆمەدا
ئامانجی مارکسیزم نەهێشتنی ستەمی ئینسان لە سەر ئینسانە ، هەرجۆرە ستەمێکیش سەرچاوەکەی ناکۆکی چینایەتیە ئامانجیش لەو ستەمە بەهرەمەند بوونی بورژوازیە لە سەروەت وسامان لە ڕێگای کەڵەکەی سەرمایەو زێدەبەهاوە ( فائض قیمە) لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا ئەمەش بەهۆی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتیەوە دەبێ ، بۆرژوازی بۆ ئەم ژێرخانە ئابوریەی پێویستی بە دەوڵەت وئایین وخێزانە . مەبەستی من لێرەدا نیشاندانی تێڕوانینی چەپ وکۆمۆنیزمی مارکسە بۆ نەمانی ستەمی ئینسان لە سەر ئینسان لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆمەوە لە مارکسیزم . بورژوازی بۆ بەدی هاتنی ئامانجەکانی پێوستی بەچەندین ستەم هەیە لە سەر کۆمەڵگا جگە لە چینی کرێکارستەم دەخاتە سەر هەندی چین توێژی کۆمەڵایەتی تر بۆیە ئەرکی چینی کرێکار تەنها ڕزگار کردنی خۆی نابێت بەڵکو ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگایە جا هەرکەس وچین وتوێژێک لەگەڵ بەرنامەی مارکسدا بێتەوە بۆ رزگار کردنی هەر بەشێکی کۆمەڵگا جێگای پشتیوانی دەبێت .
چەند ستەمێک هەیە کە لەدەرەوەی کارگا وکارخانەکان وئیدارەکاندا هەن وەک ستەم لە سەر ژن ،لاوان ، منداڵان ستەم لە سەرڕەنگی پێست ،هاوڕەگەز، ژینگە ، ستەم لە سەر زمان ومیللەت..هتدا . مارکسیزم زانستێکە بۆ ڕزگاری ئینسان لە سەرجەم ئەم ستەمانەو ستەمی چینایەتیش .
ئەوانەی بە ناوی مارکسەوە لێدوان ئەدەن قسە ئەکەن بە ڕای من سێ جۆرن : یەکەم ئەو چەپانەن کە تەنها خەباتی چیانیەتی واتە ڕزگار کردنی کرێکار یا پرۆلیتاریا بە پێویست دەزانن ستەم لە سەر کۆمەڵگا وەک مەسەلەی میللی وژنان ولاوان وژینگە ورەنگی پێست دەسپێرن بە بورژوازی وبە ئەرکی خۆیانی نازانن . دووەم: بەشێک لە چەپ هەن وازیان لە خەباتی چینایەتی ‌‌هێناوە رزگار کردنی پرۆلیتاریاو بەدی ‌هێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەسپێرن بەئایندەیەکی نادیار بۆیە ئەرکیان لە چوارچێوەی ریفۆرمەکان دەرناچێت وشۆڕشی سۆشیالیستی لە پراکتیکدا بە پێویست نازانن . سێەم : ئەوبەشەیە لە چەپ کە زیاتر بە چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری دەناسرێت وەک درێژە پێدەری ڕێبازەکەی مارکس ولینینە ئەم بەشە بە پێچەوانەی هەردوو بەشەکەێ پێشوو ئەرکی نەمانی هەموو جۆرە ستەمەکانە لە سەر ئینسان ،بۆ ئەمەش ڕێگا وتاکتیکی خۆی دەبێت تا بەسەرەنجام گەیاندنی ئەرکە مێژوویەکەی خۆی کە ڕووخانی سەرمایەداری وبەدی ‌‌هێنانی سۆشیالیزمە .هەردوو بەشی یەکەم ودووەمی چەپ کێشەکانی کۆمەڵگا ڕائەسپێرن بە سۆشیالیزم یا ڕائەسپێرن بە ڕیفۆرم،هەردووکیان هەڵەن لە ڕووی مێژویی ومیتۆدی مارکسەوە ، هەندێ کێشە هەن پەیوەندی بە کۆمەڵگای بورژوازیەوە هەیە لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا چارەسەرکران وەک نەمانی ستەمی میللی ویەکسانی ژن وپیاووە وەکردنی دین بە ئەرکی تاک بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بورژوازی وازی لەم چارەسەرانە ‌هێناوە پێویستی بە مانەوەیان هەیە بۆیە بووەتە ئەرکی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان وئیمکانی چارەسەریان هەیە لە ناو کۆمەڵگای بورژوازیدا وەک ڕێگا چارەی فەوری ودەست بەجێ کە دەکرێ بەشێک لە بورژوازییش لەم چارەسەردا بەشدار بێت بەڵام بۆ ئامانجی خۆی .
