ئایا، ئه‌وه‌ی ئێوه پارێزگاری له پرێنسیپه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یه؟!
پێشه‌کی:
ئێمه، زیاتر له 100 که‌س، به دوای ناکۆکییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و شه‌ر و تێکهه‌ڵچوونیان، که به‌مجۆره ئاکار و هه‌ڵسووکه‌وتی شۆڕشگێرانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی تێدا خراوه‌ته ژیرپێ، ڕاگه‌یاندنێکمان ده‌کرد و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆمان، له دژی ئه‌م سیاسه‌ته چه‌وته، ده‌ڕبری تا له‌وه زیاتر به ناوی کۆمه‌ڵه‌وه، سۆسیالیزم، دێمۆکراسی، حورمه‌ت و که‌رامه‌تی ئینسانی و گشت ئه‌و ڕه‌نج و ئازارانه‌ی که له‌م ڕێگایه‌دا دراوه به فیرۆ نه‌درێت و ژێرپێ نه‌خرێت.
خالید سیاده‌ت، ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، به‌دوای ده‌رچوونی ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا، چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌به‌ر، وتارێکی له‌ژیر ناوی " ئه‌وه پارێزگاری له پرێنسیپه‌کانی کۆمه‌ڵه نیه" بڵاوکرده‌وه. هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێت، ڕووی قسه‌کانی له که‌سانێکه که چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش، واته له ساڵی 2000 به دوای کێشه‌کانی ناو حیزبی کۆمونیستی ئیران و جیایی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌م حیزبه، گروپێکیان پێکهینا بۆ یه‌کیه‌تیی ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه، له ژیر ناوی کۆمه‌ڵه‌دا. ئه‌وکه‌سانه‌ی که ئه‌م گروپه‌یان پێکهێنا، بریتی بوون له مه‌لکه مسته‌فا سوڵتانی، یه‌حیا ده‌وه‌نداری، ڕه‌حمان ئه‌رغه‌وانی، داریوش نه‌ویدی، ئه‌حمه‌د به‌هرامی، محه‌مه‌د موهته‌دی و هاشم ڕه‌زایی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه، لێکۆلینه‌وه له جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌که که ده‌توانێت زه‌ره‌روزیانی گه‌وره به بناماکانی دێمۆکراسی و ڕه‌وتی پێشکه‌وتوو له کوردستان بگه‌یه‌نێت، که لێره‌دا باسی ده‌که‌م.
ڕه‌خنه‌گرتن و ڕه‌خنه‌گه‌ری بڤه‌یه؟!
خ.س له نوسراوه‌که‌یدا ده‌ڵێت : " لێره‌دا ئه‌وه‌ی که جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ئێوه هیچ باسێک له‌وه ناکه‌ن که ڕێبازی فیکری و سیاسیتان چیه. خۆتان وه‌کو ته‌نیا واریسان و حه‌قدارانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناڵێن که چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه، پرۆژه‌تان چیه"
ئه‌م جۆره بۆچوون و بیرکردنه‌وه، حه‌ولده‌دات که به‌ر به هه‌موو بیر و بۆچوون و هه‌ڵوێستێکی ڕه‌خنه‌گه‌رانه ببه‌ستێت له ژێرناوی ئه‌وه‌دا که " پرۆژه‌تان" چییه!؟ که‌س یان که‌سانێک، پێویسته که " پرۆژه" یه‌کیان هه‌بێت، جا ئه‌و کات مافی قسه‌کردن و ڕه‌خنه‌گرتنیان هه‌یه!!! ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌کیشیان نه‌بوو، ده‌بێ "ڕیبازی فیکری و سیاسی‌یان" باس بکه‌ن!!! ئه‌وه یانی تاکه‌که‌س حه‌تمه‌ن ده‌بێت له گروپێکی سیاسیی و یان ڕێکخراوێکی سیاسیی‌دا بێت جا ئه‌وکات مافی ڕه‌خنه‌گرتن و دووان له سیاسه‌تی ئه‌م و یان ئه‌و حیزبی هه‌یه!!. که ئه‌م جۆره بیرکردنه‌و‌ی خ.س رێکاورێک دژی " مافی ده‌ربڕینی بیروڕا و مافه سه‌ره‌تایییه‌کانه مرۆڤه" . ئه‌گینا قسه له پرۆژه و ڕێبازی سیاسی چییه؟! مافی ڕه‌خنه‌گرتنت نییه ئه‌گه‌ر پرۆژ‌ه‌ت نه‌بێت؟ مافی ڕه‌خنه‌گه‌رێت نییه، ئه‌گه‌ر ڕێبازی سیاسییه‌که‌ت وه‌ک به‌رنامه‌ی سیاسیی حیزبی به نووسراوه نه‌دابێته ده‌رێ؟