بۆئەوەی ڕوون بێت نموونەیەک باس دەکەم کاتێک کەسێک بەهۆی کارەساتی ئۆتۆمبیلەوە تووشی خوێن بەربوون دەبێت تۆ دەتوانی چارەسەری بکەی بە بەستنی برینەکەی پێویست نەکا ببرێت بۆ نەخۆشخانەش بەڵام بۆ ڕووداوە سەختەکان لەوانەیە چارەسەکەی تۆ ئەوەندە پێویست بێت تادەگاتە نەخۆشخانە .خۆ ناکرێ من بڵیم با نەچم بە هانای ئەو کەسەوە لە ئێستادا ئەوە ئەرکی من نیە ئەرکی دوکتورو نەخوشخانەیە یاخود بڵێم تەنها بە پێچانەوە و بەستنی برینەکەی چارەسەر دەبێت پێویستی بە نەخۆشخانە نیە لە هەموو حالەتەکاندا ، بۆیە ئەم دووانە هەردووکیان دوورن لە لۆژیکەوە .ئەوە ی لۆژیکە دەبێ چارەسەری سەرەتایی بکەی وئەنجا ئەگەر برینەکەی سەخت بوو بیبەی بۆ دۆکتۆرو نەخۆشخانەش . بۆیە دەکرێ زۆر ئامانج بەدی بێت لە ناودڵی کۆمەڵگای بورژوازیدا وەک دەوڵەتی سکیۆلارو نەمانی کێشەی میللی وستەمی ڕەگەزی و کێشەی هاورەگەزەکان وبەشێک لە کێشەی ژنان چونکە لەرووی مێژوووە پەیوەستن بەم کۆمەڵگایەوە بەڵام هەندێ ئامانجیش هەیە مەحاڵە لە چوارچێوەی سیستەمی بۆرژوازیدا بەدێبێت وەک ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان چونکە ئەم ئامانجە بەدی نایەت بەبێ ڕووخانی دەوڵەتی سەرمایەداری ونەمانی خاوەندارێتی تایبەتی وکاری کرێگرتە.
لێرەدا دەکرێ هەردوو جۆرەکەی چەپی ناکرێکاری ڕێگر بن لەبەردەم هەر ئاڵوگۆرێکدا کە بەسەر کۆمەڵگادا دێت بەشێکیان لەو کاتەدا دەبنە ڕێگرکە چارەسەرە سەرەتای یەکان دەکرێ بۆ گرفتە ئینسایەکانی کۆمەڵگا بەشێکی تریان لەو کاتەدا ڕێگر دەبن کە خەریکە ئاڵگوڕێکی ڕیشەیی ڕوودەدا وەک شۆڕشی سۆشیالیستی ، لە ڕووی پێگەی چینایەتیەوە هەردووکیان سەر بە توێژی ناوەندن یان ووردەبۆرژوازین لەڕووی سیاسی وفکریەوە دەبنە پارێزەری ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە وەک مارکس دەڵیت لە بۆرژوازیش کۆنەپەرستترن چونکە دژی هەر گۆڕانکاریەکی مێژوویین . هەرکەس مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیای خویندبێتەوە ئەم دووجۆرە چەپەی بینیوە کە لە هەر ئاڵوگورێکدا بەشێکیان بوونە تە کۆسپ وڕێگر لە بەردەم خەباتی لینین وبەلشەفیەکاندا .
لەڕیفراندۆمەکەی کوردستاندا هەرسێ جۆری چەپ دەرکەوتن ئەوچەپەی کە چارەسەری کێشەی میللی بە ئەرکی خۆی نازانێت بە بیانوو وتەبریراتی شکست خواردوو تا توانی ڕێگری کردووە وە بە کردەوە دیفاعی لە لەفیدراڵیزم ومانەوەی کێشەکان دەکات وە جۆری دووەمی چەپیش پشتیوانی لە ریفراندۆمەکە کردووە بە هەمان ئەجێندای بۆرژوازیەوە وە جۆری سێ یەمیش پشتیوانی لە ڕیفرنادۆمەکە کردووە بە ئەجێندای خۆیەوە بە دوور لە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ بورژوازی وخۆ بەستنەوە بە ئاسۆوئامانجەکانیەوە ، وە هەر ئێستایش کار دەکات بۆ ئەم ئاسۆوئامانجانەی خۆی کە بەکار‌‌‌هێنانی دەنگی بەڵێ ی خەڵکە بۆ سەربەخۆی نەک بۆ هیچ شتیکی تر بۆ ئەوە ی کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت .
سەردار عەبدوڵا حەمە
١١/١٠/٢٠١٧