به‌رێز خ.س، که‌سێک لازم نییه، حه‌تمه‌ن کارگه‌ردانی فیلم و یان فیلمساز بێت جا ئه‌وکات مافی ڕه‌خنه‌گرتنی له فیلم هه‌بێت! که‌سێک لازم ناکات حه‌تمه‌ن ده‌بێ خاوه‌نی چه‌ند "پرۆژه" یان پروگرامی سیاسی بێت، جا ئه‌وکات مافی ته‌حلیل و لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و یان ته‌فسیری سیاسی هه‌بێت؟ هه‌ر له‌و سوئیده‌ی که من و تۆی لێده‌ژین، خه‌ڵکانی زۆر له رۆژنامه‌کانی جۆراوجۆری ئه‌م ولاته‌دا نوسراوه ده‌نووسن و ڕه‌خنه له عه‌رش و قوڕش ده‌گرن، به‌ڵام که‌س لایان لێناکاته‌وه و پێیان ناڵێت کوا پرۆژه‌تان؟ کوا ڕێبازی سیاسییه‌که‌تان؟ ئه‌وانه هه‌موو بروبیانوو بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌یدانی ڕه‌خنه‌گه‌رییه و هیچی‌تر. حیزبه‌که‌تان له‌مێژه ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕه‌خنه‌تان لێده‌گرن وه‌به‌ر شاڵاوی هێرش و جنێو داوه. ئه‌گه‌ر به دڵێکی ئاواڵه‌وه چاو‌ێک به نوسراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، به تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بخشێنین، ئه‌وه به ئاشکرا ده‌بیندرێت. هه‌ر له‌م نوسراوه‌دا خ.س ده‌ڵێت: " ئێوه له کاتوساتێکدا هێرش ده‌به‌نه سه‌ر کۆمه‌ڵه که که‌مپه‌ینێک له دژی کۆمه‌له که‌وتوته ڕێ که سه‌ری به زۆر جێگای گومانه‌وه وه‌سڵه". لێر‌دایه، که ئێوه هه‌میشه ئه‌و کسانه‌ی که ڕه‌خنه‌تان لێده‌گرن، تۆمه‌تی گومانلێکراویی، تۆمه‌تی دۆژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه و ... لێده‌ده‌ن. سیاسه‌تی ئێوه له‌چه‌ند ساڵی رابوردوودا سوتاندنی چاک و خراپ به‌یه‌که‌وه بوو. بۆچی بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه، دوستتان به خۆتان نه‌هێشتووه. ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆژی کۆمه‌ڵه‌که‌تان نایه‌ن و ته‌حریمی ده‌که‌ن، پرسیارێکه که خۆتان پێویسته لێی‌بکۆلنه‌وه و ولامی پێده‌نه‌وه و مه‌یخه‌نه ئه‌ستوی خه‌ڵکانی‌تر. سیاسه‌ته‌کان، هه‌ڵوێسته‌کان، دیپلۆماسی و کاری ڕێکخراوه‌یی ئێوه و و به‌شه‌کانی داپچڕاو له ئێوه، زۆر له تایبه‌تمه‌ندییه به‌ده‌ربه‌سته‌کانی کۆمه‌ڵه دووره و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه‌تان لێده‌گرن. بۆچی ئه‌وه‌تان له‌بیرچۆته‌وه، که له کۆمه‌له‌دا کۆبۆنه‌وه‌ی مانگانه و ڕه‌خنه‌گرتن له به‌ڕێوه‌به‌ری له خواره‌وه تا سه‌ره‌وه هه‌بوو. بۆچی ئه‌وه‌تان له‌بیرچۆته‌وه که کۆمه‌ڵه به‌رانبه‌ر به هه‌ڵه‌کانی سیاسیی خۆی ڕه‌خنه‌ی له‌خۆ ده‌گه‌رت و شانازیشی پێوه ده‌کرد. به‌ڵام ئێوه وادیاره له ماوه‌ی ئه‌م 8 ساڵه‌دا، هه‌ر خه‌رێکی کاری "خێر و سۆسیالیستی" بوون و ئێمه‌مانان خه‌ریکی کاری "شه‌ڕ" و " قه‌ڵسه‌گێران" له‌م و له‌و بووین؟؟!! ئه‌وه ڕه‌خنه‌گه‌رییه، یه‌کێک له‌و ڕیبازانه‌یه، که ده‌بێت به شێوازێکی پێشکه‌وتووانه، زیندوو کرێته‌وه.
کێیه تووی نه‌فره‌ت ده‌پژێنێت؟
خ.س له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ده‌نووسێت که : " پێتان وانیه پرێنسیپی شوڕشگێرانه ده‌خوازی که له جیاتی دوبه‌ره‌کایه‌تی زیاد کردن و تۆوی نه‌فره‌ت پژاندن، بیر له یه‌کگرتویی و نزیک بونه‌وه بکه‌نه‌وه. له جیاتی بێ هومێدی و ڕه‌شبینی و بێ ئاسۆیی، مژده‌ی هیوا و گه‌رمی و ڕزگاری بده‌ن."
به‌ڕاستی دونیایه‌کی سه‌یره، ئێوه که خۆتان، به‌و سیاسه‌ت و ڕێبازه جوانانه‌تان، خوڵقێنه‌ری ئه‌م چه‌ندبه‌ره‌کایه‌تییه‌ن و تووی نه‌فره‌ت ده‌چینن به‌لام، ئه‌رکی یه‌کگرتوویی و نزیکبوونه‌وه‌که ده‌خنه سه‌رشانی ئێمه‌مانانێک" که پرۆژه‌یه‌کمان نییه و له ساحله‌کانی ئورووپا خه‌ریکی خۆشرابواردنین؟!!
ئێوه که خۆتان، به باڵی که‌مینه و زۆرینه‌وه، بێ هومێدی و ڕه‌شبینی و بێ ئاسۆیی بڵاو ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئێمه ده‌بێ مژده‌ی هیوا و گه‌رمی و ڕزگاری بده‌ین؟!
ئایا ئه‌وه ئێمه‌ین که ڕقوقین و نه‌فره‌ت و تووی ناهومێدی بڵاو ده‌که‌ێنه‌وه یان ئێوه‌ن؟ هه‌ر ماوه‌یه‌ک، به‌جێگای پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ته‌کانی هه‌ڵه‌ی خوتاندا، که‌س یان که‌سانێک، ده‌که‌نه قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که‌تان به سه‌ر شانی ئه‌م و ئه‌ودا بشکێنن!! با گوێقولاخ بین و ببینین له ڕۆژان و مانگه‌کانی داهاتوودا، چ که‌سانێکی‌تر له ناو کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشاندا، "هه‌را و گۆڵمه‌ز" ده‌نێته‌وه تا بییانکه‌نه په‌رۆسووتاو و قوربانی ئه‌م ململانێیه. ئه‌وه کێیه که تووی نه‌فره‌ت ده‌پژێنێت، واباشتره ئه‌م قه‌زاوه‌ته بسپێرین به مێژوو و ئه‌و که‌سانه‌ی که سه‌یری ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان ده‌که‌ن.
به‌ڕێز خالید سیاده‌ت، هه‌موو ڕه‌خنه‌کانی خۆم له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵای موهته‌دی و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ڕیبه‌ری ئێوه و خۆت باسکردووه. دژ به جیایی ئێوه بووم له حیزبی کمونیست(هه‌ڵبه‌ت به‌م جۆره‌ی که ئێوه به‌ڕێوه‌تانه‌وه برد). ئه‌وه‌ی که ئێوه‌ی تووشی ئه‌م قه‌یرانه کرد " بێ‌هووییه‌تی" ئێوه بوو، ڕۆژێک چه‌پ و سۆسیالیست بوون، ڕۆژی دوواتر ئه‌وه‌نده به‌ره‌و ڕاست ده‌رۆیشتن که قێزه‌ونانه بوو. ئه‌ملا "چریکی اکثریت"، ئه‌ولا کوڕی شا. زه‌حمه‌ت نه‌بێ، ئاوڕێک له نووسراوه‌کانی خۆتان سه‌باره‌ت به " به‌ره‌ی کوردستانی" بده‌نه‌وه که چۆن نزمایه‌تی به کۆمه‌ڵه ده‌که‌ن. ڕۆژهه‌ڵات تی‌ڤی، که له هه‌موو شتێک ده‌چوو به‌ڵام له کۆمه‌ڵه نه ده‌چوو، ببوه مه‌یدانی ڕمبازێنی ئه‌و کسانه‌ی که به نوسراوه و له کتێبی خۆیاندا، کۆمه‌ڵه‌یان به هه‌موو شتێک تاوانبار کردووه. ئێوه، بۆ پاراستنی قازانجی به‌رته‌سکی ڕێکخراوه‌یی، که‌وتنه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بانگه‌واز بۆ مانگرتنی سه‌راسه‌ی له کوردستان، به‌دوای کوشتنی شوانه‌ی قادری له شاری مه‌هاباد و ئاخێزه‌کانی شاره‌کانی کوردستان له هاوینی ساڵی 2005، و ڕاگه‌یاندنه جوانه‌که‌تان به‌په‌له له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌کانی خۆتان لابرد. ئێوه‌ن که نه ته‌نیا ته‌وزیحێک، به‌لکوو ده‌یان ته‌وزیح، به خه‌ڵکی کورد قه‌رزدارن، ئێوه‌ن، که به خشکه، چاو له‌و هه‌ڵه زه‌به‌لاحه سیاسییه‌تان ده‌قوچێنن. ئێمه هیچ نیازێکمان به " ده‌سته‌به‌ر‌کردنی مه‌شروعییه‌ت و حه‌قانییه‌تێک بۆ خومان نیییه". ئێوه‌ن، که به خه‌ڵکی کورد ده‌ڵێن " له سه‌فه‌ری خۆمان بۆ ئه‌مریکا خۆشبینین"، ئێوه‌ن که به جێگای پشت‌ئه‌ستوربوون به خه‌باتی جه‌ماوه‌ر‌یی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و روناکبیران، بایه‌خێکی زۆر گه‌وره‌تان به دیپلۆماسی دا. " سیاسه‌تی ئینتزاریش به‌ڕاستی ئێوه‌ن ڕه‌چاوه‌ی ده‌که‌ن". ئێوه‌ن که، هه‌ر به زیادبوونی دوو ده‌نگ، ده‌ستتان خسته تینتینۆکه‌ی هاورێیانی تا دوێنیی خوتان و به شێوازی " کمونیسم کارگری"، که‌وتنه پاڵاوتن و " تصفیه". لانیکه‌م ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێوه‌م به هه‌ڵوێستێکی شۆڕشگێرانه و سۆسیالیستی نه‌ده‌زانی و به‌ڕاستی دووربوون له هه‌ڵوێسته‌کانی رابوردووی کۆمه‌ڵه. که‌س یان که‌سانێک ئه‌گه‌ر " ڕیبازی فیکری و سیاسییشیان" نه هێنابێته سه‌ر کاغه‌ز، ئه‌مانه‌یان ده‌ده‌یت و بێزاری خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌رده‌بری و پێیان ڕاد‌ه‌گه‌یاندن. هیچ نه‌بێت، ئێمه خاوه‌نی ئه‌م کارنامه جوانانه‌ی ئێوه نین. زۆریش به‌داخه‌وه‌م که ئێوه و باقی حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستان، ره‌خنه‌گرتن و ڕه‌خنه‌گه‌ری، به دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌زانن.
سیاسه‌تی لوکس؟!
که‌سێک که خۆی به کۆمه‌ڵه و ڕه‌وتی سۆسیالیستی له کوردستاندا بناسێت، به‌ڕاستی، له‌م ڕووداوانه‌ی، وه‌ک ته‌قه‌کردن له یه‌کتر له نێو بنکه‌کانی کۆمه‌ڵه و په‌یتا‌په‌یتا هاتنی هێزی ئاسایش و جێگیربوون و دابینبوونی ئه‌م هێزه بۆ هێدیکردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌که له‌م بنکانه، خه‌جاله‌ت ده‌کێشێت. نوسراوه‌کانی ئێمه له‌دژی ئه‌م کاره‌ساتانه بووه و به‌س. ددانمان له‌گه‌ڵتان که‌وت به‌ڵام، له‌به‌ر خۆبه‌زلزانی و قۆره‌ده‌ماغی، جوابی که‌س نادنه‌وه و مێشێکتان لێ‌میوان نییه!! بۆچوونتان سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی و مرۆڤ وه‌ک ئه‌وانی‌ترتان وایه. خ.س سه‌باره‌ت به ئێمه‌مانان ده‌ڵێت: " کوا ئه‌وه وه‌زیفه‌ی سیاسیه بۆ خوتانتان دیاری کردوه، بۆ دڵتان به‌و جوره له کاری سیاسی خۆشه، کوا مرۆڤی شووڕشگێر و سوسیالیست، که ئێوه به‌رده‌وام باسی ده‌که‌ن به‌وه‌نده وه‌زیفه بۆ خۆی رازیه. تا چه‌نده ده‌کرێ نانی چالاکی و پیاوباشی ساڵانی ڕابۆردو بخۆی، ئێوه له مێژه خه‌ریکن له حیسابی ئیعتباریه‌که‌تان خه‌رج ده‌که‌ن. بروا بکه‌ن شۆڕشگێری ڕاسته‌قینه واناکا کۆمه‌ڵه و بزوتنه‌وه‌ی کوردستان و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان پێویستیان به‌وه‌یه بارێک له سه‌ر شانیان سوک که‌ی".
به‌ڕاستی، ئێوه باره‌که‌تان له سه‌ر شانی خه‌ڵکی کورد چاک سووک کرد!! ده‌ستتان خۆش بێت!! "شۆڕشگێری ڕاسته‌قینه" هه‌ر ده‌بێت وه‌کوو ئێوه بکات!!!. که هێزی ئاسایشی سلێمانییه‌شتان هێنده هێناوه‌ته سه‌ر خۆتان که لێتان وه‌ڕه‌ز بوون!! له لایه‌کی‌تره‌وه، هه‌ر که‌س خۆی موختاره که چ وه‌زیفه و ئه‌رکێکی سیاسی بۆخۆی دیاری ده‌کات. لێره‌دا ناکرێت ببیته ماموستای ئه‌خلاق و به‌ربیته ئامۆژگاری و نه‌سیحه‌ت و دیاری کردنی راده‌ی زۆر و که‌میی وه‌زیفه‌ی سیاسی بۆ ئه‌م و ئه‌و. شێوه‌ی خه‌بات و ڕاده و میزانی خه‌باتی سیاسی، بۆ که‌سێک که له ناو ڕێکخراوێکدا نییه، که‌س ناتوانێت بۆ که‌سێکی‌تری دیاری بکات. پرسیار ئه‌وه‌یه، ئێوه به ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چیتان کردووه که خه‌ڵکانی‌تر نه‌یکردووه؟! وادیاره ئه‌گه‌ر چاوتان به ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان له وڵاتێکی وه‌ک سوئێد که‌وت و یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی " کنگره مليتهای ايران فدرال " تان گرت، ئه‌وه سۆسیالیستییه؟!
به‌ڵام خاڵێکی گرنگ، و له‌راده‌به‌ده‌ر هه‌ڵه، له بیروڕای خ.س، هه‌ڵسه‌نگاندنی کادر و پێشمه‌رگه و هه‌ڵسووڕێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌یه، که به هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێکخراوانه نه‌ماون و سه‌ر به هیچ لایه‌نێک نین. ئه‌م به‌ره‌یه، دڵسۆزی کۆمه‌ڵه‌ن و مێژووی کۆمه‌ڵه به هی خۆیان ده‌زانن، به سه‌رکه‌وتنه‌کانی شاد و به لاواز بوونی کز ده‌بن. کۆمه‌ڵه موڵکی هیچ تاکه که‌سێک نییه. بۆچوونی خالێد سیاده‌ت( دیاره ئه‌وه سیاسه‌تی زاڵ له ناو حیزبه‌که‌یاندایه، نوسراوه‌ی به‌همه‌نی عه‌لییار زۆر به‌زه‌قی له‌م باره‌وه ده‌دوێت) ئه‌وه‌یه که تا له ناو ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌دا بووین " چالاک و پیاوباش" بووین، به‌ڵام ئێستا "ناچالاک" و "پیاوخراپین". ئێمه‌مانان، ئێستا ئیعتبارێکمان نه‌ماوه و " له مێژه خه‌ریکین له حیسابی ئیعتباریه‌که‌مان خه‌رج ده‌که‌ین". به واته‌یه‌کی‌تر ئیعتبارمان نییه و " تاریخی مصرفمان ته‌واو بووه"!!!. ئه‌وه‌ی کێ ئیعتباری هه‌یه و کێ نییه‌تی، باش وایه خوێنه‌ران قه‌زاوه‌تی له‌سه‌ر که‌ن.
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر له کوردستان بوویت( بنکه‌کانی کۆمه‌ڵه له ده‌وروبه‌ری سلێمانی) میداڵی شۆڕشگێریت ئۆتۆماتیک به‌شانه‌وه هه‌ڵده‌واسرێت!!، له‌وێ، گوایه خه‌ریکی پێکهێنانی "یه‌کیه‌تیی" ڕه‌وتی کۆمه‌له‌ن. له‌وێ، گوایه خه‌ریکن بار له‌سه‌ر شانی خه‌ڵکی کورد که‌م ده‌نه‌وه. له‌وێ گوایه، خه‌ریکن موژده‌ی هیوا و یه‌کگرتوویی و نزیکبوونه‌وه ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئورووپا بوویت، ئۆتۆماتیک خاوه‌نی میداڵی ناشۆڕشگێریت، خه‌ریکی تووی دووبه‌ره‌کایه‌تی ده‌چێنیت، خه‌ریکی بارقورسترکردن له سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانی!! به‌ڕاستی به‌م بیروبۆچونانه‌تان، ئه‌ندامانی " شۆڕشگێر و سۆسیالیستی" باش په‌روه‌ده ده‌که‌ن!!!!!!!!! هێنانه‌گۆری باس له‌م چه‌شنه ئاستێکی زۆر نزمی هه‌یه و به‌س.
خ.س له‌درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ده‌ڵێت که :" به ڕاستی ئه‌وه مۆدێلیکی نوێ و زۆر لوکسی سیاسه‌ت کردنه که ئێوه له مانگه‌کانی ڕابۆردودا پێشکه‌شی بازاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتتان کردوه. سه‌رده‌می لاوی ئێوه و خه‌باتی ئێوه له کۆمه‌ڵه‌دا ئه‌ڵبه‌ته جێگای ڕێزه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌رکی خۆتانه پارێزگاری لێ‌بکه‌ن. "
من به سه‌همی خۆم، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌کانی ئێوه، پارێزگاری له خه‌باتی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که له کۆمه‌ڵه‌دا خه‌باتیان کردووه، به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم، ئه‌وانه که‌سانێک بوون که بۆ ڕزگاری چینی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێشی کورد، بۆ خه‌باتی گه‌لی کورد بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئینسانیی خۆی، خه‌باتیان کردووه، ئه‌وانه که‌سانێک بوون بۆ ئازادی و سۆسیالیسم، بۆ نه‌مانی بێعداڵه‌تی و زوڵم و زۆر، خه‌باتیان کردووه و هاوسه‌نگه‌ر و هاوخه‌باتی من بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئێستا وه‌ک یه‌ک بیر نا‌که‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر باسێک له "سه‌رده‌می لاوی" ئه‌م که‌سانه بێته گۆری، بۆچی داکۆکی‌یان لێنه‌که‌م؟ ئێوه سه‌یری مرۆڤ وه‌ک " ابزار" ێک ده‌که‌ن و ئه‌م بۆچوونه به‌و نه‌تیجه‌یه و ئاکامه‌تان ده‌گه‌یێنێت.
به‌ڵام با بێینه سه‌ر " ئیمزاکۆکردنه‌وه". یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که له خه‌باتی سیاسیی‌دا، ناکرێت سنوور دا‌نێت که ئه‌م شێوازه غه‌له‌ته یان دروسته، شێوازی خه‌باتکردن ده‌کرێت، مانگرتن بێت، خۆپێشاندان بێت، مانگرتن له خواردن بێت، ئیمزاکۆکرنه‌وه بێت و هتد. ئیمزاکۆکردنه‌وه(طومارنویسی) سه‌رده‌مێکی زۆر له ناو جوڵانه‌وه‌ی سیاسی له ئێران‌دا باو بوو. ئه‌م چه‌شنه چالاکییه، چ بۆ وڵاتانی دیکتاتۆری و چ بۆ وڵاتانی دێمۆکراتیک گونجاوه. له وڵاتانی پێشکه‌وتوی ئورووپا، ئیمزاکۆکردنه‌وه زۆر شتێکی ئاسایییه. ئه‌مه نه لۆکسه و نه نالۆکسه، به‌ڵکوو شێوازێکه بۆ راکێشانی سه‌رنجی رای گشتی و ده‌ڕبرینی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له دژی په‌رله‌مان، ده‌وڵه‌ت، دایره‌ی په‌نابه‌ران و یان داکۆکیکردن له مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و یان تاکه‌که‌سی. له‌م جۆره چالاکییانه‌دا( ئیمزاکوکردنه‌وه) تیپی جۆراوجۆر دیته مه‌یدانه‌وه که ته‌نانه‌ت یه‌کتریش ناناسن، خاوه‌نی بیروبۆچوونی جیاوازن به‌لام له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له تایبه‌ته، ناویان ده‌خه‌نه په‌نای ناوی یه‌که‌وه.
ڕۆژ نییه، که له‌ناو شه‌قامه‌کانی شاره‌کانی ئورووپادا، تووشی چه‌ندین تاقم و گروپ نه‌بیت که خه‌ریکی ئیمزاکۆکردنه‌وه‌ن. که‌سیش به‌رپرسی ئیمزای که‌سی‌تر نییه، به‌و مانایه که شته‌که شه‌خسییه. بۆ وێنه، ماوه‌یه‌ک له‌وه‌پێش، نوسراوه‌یه‌کم ئیمزاکرد( له سوئێد) له‌دژی ڕاگواستنی کورده‌کانی کوردستانی عێراق بۆ کوردستان. ناوه‌رۆکی نوسراوه‌که، دژی کارێکی نامرۆڤانه بوو و هه‌ر به‌م هۆیه ئیمزام کرد. ڕه‌نگه دوای من چه‌ند نه‌فه‌ری پیاوخراپیش ئیمزایان کردبێت. که ئیتر من به‌رپرسایه‌تیی ئه‌وانم نییه و بۆچی ناویان هاتۆته په‌نای ناوی منه‌وه، وڵامده‌ری نیم. به قه‌ولی دوستێک، ئیمزاکردن وه‌ک خۆپیشاندان وایه، چاک و خراپی تێوه دێت، به‌ڵام له به‌ر‌حه‌قبوونی خۆپیشاندانه‌که که‌م نابێته‌وه.
قسه‌ی ئاخر، ڕه‌خنه‌گرتن و ڕه‌خنه‌گه‌ری سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤه و به بیانووی نه‌بوونی " پرۆژه و به‌رنامه‌ی سیاسی" حه‌قتان نییه ئه‌م مافه پێشێل بکه‌ن و بیخه‌نه ژیر پرسیاره‌وه. ڕه‌وتی سۆسیالیستی و پیشکه‌وتوو و عداڵتخواز له ناوه‌وه‌ی کوردستان، به هاوخه‌باتی و هاریکاری هه‌ڵسوڕێنه‌رانی سیاسیی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بێگومان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن که ڕه‌ۆتێکی نوێی پێک‌بینن. ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سۆسیالیست و عه‌داڵتخواز، که دڵی به ڕێکخراوێکی زه‌رده‌ڵ و نه‌خۆش نییه، پێویستییه‌کی مێژویی هه‌یه به وڵامدانه‌وه به خاڵه گرنگه‌کانی سیاسی سه‌رده‌می ئێستا و دووارۆژ. هه‌ڵوێسته‌کان و هه‌ڵسووکه‌وته‌کانی ئێوه و به‌ره‌ی چاکسازی و حیزبی کۆمونیستی ئێران، به‌کرده‌وه خۆی له‌و ڕه‌و‌ته وه‌ده‌رهاویشتووه. ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یکه‌ن پارێزگاری له پرێنسیپه‌کانی کۆمه‌ڵه نییه و سیاسه‌تی شه‌لم، کوێرم، ناپاریزم، سیاسه‌تێکی ژ‌ه‌نگاوییه و ماوه‌ی به‌سه‌ر چووه.
هاشم ڕه‌زایی 2008-05-02
hashem91@hotmail.com